یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی ٢٥ی حوزەیران لە کۆبانێ بەرز ڕاگیرا

سەدان کەس لە دانیشتوانی کۆبانێ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە مەراسیمێک یادی ئەو کەسانەیان کردەوە، کە لە کۆمەڵکوژی ٢٥ی حوزەیراندا گیانیان لە دەستدا.

کۆبانێ

 

چەتەکانی داعش ڕۆژی ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٥ هێرشیان کردە سەر گوندی بەرخبۆتان و ناوەندی کۆبانێ. لە ئەنجامی ئەو کۆمەڵکوژییە زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا، ئەمڕۆ بەبۆنەی شەشەمین ساڵیادی ئەو کۆمەڵکوژیەوە، خەڵکی کۆبانێ بەرەو گۆڕستانی شەهیدانی کۆمەڵکوژی کۆبانێ و گوندی بەرخبۆتان بەڕێکەوتن و لە مەراسیـمێکدا یادی شەهیدانیان کردەوە.

 

لە مەراسیمەکەدا بنەماڵەی شەهیدان، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، کۆنگرەی ستار، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، یەکێتیی ژنانی گەنج، تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ و دەیان هاوڵاتی کۆبانێ لە گۆڕستانی کۆمەڵکوژی کۆبانێ ئامادە بوون.

 

مەراسیمی یادکردنەوەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئازادی دەستیپێکرد. پاشان هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی کۆبانێ، مستەفا ئیتۆ لە وتارێکدا ڕایگەیاند کە ئامانجی چەتەکانی داعش لەناوبردنی خەڵکی کۆبانێ بوو، بەڵام ئەوانەی لە کۆبانێوە بەرەو باغۆز لەناوچوون، داعش بوو.

 

"ئێمە لێرە ماینەوە و ئەوان تیاچوون"

ژنێک بەناوی ساڵیحە مەسۆ عەبدی، کە کوڕە گەورەکەی و هاوژینەکەی بە ناوی ئیدریس لە کۆمەڵکوژییەکەدا لەدەستداوە ئاماژەی بەوەدا کە تۆڵەی منداڵەکانیان دەکەینەوە: ئەمڕۆ لەسەر گۆڕی منداڵەکانمان مۆممان هەڵکرد، کوڕەکەم باوکی چەند منداڵێک بوو کە هێشتا بچوک بوون، چەتەکانی داعش کوشتیان، لەبەر ئەوەی چەتەکان لە کۆبانێ شکستیان هێنا، ویستیان ئێمە لەناوبدەن، بەڵام تا ئێستا ئێمە هەر لێرە ماوین و ئەوەی لەناوچوو چەتەکان بوون.

 

ئەو دایکە باسی لەوەشکرد: ئێمە بە یادی منداڵەکانمانەوە لەسەر پێ وەستاوین و تۆڵەیان دەکەینەوە، شەهیدانی لە گۆڕستانەکەدا نێژراون هەموویان ئازاری ئێمەن، چونکە دۆزی هەموومان وەک یەکە.

 

ت.پ