ئەمڕۆ لە سلێمانی خۆپیشاندانی گەورەی جەماوەری بەڕێوە دەچێت
بە دروشمی "سلێمانی بەرەو خۆپیشاندانی ملیۆنی" بڕیارە ئەمڕۆ لە سلێمانی بۆ پشتیوانی لە بەرخودانی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان خۆپیشاندانێکی گەورەی جەماوەری بەڕێوەبچێت و داوا لە هەموو کەس و لایەنێک دەکرێت بەشداری خۆپیشاندانەکە بن.
سلێمانی
بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر ٢:٣٠ی پاشنیوەڕۆ لە بەردەم باخی گشتی سلێمانی خۆپێشاندانێکی گەورەی جەماوەری وەک وڵامێکی نەتەوەیی بەرانبەر هێرشە داگیرکارییەکان لە سەر ڕۆژئاوا لەژێر ناوی "هەینی هەڵوێست لە کوردستان" بەڕێوە دەچێت.
خۆپیشاندانەکە بە دروشمی "سلێمانی بەرەو خۆپیشاندانی ملیۆنی" ئامادەکاری بۆ کراوە و بانگەواز دەکرێت یەک ملیۆن کەس تێدا بەشداری بکەن.
ئامانج لەم خۆپیشاندانە ملیۆنیە نیشاندانی یەکێتی گەلی کورد و گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتییە بە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، تاوەکو فشار بخەنە سەر دەوڵەتی داگیرکەری تورک و گرووپە چەتەکانی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و پاراستنی ژیانی گەلی ڕۆژئاوا.
ڕێکخەرانی چالاکییەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە هەر کوردێک لەم قۆناغەدا بەشدار بێت، چونکە پاراستنی ڕۆژئاوا ئەرکێکی نەتەوەییە و نابێت ڕێگە بدرێت پیلانەکان بۆ لەناوبردنی سیستەمی ڕۆژئاوا سەرکەوتوو بن.