ئایشەگوڵ دۆغان: ٤٠ ڕۆژە دیدار لەگەڵ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام نەدراوە

ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند کە شاندەکەیان ٤٠ ڕۆژە نەیتوانیوە دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام بدات.

ناوەندی هەواڵ

 

ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" لە ناوەندی گشتیی دەم پارتی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەست و ڕۆژەڤەکانی هەڵسەنگاند ئاماژەی بەوەکرد، دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی دەم پارتی لە کۆبوونەوەکانی خۆیدا گەشەسەندنە گرنگەکانی تاوتوێ کردووە و وتی: پرۆسەی یاسای چوارچێوە ڕۆژەڤی سەرەکییە. چاوەڕوانیی گەل بۆ دیموکراتیکبوونی تورکیا هەیە. بەڵام بەداخەوە ئێمە ناتوانین هیچ شتێکی ئەرێنی لەبارەی دیموکراتیکبوونی تورکیاوە بڵێین. کۆمیدیاکارێک بە ناوی دەنیز گۆکتاش دوێنێ دەستبەسەر کرا. پێویستە ئەم ڕێوشوێنانەی دژ بە دیموکراسی هەڵبگیرێن. ئێمە پشتیوانیی خۆمان بۆ دەنیز گۆکتاش ڕادەگەیەنین و دەڵێین دەبێت ئەم ڕێوشوێنە نایاساییانە کۆتاییان پێبێت.

 

ئایشەگوڵ دۆغان سەرنجی خستە سەر پێشهاتەکانی "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" و گوتی: "دەم پارتی بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بگاتە ئەنجام و زەمینەی دیموکراسی بەهێز بکرێت، بە هەستیارییەوە جووڵاوەتەوە. بەڵام بەداخەوە لەم ماوانەدا زانیاریی نادروست و بانگەشەی قبوڵنەکراو بڵاو دەکرێنەوە، کەچی بەرپرسانی دەسەڵات لە بەرانبەر ئەم زانیارییانە بێدەنگن. ئێمە لە سەرەتادا دەڵێین ئەگەر بنەمایەکی یاسایی نەبێت، مەترسی دێنە بەردەم پرۆسەکە. بۆیە دەبێت خشتەیەکی زەمەنی دیاری بکرێت. لەم ڕۆژانەی دواییدا زانیاریی ئەرێنیش هەن؛ لەسەر کاتی یاسای چوارچێوە لێکتێگەیشتنێک هەیە، بەڵام بۆ دیاریکردنی خشتە زەمەنییەکە هیچ شتێک دیاری نەکراوە. لێکتێگەیشتنەکە لەسەر ئەوەیە کە بەر لەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی هاوینە، یاسای چوارچێوە بخرێتە کارنامەی پەرلەمانەوە.

 

ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند تەڤگەری ئازادی و گەلی کورد هەنگاوی پێویستیان ناوە بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە، دیموکراتیکبوون پێویستی بە گەرەنتی یاساییە و ئەمەش دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵات، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕاگەیاندراوی ٢٧ـی شوبات ئاماژەی بە پێویستیی دەرکردنی یاساکان کردووە.

 

هەروەها تیشکی خستەسەر ڕاپۆرتە هاوبەشەکەی کۆمیسیۆنی پەرلەمان و وتی: سەرۆکی پەرلەمان، بەڕێز نوعمان کورتولموش لەسەر یاسای چوارچێوە دەڵێت نابێت دوابخرێت و نابێت هیچ شتێک لە دەرەوەی ئەم یاسایە بمێنێتەوە. ئێمەش هاوڕاین لەگەڵ ئەم قسانە. بەڵام هەر بەڕێز کورتولموش دەڵێت ئەم یاسایە تەنیا جارێک دەردەکرێت. بۆ ئێمە گرنگ نییە چەند جار دەردەکرێت، ئێمە دەمانەوێت چیتر کەس نەکوژرێت. دەبێت بە هیچ جۆرێک ئاستەنگ بۆ ئەم پرۆسەیە دروست نەکرێت، واتە ڕێگە لە بەردەم وروژاندن و ئاژاوەگێڕییەکان پرۆڤۆکاسیۆن بگیرێت. بەڕێز کورتولموش دەڵێت: "ئەوانەی هاتن، دێن، ئەوانەش نەهاتن ئەوا خۆیان دەزانن و دەرگایان لێ داخراوە". پێویستە بۆ ئەم پرۆسەیە زمانێکی ئەرێنی بەکار بهێنرێت. ئەم زمانە ڕاست نییە. دەبێت زمانێک بەکار بهێنرێت کە بڵێت دەرگا تا کۆتایی کراوە دەبێت. چاوەڕوانیی ئێمە لە بەڕێز نوعمان کورتولموش ئەوە بوو، بەڵام بەداخەوە زمانێک بەکار دەهێنێت کە نیگەرانی دروست دەکات.

