کۆڕبەندی ژنانی میدیاکار، بە مەبەستی پاراستنی جێندەر لەناو ڕووماڵی ڕۆژنامەنووسیدا بەڕێوەچوو

کۆڕبەندێکی دەربارەی "چۆنیەتی پاراستنی جێندەری لە ڕووماڵی ڕۆژنامەنووسیدا" لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، هەروەها بەهۆی ئەو جیاوازییە جێندەریانەی لەناو ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان بڵاودەکرێتەوە ڕاگەیاندنکارەکان بە پێویستی دەزانن ڕاهێنان بە ڕۆژنامونوسان بکرێت و لە پرسی جێندەری تێبگەن.

سلێمانی

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە ئوتێل تایتانیکی شاری سلێمانی، کۆڕبەندێکی ژنانی ڕۆژنامەنووسی عێراقی، لەسەر خولێکی ڕاهێنان دەربارەی "چۆنیەتی پاراستنی جێندەری لە ڕووماڵی ڕۆژنامەنووسیدا" بە هاوکاری سندوقی نیشتیمانی بۆ پاراستنی دیموکراسی بەڕێوەچوو.

 

تانیا کەمال، سەرپەرشتیاری کۆڕبەندی ژنانی میدیاکار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، وەک ڕێکخەرێکی کۆڕبەندەکە باس لەوە دەکات، ئەم کۆڕبەندە کار لەسەر کەمکردنەوەی ئەو حاڵەتە توندوتیژیانە دەکات کە ڕووبەڕووی ژنانی میدیاکار دەبێتەوە.

 

ئەوەشی خستەڕوو، کۆڕبەندەکە ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە بە مەبەستی ڕەچاوکردنی ئەو لایەنە جەندەریانەی لەناو میدیا و دەزگاکاندا بەدی دەکرێت، باسیشی لەوەکرد ئەم خولی ڕاهێنانە ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، هۆکاری سەرەکی دروستکردنی ڕاهێنانی لەم جۆرەیان بۆ بوونی حاڵەتی توندوتیژی زۆر دەگەڕێتەوە، دەشڵێت: "زۆرکات دەزگاکانی ڕاگەیاندن زانیاری نادروست بڵاودەکەنەوە و دەبنە هۆی زیادبوونی توندوتیژی، هەروەها دەزگاکانی ڕاگەیاندن تێگەیشتنی تەواویان نییە لەسەر پرسی جێندەر".

 

ئاماژەی بەوەشدا وشەی جێندەر جیاوازە لە ڕەگەز، بەڵام ڕاگەیاندن و میدیا تا ئێستا لەو جیاوازییە تێنەگەیشتووە، بۆیە بە پێویستی دەزانێت کە میدیاکاران لەپاڵ هۆشیاری هاوڵاتیان و بڵاوکردنەوەی زانیاری هەوڵی تێگەیشتنی جیاوازییەکانی جێندەریش بدەن.

 

"ڕاگەیاندن لە ئاستی شارەکانیشدا جیاوازی دەکات"

ترێ مەحمود، وەک ڕاگەیاندنکارێک بەشداری لە کۆڕبەندەکەدا کردبوو، باسی لە گرنگی کۆڕبەندەکە کرد و وتی: دەتوانین لە ڕێگەی بەستنی ئەم کۆڕبەندانەوە ئەو هەڵانەی لەناو ڕاگەیاندنەکاندا هەیە چارەسەر بکرێت و کەموکورتییەکان کەم بکرێتەوە، باسی لەوەشکرد ڕاگەیاندنەکان ڕاستی بابەتەکان وەک خۆی ناگەیەنن، یاخود لەکاتی هەبوونی ڕووداوێکی کوشتندا ڕێگای تەواوی کوشتنەکە نیشان دەدەن.

 

هەر لەسەر پرسی ڕاگەیاندن ترێ مەحمود ئاماژەی بەوەدا: لە ئێستادا ڕاگەیاندنەکانی کوردستان هەریەکە لەژێر سایەی حیزبێکدان و بیروبۆچوون و ئازادی ڕۆژنامەنووسی نەماوە، ڕاگەیاندن بە جۆرێکی لێهاتووە لەسەر ئاستی شارەکانیش جیاوازی بڵاو دەکاتەوە.

 

ت.پ