ئامارێکی مەترسیدار؛ مانگی ئایار ١٧ ژن کوژراون و ناچار بە خۆکوشتن کراون

ئاماری کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان لە مانگی ئایاردا بووەتە جێگای مەترسی، تەنها لەم مانگەدا ١٧ حاڵەت تۆمار کراون، هۆکارەکانیشی سەروەر نەبوونی یاسا و باڵادەستی ئەقڵیەتی نێرسالارییە لە کۆمەڵگای کوردیدا.

سلێمانی

 

هەموو مانگێک بەراورد بە پێشوو، ژمارەی کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان لە هەڵکشاندایە، ڕووداوەکانیش پەردەپۆش دەکرێن و دادگاکان مافی ژنان دەستەبەر ناکەن، خێزانەکانیش بێدەنگن لە ئاستی کوشتنەکان.

 

زۆرینەی تاوانەکان بە بیانوونی شەرەف لەناو کۆمەڵگا و دەزگاکانی ڕاگەیاندندا بڵاودەکرێنەوە، یاخود دەیکەنە کێشەی خێزانی و نەخۆشی دەروونی، بەوەش تاوانبار لە تاوانەکەی هەڵدێت، دەستگیرنەکردنی تاوانباران و گلدانەوەیان لای دەسەڵاتداران و بەرپرسان هۆکارێکە بۆ زیادبوونی ئەو تاوانانە، ئەمەش وایکردووە بە تەنها لە مانگی ئایاردا ١٧ ژن بکوژرێت یان ناچار بە خۆکوشتن بکرێن و توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت.

 

بەپێی ئەو ئامارەی ئاژانسی نوژنها کۆیکردووەتەوە، لە مانگی ئایاردا ڕووداوەکانی کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان بەم شێوەیەیە:

 

چەمچەماڵ

لە بەرەبەیانی ٢ی ئایار، لە گەڕەکی سەنگاوییەکان لە شارەدێی شۆڕشی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ پیاوێک هێرشی کردەسەر ماڵی خەزووری، بە دەستڕێژی گولـلە هاوژینەکەی و سێ کەسی دیکەی ماڵەکەی کوشت، دایکی هاوژینەکەشی بە سەختی بریندار کرد. تاوانبارەکە پلەی نەقیبی لە بەڕێوبەرایەتیی بەرگریی فریاکەوتنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ هەبووە.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا، مەریوان ئەحمەد، ئەندامی ئەو خێزانە ئاماژەی بەوەداوە کە خوشکەکەی و هاوژینەکەی ماوەی شەش مانگە کێشەیان هەبووە و خوشکەکەی گەڕاوەتەوە بۆ ماڵی دایکی.

 

کامپی زاخۆ

بەرواری ٥ی ئایار، ژنێکی ئێزیدی بە ناوی "ع.ق.ع" تەمەن ٦٢ ساڵ لەنێو کەمپی ئاوارەکانی بێرسڤ لە زاخۆ، بە هۆکارێکی نادیار خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا.

 

کەرکوک

٥ی ئایار، لە گەڕەکی پەنجا عەلی شاری کەرکوک، ژنێکی تەمەن ٤٩ ساڵ بە ناوی لەیلا ساڵح محەمەد لەلایەن هاوژینەکەیەوە "ناسر عەلی فەتاح" تەمەن ٥٠ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا خنکێندرا.

 

سلێمانی

شەوی ٥ لەسەر ٦ی ئایار، لە گەڕەکی زەرگەتەی شاری سلێمانی، ژنێک لە ماڵی دایکیدا، لەلایەن هاوژینەکەیەوە هێرشی دەکرێتە سەر و بە ١٥ چەقۆ بریندار دەکرێت، کەسوکاری ژنە بریندارەکە ئاماژەیان بەوەدا لە ماوەی ڕابردوودا پیاوە هێرشبەرەکە دەستگیرکراوە و دواتر ئازاد بووە، دەشڵێن سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە.

 

ئەو دوو هاوژینە ماوەی ساڵێک دەستگیراندار بوون، دوای ئەوەی پیاوەکە لە ئەوروپا گەڕاوەتەوە، ٤٠ ڕۆژ هاوژینگیربوون، دەوترێت پیاوەکە بەزۆر هەوڵیداوە کار بە ژنەکە بکات تا پارەی بۆ پەیدا بکات، بەڵام ژنەکە ڕازی نەبووە و گەڕاوەتەوە ماڵی باوکی و ماوەی ٧ مانگە دۆسیەکەیان لە دادگایە.

