ئاوارە نەورۆز فلامەرز: ژنان توانایەکی بەرچاویان لە بەڕێوەبردن و ئەنجامدانی کارەکاندا هەیە
ئاوارە نەورۆز فلامەرز، بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزم و شیاندنی هەڵەبجە، جەخت لەسەر توانای ژنان لە بەڕێوەبردن دەکاتەوە و پەیامێک بۆ ژنان دەردەبڕێت: نەترسن و بە هەر کارێکەوە دەستپێبکەن.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-هەرچەندە عەقڵیەتی پیاوسالاری لە ڕابردوو و ئێستاشدا ژنانی لە ناوەندەکانی بڕیاردان پێ قبوڵ نییەو هەمیشە بۆ پۆستە باڵاکان ژنان پەراوێز دەخرێن، بەڵام ژنانێک هەن توانیویانە ببنە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییە جیاوازەکان و کارەکانیان بەرەوپێش ببەن، یەکێک لەو ژنانە ئاوارە نەورۆز فلامەرز، بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزم و شیاندنی هەڵەبجەیە.
ئاوارە نەورۆز لەبارەی ئەزموونی پیشەیی و کارگێڕیی خۆی، ئاستەنگییەکانی بەڕێوەبردنی سەنتەرێکی هەستیار و ڕۆڵی ژنان لە پۆستە بەرپرسیارێتییەکاندا، قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو باسی لە ئەزموون و دیدگا و پەیامی خۆی بۆ ژنان کردو ئاماژەی بەوەکرد، دەرچووی بەشی دەروونناسییە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە دەروونناسیی گشتی و ماستەری لە دەروونناسیی کلینیکی هەیە، لە ساڵی ٢٠١٣ەوە دەستی بە کاری فەرمی کردووەو لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە تۆڕی پاراستنی منداڵانی تەوێڵە، وەک توێژەر کاری کردووە، دواتریش وەک وەرگرتەی بەرپرسیاری دایەنگەی هەڵەبجە دەستی بە کار کردووە، دوای چەند ساڵێک مۆڵەتی خوێندن، ئێستا ماوەی چوار ساڵە وەک بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزم و شیاندنی هەڵەبجە کار دەکات.
ئاستەنگەکانی بەڕێوەبردنی سەنتەرێکی هەستیار
لەبارەی ئەزموونی بەڕێوەبردنەوە، ئاوارە نەورۆز فلامەرز ئاماژەی بەوەکرد کە جۆری کار و ئاستی بەرپرسیارێتی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازە؛ بەڕێوەبردنی دامەزراوەیەک کە تەنها کاری کارگێڕی ئەنجام دەدات، لە بەڕێوەبردنی شوێنێکی هەستیار وەک سەنتەری ئۆتیزم و شیاندن ئاسانترە وتی: کارکردن لەم سەنتەرەدا تەنها پەیوەست بە منداڵان نییە، بەڵکو پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە دایک و باوکی منداڵەکانیشەوە هەیە؛ بۆیە پێویستی بە شارەزایی دەروونی و کۆمەڵایەتی و مامەڵەکردنی ورد و هەستیار هەیە، کارکردن لەم بوارەدا ئاسان نییە و شتێکی نامۆ بوو بۆ من، چونکە پێشتر ئەزموونی کاری کارگێڕیم هەبوو، بەڵام ئەوەی لە زانکۆ بە شێوەی تیۆری خوێندبووم، لەم شوێنەدا بە شێوەی پراکتیکی جێبەجێم کرد، هەرچەندە سەرەتای کارەکە ئاسان نەبوو و زۆربەی کارمەندانیش بە گرێبەست بوون، بەڵام بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆمان و هاوکاریی ستافەکە، توانیومانە سەنتەرێکی شیاندنی تەواو ئامادە و لە ئاستێکی باشدا بۆ شاری هەڵەبجە دابین بکەین.
"هەڵەبجە ژینگەیەکی گونجاوە بۆ بەڕێوەبەرانی ژن"
ئاوارە نەورۆز فلامەرز لەبارەی ئەوەی ژینگەی هەڵەبجە تا چەندە گونجاوە بۆ ژنێک کە پۆستی بەڕێوەبەرایەتی هەیە وتی: بوونی ژن لە پۆستی بەڕێوەبەرایەتیدا لە هەڵەبجە شتێکی نامۆ نییەو هیچ جیاوازییەک لەنێوان بەڕێوەبەری ژن و پیاودا نابینم، ژنان توانایەکی بەرچاویان لە بەڕێوەبردن و ئەنجامدانی کارەکاندا هەیە و ژینگەی هەڵەبجەش تا ڕادەیەکی باش گونجاوە بۆ ئەوەی ژنان ئەرکی بەڕێوەبردن بگرنە ئەستۆ.
ئامادەیە بەرپرسیارێتیی زیاتر بگرێتە ئەستۆ
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئەگەر ئەرکێکی قورستر یان پۆستێکی بەرزتری پێ بسپێردرێت، تا چەندە ئامادەیە، ئاوارە نەورۆز فلامەرز وتی: بە دڵنیاییەوە ئامادە، بەرپرسیارێتییەکی زیاتر بگرمە ئەستۆ و باوەڕم وایە دەتوانم بە باشی ئەو ئەرکە ئەنجام بدەم، ژنان کاتێک دەست بە هەر کارێک دەکەن، بە تەواوی خۆیان بۆ سەرکەوتنی تەرخان دەکەن. هەروەها بەهۆی ئەزموونی کارکردن، لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، خۆم بە ئامادە دەزانم بۆ ئەنجامدانی هەر ئەرکێک پێم بسپێردرێت.
پەیامی ئاوارە بۆ ژنان: نەترسن و دەست بە کار بکەن
ئاوارە نەورۆز فلامەرز لە کۆتایی قسەکانیدا پەیامێکی تایبەتی بۆ ژنان هەیە و داوایان لێ دەکات لە هیچ کارێکدا نەترسن و بە هەنگاوە بچووکەکانیش بێت، دەست بە جێبەجێکردنی ئامانجەکانیان بکەن وتی: ئەگەر لە کارێکدا هەست بە ترس دەکەیت، دڵنیا بە ئەو ترسە دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر بە جدییەوە مامەڵە لەگەڵ کارەکەت بکەیت و ئەو بۆشاییانە پڕ بکەیتەوە کە هەن، هەموو شتێک لە ژیاندا ئەزموونە، تەنانەت بەڕێوەبردنیش ئەزموونە، ئەو کارەی پێت دەسپێردرێت، وەک ژنێک بە بەرپرسیارییەوە بیگەیەنە ئامانج، چونکە ئەم ئەزموونانە دەتوانن لە داهاتوودا هەنگاوەکانت بەرەو سەرکەوتنی زیاتر بەرن.