 

ئایشەگوڵ دۆغان تیشکی خستەسەر ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەروەها بانگەوازەکەی باخچەلی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و بانگەوازی ڕێبەری بۆ ڕێکخستن بیرهێنایەوە، دوای ئەوەش ڕێکخستن بەگوێرەی ئەم بانگەوازە چەندین هەنگاوی گرنگی گرتەبەر، وتی: ئێمەش چەندین جار گوتوومانە کە دەبێت هەلومەرجی بەڕێز ئۆجالان بگۆڕدرێت. لەگەڵ ئەوەی کە ئەو دانوستانکاری سەرەکییە، بەڵام مەرج و بارودۆخی بەڕێز ئۆجالان نەگۆڕدراون. بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە دەبێت دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێنەوە و بەڕێز ئۆجالان بتوانێت لەگەڵ هەموو کەسێکدا دیداری هەبێت. سەرەڕای ئەوەی بەڕێز ئۆجالان پرۆسەکەی گەیاندووەتە ئەم قۆناغە، بەڵام مەرج و بارودۆخی باش نەکراون. گۆشەگیری هەم بەردەوامە و هەمیش دیدارەکان ئاستەنگ دەکرێن. بۆچی دەرگاکانی ئیمراڵی ناکرێنەوە؟ بۆچی شاندەکەی دەم پارتی ٤٠ ڕۆژە ناتوانێت لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان دیدار بکات؟ پێشنیازنامە بۆ ئێمە نەهاتووە. دەڵێن پێشنیازنامە بۆ بەڕێز ئۆجالان چووە و ڕەزامەندیی لەسەر داوە. بەڵام ئێمە چۆن ئەمە پشتڕاست بکەینەوە؟ شاندەکەمان ناتوانێت دیدار بکات. پارێزەران ناتوانن دیدار بکەن. ئێمە چۆن بزانین کە بەڕێز ئۆجالان ئەو پێشنیازنامەیەی قبوڵ کردووە؟ تەنیا ئەوە دەزانین کە لە ٢٥ی ئایاردا دیدارێک ئەنجامدراوە. ئێمە لەسەر ئاشتی سوورین و سووریش دەبین. ئێمە ئەم بڕیاردارییەی خۆمان بەردەوام دەکەین. ئەگەر ئێوە دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان بە ڕێکوپێکی ئەنجام نەدەن، ئەوا ڕێگە بۆ بنبەستبوونی پرۆسەکە خۆش دەکات. بەڕێز ئۆجالان دەڵێت: "دواخستنی پرۆسەکە مەترسی دروست دەکات.

 

ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە ئامادەکارییەکان بۆ کۆنگرەی پارتەکەیان بەردەوامە و وتی: دروشمی کۆنگرەکەمان دیار بوو. ئێمە بە درووشمی "بۆ کۆماری دیموکراتیک، کۆمەڵگەی ئازاد و ڕێکخراو" کۆنگرەکەمان بەڕێوە دەبەین و خۆمان بە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە دەگەیەنین. ئێمە لە قۆناغێکی گۆڕان و وەرچەرخانداین و گفتوگۆی ئەم بابەتە دەکەین. بەرنامەی پارتەکەشمان ئامادە دەکرێت. بەرنامەی پارتەکەمان هەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکان لە خۆ دەگرێت و لەسەر بنەمای ئیرادەی ناوخۆیی دەبێت. ئێمە دوای کۆنفرانسەکان لە شارەکاندا، کۆنفرانسە هەرێمییەکان بەڕێوە دەبەین و دواتر لە ٢٠-٢١ـی ئاب کۆنگرەی ژنان و لە ٢٢-٢٣ی ئاب کۆنفرانسە گەورەکە ئەنجام دەدەین. پاش ئەم کۆنفرانسەش، کۆنگرە مەزنەکەمان ساز دەکەین.

 

ئایشەگوڵ دۆغان لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان لێکتێگەیشتن بۆ یاسای چوارچێوە زۆر بە گرنگ دەزانن و وتی: لە مانگی تەمووزدا یاسای چوارچێوە دەکەوێتە کارنامەی پەرلەمانەوە. بەڵام ڕێکەوتەکە ڕوون نییە. هێشتا ئێمە ناوەڕۆکی یاسای چوارچێوە نازانین. نازانین چی ئامادە کراوە. زۆر زانیاری بڵاو دەبنەوە، بەڵام نازانین ئایا ڕاستن یان نا. شاندەکەمان چەندین کۆبوونەوەی ئەنجام داوە؛ کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئاکەپە کردووە و لەسەر یاسای چوارچێوە دانوستان کراوە، بەڵام تا ئێستا ڕەشنووسی یاساکە لەگەڵ ئێمەدا هاوبەش نەکراوە. پێویستە ئەم ڕەشنووسە لەگەڵ ئێمە و پارتە سیاسییەکاندا هاوبەش بکرێت و دوای گەیشتن بە لێکتێگەیشتن، بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.

 

ئایشەگوڵ دۆغان سەبارەت بە پرسی قەیومەکان ئاماژەی بەوە کرد کە ماوەی قەیومەکان درێژ دەکرێتەوە و هیچ پێشهاتێکی نوێ بۆ هەڵگرتنی قەیومەکان نییە و وتی: پێویستە ئەم سیاسەت و ڕێوشوێنەی قەیوم بە تەواوەتی لە ئارادا نەمێنێت و هەڵبگیرێت.