ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پەیەدە لە هێرشی تشرین گیانی لەدەستدا
مەنیجە حاجۆ حەیدەر، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پەیەدە و هاوسەرۆکی نوسینگەی قامیشلۆی پەیەدە، لە هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ئێشکگری بەنداوی تشرین گیانی لەدەستدا.
ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" لە ڕاگەیەندراوێکی نووسراودا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی ناسنامەی مەنیجە حاجۆ حەیدەر، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پەیەدە و هاوسەرۆکی نوسینگەی قامیشلۆی پەیەدەی ڕاگەیاند.
ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیە:
ماوەی ٣٨ ڕۆژە هێرشێکی سیستماتیک بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدراوە، ئەم هێرشانە ژێرخانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج، بەتایبەت بەنداوی تشرین کە دەماری ژیانی ملیۆنان کەسە لەم ناوچەیە، ئەم هێرشانە نەک هەر مەترسی لەسەر سەقامگیری و ئاشتی دروست دەکەن، بەڵکو ئامانجیان بەدیهێنانی پلانە کۆلۆنیالیەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نوێ و لەناوبردنی گوزەرانی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە.
سەرەڕای ئەم هێرشە دڕندانە و بێوچانانە، ڕۆژانە قەسەدە و یەپەژە داستانی قارەمانێتی دەنووسن و ئەم بەرخۆدانەش لەسەر بنەمای ئیرادەی خەڵکی ناوچەکەیە کە ڕەتیدەکەنەوە ڕادەست بن و پشتیوانی هێزەکانیان دەکەن، ئەو بەرخۆدانەی کە تا ئێستا لە بەنداوی تشرین بەردەوامە، تەنیا شەڕی پاراستنی خاک نییە، بەڵکو شەڕە بۆ بوون و مێژوو، بۆ ئازادی و کەرامەت.
دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی هێرش دەکاتە سەر خەڵکی مەدەنی کە ئێشکگری بەنداوی تشرین دەکەن، ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک جارێکی تر هێرشی کردو کۆمەڵکوژییەکی دڕندانەی ئەنجامدا، لە ئەنجامدا چوار هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و هاوڵاتییەکی زۆریش بریندار بوون، هەموو ئەمانە لە نێوان بێدەنگی نێودەوڵەتیدا ڕوودەدەن، ئەم تاوانە بەردەوامانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانن و بۆ تۆماری جینۆساید و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی ڕژێمی تورکیا زیاد دەکەن.
ئێمەی ئەنجومەنی گشتی پەیەدە، بەداخەوە بە کۆچی دوایی مەنیجە حاجۆ حەیدەر، ئەندامی ئەندامی گشتیی پارت و هاوسەرۆکی نوسینگەی قامیشلۆی پەیەدە، هاوشانی شەهیدبوونی سێ هەڤاڵانی دیکەی ئێشکگری ڕادەگەیەنین.
هەڤاڵ مەنیجە حاجۆ حەیدەرو قوربانیدان بوو، بە درێژایی ژیانی بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە دۆزی ژن و دۆزی گەلەکەی مامەڵەی کردووە، تا کۆتایی درێغی نەکرد لە خزمەتکردنی گەلەکەی و دۆزی خۆی.
ئێمە ئەنجومەنی گشتی پەیەدە بە توندی ئەم کۆمەڵکوژییە دڕندانەی دەوڵەتی تورکیا لە دژی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیدانە دەکەین و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە یاسایی و مرۆییەکان دەکەین کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و کۆتایی بەم هێرشە دڕندانەی دژ بە گەلەکەمان بهێنن.
پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهید و سەرجەم خانەوادەی ئەو شەهیدانە دەکەین کە لە بەرخۆدانی بەنداوی تشرین گیانی خۆیان لەدەستدا، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، ڕایدەگەیەنین کە خوێنی پاکتان دەبێتە ڕووناکی بۆ ئێمە لەسەر ڕێگای ئازادی، بەڵێنی خۆمان بە گەلەکەمان و شەهیدان دووپات دەکەینەوە کە بەردەوام بین لە خەبات و بەرخۆدان تا گەیشتن بە ئامانجەکانی ئازادی و دادپەروەری و ئاشتی.