 

لە بەرواری ١١ی ئایار هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی ئەو پیاوەیان دەستگیر کرد، بەپێی وتەی ژنەکە ئەو پیاوە پێشتریش چەندین تاوانی ئەنجامداوە و سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە، بەڵام ئازاد کراوە.

 

هەولێر

٩ی ئایار، لە گەڕەکی تەعجیلی نوێ لە ناحیەی شەمامکی پارێزگای هەولێر، ژنێکی ٣٣ ساڵ بە ناوی بەهار زەکەریا فەتاح لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا، دواتر ا. ظ. م. تاوانبار لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.

 

دهۆک

١٠ی ئایار، لە گەڕەکی سەرهەڵدانی سەنتەری شاری دهۆک، ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵ، دایکی منداڵێک، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هاوژینەکەیەوە خنکێندرا، تۆمەتبارەکە تەمەنی ٣٢ ساڵە و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەرکراوە.

 

هەولێر

١٣ی ئایار لە شاری هەولێر تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە بەردەوام هەڕەشەی لە ژنێکی گەنجی خوێندکاری پەیمانگا کردبوو وە بووە پاڵنەری خۆکوشتنی ژنە گەنجەکە.

هۆگر عەزی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاشکرای کرد کە دوای ئەوەی لە ١٩ی نیسانی ٢٠٢٢دا ژنێکی گەنج بە ناوی "ئاریان محەمەد" لە شاری هەولێر، خوێندکاری پەیمانگای پۆلەتەکنیک لە بەشی کتیبخانە و زانیاریی، ونبوو، خێزانەکەی داوای یاسییان تۆمارکرد، لە ٢١ی نیساندا تەرمەکەی دۆزرایەوە کە لە بینایەکی تەواونەکراودا لەسەر ڕێگای کەرکوک، خۆی هەڵدابووە خوارەوە.

پۆلیس ئەوەشی ئاشکراکردووە کە تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بەردەوام هەڕەشەی لە ژنە گەنجەکە کردووە، دوای دەستگرتن بەسەر مۆبایلی تۆمەتبارەکەشدا دەرکەوت، چەندین ژنی دیکە لەژێر هەڕەشەی ئەو تۆمەتبارەدا بوون.

 

چەمچەماڵ

بەهۆی کێشەی نێوان دوو هاوژینەوە بە ناوەکانی "د. ا. م." و "ت. ي. م." کە دانیشتووی شاری سلێمانین، ژنەکە "ت. ي. م." دەچێتەوە ماڵی باوکی لە بانمەقانی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ، شەوی ١٢/١٣ی ئایار پیاوەکە بە چەکەوە هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی خەزووری و تەقەیان لێدەکات، لە ئەنجامدا هاوڵاتییەکی دراوسێییان بە ناوی جومعە عەلی عومەر، فیشەکی بەردەکەوێت و گیان لەدەستدەدات. 

لە دوای هێرشەکە تۆمەتبار و کەسێکی دیکە بە ناوی ب. م. ا. بەپێی ماددەی ٤٠٦ دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

 

هەولێر

١٤ی ئایار، لە گەڕەکی شۆڕشی شاری هەولێر، پیاوێک هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی خەزووری، لە ئەنجامدا هاوژینەکەی و برای هاوژینەکەی بریندار دەکات، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەدا کە کێشەی دوو هاوژینەکە گەشتبووە بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان و بنکەی پۆلیسی منارە، بەڵام گشتاندنی بۆ کراوە و بەپێی مادەی ٤٠٥ی بڕگەی ٣١ی سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیکردن بۆ تۆمەتبارەکە دەرچووە و دەستگیرکراوە. 

 

پێنجوێن

شەوی ١٧ی ئایار، بەڕێوەبەری پۆلیسی پێنجوێن ڕایگەیاند، کچێکی تەمەن ١٤ ساڵان بە خنکاوی تەرمەکەی دۆزراوەتەوە، کچەکە ناوی "هەستیا فاروق" و لەدایکبووی ٢٠٠٨ و پیشەی خوێندکارە، هەستیا فاروق دانیشتووی سەیدسادقە، بە مەبەستی کارکردن ڕووی لە پێنجوێن کردبوو، تائێستا نازانرێت خنکێنراوە یاخود خۆی خنکاندووە.

