ئاگرکەوتنەوە لە هاوای: هەزارو٣٠٠ کەس بێسەروشوێنن

ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی دوورگەی ماوی لە ویلایەتی هاوای گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٩٩ کەس و هەزارو ٣٠٠ کەسیش بێسەروشوێنن.

 

ناوەندی هەواڵ- بەگوێرەی بەیاننامەیەکی فەرمی، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی ویلایەتی هاوای ئەمەریکا لە دوورگەی ماوی و دوورگەی مەزن گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٩٩ کەس، هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی بێسەروشوێنبوون هەزارو ٣٠٠ کەسە.

٢٠ سەگی گەڕان براون بۆ شارەکە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکان، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ناسینەوەی تەرمە سووتاوەکان لەوانەیە ماوەیەکی زۆر بخایەنێت، دانیشتوانی ناوچەکە وتیان: سیستمی ئاگادارکردنەوەی زوو پێش ئاگرەکە کاری نەکردووە و دەسەڵاتداران تۆمەتبار دەکەن.

تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام کەشوهەوای سەخت ئاگرەکەی خۆشکردووە، ڕاگەیەندراوە کە ئاگرکەوتنەوەی گیای وشک لە ناوچە شاخاوییەکان کە بەرەو لاهانا دەڕوات لەناکاو بڵاو بووەتەوە بۆ شارەکە. بەهۆی ئاگرەکەوە چەند شارۆچکەیەک بە تەواوی سووتاون.

 

"چاوەڕێ دەکەین ڕۆژانە ١٠ بۆ ٢٠ تەرم ببینین"

جۆش گرین، فەرمانڕەوای ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنیدا باسی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی کرد و وتی چاوەڕێ دەکەن ڕۆژانە ١٠ بۆ ٢٠ تەرم ببینن.

جێف پێلتیەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی ماوی وتی: لە ناوچەیەکی ١٣ کیلۆمەتری چوارگۆشەدا بۆ تەرمەکان دەگەڕێن.