ئەمساڵ وەک پشتیوانییەک بۆ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان مەراسیمی پیرشالیار ئەنجام نەدرا
مەراسیمی پیرشالیار بۆنەیەکی نەتەوەیی و ئاینی کوردە و هەموو ساڵێک لە وەرزی زستاندا بەڕێوەدەچیت، بەڵام ئەمساڵ وەک پشتیوانییەک بۆ دۆخی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان مەراسیمەکە ساز ناکرێت.
ناوەندی هەواڵ
بەڕێوبەرانی مەراسیمی پیرشالیار بە بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەک بۆ ڕای گشتی ڕایانگەیاند، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی سەر شەقام لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان و هاوسۆزی و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی ئەو شەهیدانە، ڕێوەڕەسمی دێرین و ئایینیی زەماوەندی پیرشالیار لە هەورامان بەڕێوە ناچێت.
ساڵانە لە وەرزی زستاندا و لە نیوەی مانگی کانوونی دووەمدا لە هەورامانی تەخت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەراسیمی پیرشالیار بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوەدەچێت، کە بۆنەیەکی نەتەوەیی کوردە و تەمەنی نزیکەی هەزار ساڵە، بە سەدان گەشتیار و دەزگای ڕاگەیاندن ئامادەی مەراسیمەکە دەبن.
زەماوەندی پیرشالیار بۆنەیەکی نەتەوەی کوردە و لە ناوچەی هەورامانی تەخت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا هەتا ئەمڕۆ یادی کراوەتەوە، خەڵکی کوردستان گرنگی بە یادکردنەوەکە دەدەن و هەر لە کۆنەوە بوونی گڵکۆی "پیرشالیار" بە فەڕ و بە بەرەکەت دەزانن.
سەرەڕای ئەوەش کەسانی زانا دەوری ڕێبەرایەتییان گێڕاوە و خەڵکیان بەرەو ئامانجە بەرز و پیرۆزەکان ڕێنوێنی کردووە، چونکە "پیر شالیار" لەو ڕێبەرانەیە کە دوو قۆناغی مێژوویی نەتەوەکەمانی لێک گرێداوە و ڕێبەری خەڵکی بەشێک لە کوردستان بووە، ئەم پیرە لە هەورامانی تەخت بیری فەلسەفی و ئایینی و کۆمەڵایەتیی پەرەپێداوە و خەڵکیش باوەڕێکی قووڵیان پێی هەبووە.
مەراسیمی"پیرشالیار" لەو مەراسیمە گرنگانەیە کە لەلایەک ڕەسەنایەتی و دەوڵەمەندیی ناوچەی هەورامان نیشان دەدات و لەلایەکی دیکەوە دەرفەتێکی تایبەتە بۆ گەشەی گەشتیاریی ناوچەکە.