ژنێکی گەنجی ئێزدی لە بەرزکردنەوەی قورسایی دەبێتە پاڵەوانی عێراق

ژنانی ئێزدی لە بەدەستهێنانی دەستکەوت و سەرکەوتنی گەورە بەردەوامن و لەو چوارچێوەیەشدا، جیلان جارۆ توانی پلەی یەکەم و مەدالیای زێڕ لە شەشەمین خولی پاڵەوانێتی کراوەی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی قورسایی ژنان بەدەستبهێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە شەشەمین خولی پاڵەوانێتی کراوەی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی قورسایی ژنان کە لە شاری دهۆک بەرێوەچوو، جیلان جارۆ کرێت مەدالیای زێڕی بەدەستهێنا.

 

جیلان جارۆ کرێت کە خەڵکی شارۆچکەی شێخانە لە پارێزگای دهۆک، لە یاری بەرزکردنەوەی قورسایی توانی کێشی ٢٤٠ کیلۆگرام بەرز بکاتەوە و ببێتە جێگەی سەرنجی ئامادەبووان.

 

​جیلان لەم کێبڕکێیەدا ڕکابەری زیاتر لە ٢٠ یاریزانی دیکەی کرد کە لە ناوچە جیاوازەکانەوە بەشدارییان کردبوو، بەم سەرکەوتنە، بۆ وەرزی دووەم لەسەریەک نازناوی پاڵەوانی عێراقی لەم جۆرە وەرزشەدا بۆ خۆی مسۆگەر کرد.

 

بەدەستهێنانی ئەم مەدالیا زێڕەو بەرزکردنەوەی ئەو کێشە قورسە، وەک دەستکەوت و سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ژنانی کورد و بەتایبەتی بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی دەبینرێت، کە سەرەڕای ئاستەنگەکان، بەردەوامن لە سەلماندنی توانست و لێهاتوویی خۆیان لە گۆڕەپانە وەرزشییەکاندا.