ئایا سوڵحی عەشایەری چارەسەرە بۆ کەمکردنەوەی تاوان؟

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوانەکاندا، کەمترین ڕووداو دەبرێتە بەردەم دادگا، بەڵکو لە ڕێگەی سوڵحی عەشایەرییەوە چارەسەر دەکرێن، پارێزەرێکیش ئەم ڕێگەیە بۆ پاڵنەری بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان ناودەبات.

ناوەندی هەواڵ

 

 هەرچەندە لە باشوری کوردستان بەردەوام بانگەشە بۆ سەروەری یاسا و پەنابردنە بەر دادگا دەکرێت لە کێشە و ڕووداوەکاندا، بەڵام زۆرن ئەو تاوان و ڕووداوانەی لە ڕێگەی سوڵحی عەشایەرییەوە چارەسەر دەکرێن و کەیسەکە دادەخرێت.

 

لەو بارەیەوە پارێزەر پڕوشە قەلەندەر کەسنەزانی لە پەیجی خۆیەوە لە فەیسبوک نووسیویەتی: "ئاستی ڕۆشنبیری تاک هەروەها کلتوری بیرکردنەوەی کۆمەڵگە و پەروەردەکردن رۆڵی کاریگەر و گرنگ دەبینێت لەوەی تا چەندێک پەنا بۆ دادگا و یاسا ببرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان".

 

دەشڵێت:" بێگومان پەنا بردن بۆ سوڵحی عەشایەری دەکرێت ئاشتی کۆمەڵایەتی بەرهەم بهێنێت، بەڵام بە هیچ جۆرێک ناکرێت وەک چارەسەر سەیر بکرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە پاڵنەرێکە بۆ ئەنجامدانی تاوان کاتێک کەسەکە ترس لە دڵیدا نامێنێت و لە هەندێک باردا بە پاڵەوان و ئازا سەیر دەکرێت و ئەوانەی دەوروبەری پشتی دەگرن و پاساو بۆ کارەکەی دەهێننەوە، ئەوەش وادەکات ئەو دیاردەیە ڕوو لە زیادبوون بکات".