ئاشنا عەبدوڵا: قەوارەی هەرێم و خاک و خەڵک لەژێر مەترسی داگیرکاری تورکیادایە

ئاشنا عەبدوڵا دەربارەی بڕینەوەی دار و تێکدانی دارستانەکانی کوردستان و بەتایبەت باشوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەڵێت "ناکرێت خەڵک خۆبەخشانە ئاگاداری سروشت بن و تورکیا تاڵانیان بکات".

ناوەندی هەواڵ

 

ئاشنا عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە فەیسبووک، باس لە تاڵانکاری و بڕینەوەی داری دارستانەکانی باشوری کوردستان دەکات و دەڵێت: ناکرێت خەڵک بێ پاداشت و تەنها لەبەر ژینگەدۆستی بە تاک و کۆمەڵ خەریکی دار چاندن و ئاگاداری سروشتن، بەڵام بە ڕۆژی ڕوناک ببینین تورکیا بەرهەمەکانیان تاڵان دەکات".

 

ئەو پەرلەمانتارە بێدەنگی دەسەڵاتی باشوری کوردستان بە مەترسی دەزانێت و نووسیویەتی: قەوارەی هەرێم و خاکەکەی و خەڵکەکەی لەژێر مەترسی داگیرکاری تورکیادایە، پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکی هەرێمیش تەماشاکەرن، پرسیاری ئەوەش دەکات کە ئەگەر لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان بەهانەکەی دورخستنەوەی مەترسیە لەسنورەکانی، تاڵانی داری دارستانەکای هەرێم بەهانەکەی چیە؟

ئاشنا ڕەخنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە ناتوانێت لە ئاست تورکیادا هەڵوێستی هەبێت و پارێزگاری لە خاکی هەرێم بکات، پێشی وایە دەبێت هاوڵاتیان هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ تا حکومەتی عێراق و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان ئاگادار بکەنەوە.

 

ت.پ