 

زاخۆ

لە بەرواری ٢١ی ئایاردا، ژنێکى تەمەن ٤٢ ساڵ، کە دایکى هەشت منداڵە کوژرا، ژنەکە خەڵکى کۆمەڵگاى ڕزگارییە لە سنووری شارەدێی دۆمیز لە سنوورى ئیدارەی زاخۆ.

نەشئەت سەلمان، وتەبێژى پۆلیسى زاخۆ دەربارەی ڕووداوەکە وتبووی "پێش تاوانەكە ئەو ژنە لەگەڵ هاوژینەكەیدا پەیوەندییان هەبووە، ئەوەی بۆیان دەركەوتووە ئەوەیە، كە چەک لە تاوانەكەدا بەكارنەهێندراوە، بەڵكو بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكی زەبرێكی توند بە ئامێری تیژ بەر سەری کەتووە، هەروەها ئەو ژنە لەشوێنێكی دیکە كوژراوە و پاشان گواستراوەتەوە ئەو شوێنەی، کە تەرمەکەى لێی دۆزراوەتەوە، كە ناوچەیەکە دەکەوێتە دەرەوەی زاخۆ و لەسەر ڕووبارێكە، کە هاوسنووری توركیایە.

 

دهۆک

٢٣ی ئایار، لە گوندی نەزراوە لە سنووری شارۆچکەی بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک، پیاوێک هاوژینەکەی خۆی کوشتووە و هەڵهاتووە، ژنەکە تەمەنی نزیکەی ٣٠ ساڵە، تاوانەکەش لە پاش دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان قوربانیی و تاوانبارەکەدا ڕوویداوە.

 

هەولێر

هەر لە بەرواری ٢٣ی مانگدا، هەواڵێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، گوایە کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ لە شارەدێی کەورگۆسک-ی سەر بە هەولێر “خۆی خنکاندووە”، بەڵام هیچ سەرجاوەیەکی فەرمیی پشتڕاستی نەکردەوە و پۆلیسی هەولێریش وەڵامی پەیوەندییەکان ناداتەوە.

 

هەر لە شاری هەولێر لە ٢٥ی ئایاردا، ژنێک کە خنکانەکەی گوماناوی بوو، پاش سێ ڕۆژ لە خنکانی لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە، ژنەکە ناوی "ته‌مینه‌ عه‌زیز عه‌وڵا"یە تەمەنی ٦٧ ساڵ بوو، لە ماڵەکەی خۆیدا بە هەڵواسراوی دۆزرابوەوە.

هاوژینەکەی بە ناوی "ڕزگار" بازرگان بووە و لە وڵاتی ئەمریکا ژیاون، پێش ماوەیەک گەڕاونەتەوە و لە شاری هەولێر درێژەیان بە ژیان داوە، بەر لە ٦ مانگ هاوژینەکەی بەهۆی پەتای کۆرۆنا گیان لەدەستدەدات 

تەمینه عەزیز عەوڵا، خاوەن هیچ منداڵێک نەبووە و لەگەڵ بنەماڵەی ڕزگاری هاوژینی بەهۆی سەروەت و سامانەوە کە بۆ تەمینه ماوەتەوە کێشەیان بۆ دروستدەبێت، لەکاتی سەردانیکردنی براکەی بە خنکاوی دەیدۆزێتەوە.

 

گەرمیان

٢٧ی ئایار، لە ماوەی هەشت کاتژمێردا لە سنوری شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، دوو ژن لە دوو ڕووداوی جیاوازی گوماناویدا کۆتایی بە ژیانیان هات.

لە گەڕەکی حەی موەزەفینی شارۆچکەی  کەلار تەرمی ژنێکی بە ڕەگەز عەرەب بە ناوی ( خ. خ. ع.) لەدایکبووی ٢٠٠٠، ژنی ماڵ، بە خنکاوی گەیەندرایە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار کە بە هۆی هەڵواسینەوە گیانی لەدەستدابوو، ژنەکە سێ مانگە چوەتە ژیانی هاوژینییەوە.

 

هەروەها لە گوندی ساڵح ئاغا سەر بە شارەدێی قۆرەتوو، تەرمی کچێک بە ناوی( ج. س. ا. ) لەدایکبووی ٢٠٠٧ بە خنکاوی گەیەندراوەتە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار کە بەهۆی هەڵواسینەوە گیانی لەدەستدابوو.