ئەنجومەنی شارەوانی عەفرین بانگەوازی لە یونیسێف کرد

ئەنجومەنی شارەوانیی گەلی هەرێمی عەفرینی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربارەی بڕیاری یونیسێف بۆ بڕینی ئاوی خواردنەوە لەسەر کۆچبەرانی عەفرین، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

شەهبا

 

ئەنجومەنی شارەوانیی گەلی هەرێمی عەفرین، داوای لە ڕێکخراوی یونیسێف کرد، کە واز لە بڕیاری کەمکردنەوەی ڕێژەی وەرگرتنی ئاو بۆ کۆچبەرانی عەفرین لە کانتۆنی شەهبا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بهێنێت، لە بەیاننامەیەکیشدا کە لەبەردەم ئەنجومەنی شارەوانی گەل لە گوندی تل سوسین-ی سەر بە ناوچەی ئەحداسی شەهبا خوێندرایەوە، تێیدا هاتبوو: نزیکەی سێ ساڵ و نیو بەسەر داگیرکردنی عەفریندا تێدەپەڕێت، هەروەها هاوڵاتیانی کۆچبەری عەفرینیش لە ناوچەکانی شەهبا و حەلەب جێگربوون، یونیسێف بە سوپاسەوە ئاوی بۆ ئەو کۆچبەرانە دابین دەکرد.

 

هەر لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە کە پێشتر ٢٥٠٠م.سێجا ئاو بۆ کامپی کۆچبەران دابین دەکرا، بەڵام لە ١١ی مانگەوە کەمی کردووە بۆ ١٠٠٠م.سێجا و ئەوەش بەشی کۆچبەران ناکات و ٣٨ گوند و سێ ناوچەی شەهبا ڕووبەڕووی بێ ئاوی بوونەتەوە، بۆیە داوایان لە یونیسێف کرد کە جارێکی دیکە بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە و مافی کۆچبەران بپارێزێت.

 

ت.پ