وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران هەڕەشە لە بنەماڵەی وریشە مورادی دەکات
چەندین جار ئەندامانی بنەماڵەی وریشە مورادی زیندانیی سیاسیی کورد و سزادراو بە سزای لەسێدارەدان بانگهێشتی بەردەم بنکەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی سنە و تاران کراون و هەڕەشەی دەستبەسەر کردنیان لێکراوە.

ناوەندی هەواڵ
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە هەڕەشەکردنی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە بنەماڵەی وریشە مورادی زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ئێڤین، ڕایگەیاند، لە ٨ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە چەندین جار ئەندامانی بنەماڵەی وریشە مورادی زیندانیی سیاسیی کورد و سزادراو بە سزای لەسێدارەدان بانگهێشتی بەردەم بنکەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی سنە و تاران کراون و هەڕەشەی دەستبەسەر کردنیان لێکراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، کەریم ئەسغەری خەڵکی شارۆچکەی شوێشەی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوژینی خوشکەکەی وریشە مورادی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
باس لەوەشکراوە، ئەو هاوڵاتیە بە بێ فەرمانی دادوەر و بە بەکارهێنانی توندوتیژی لە دووکانەکەی لەو شارۆچکەیە دەستبەسەر کراوە و هەروەها هەڕەشە لە خوشکەکەی وریشە مورادی بە ناوی مێهرانە مورادی کراوە.
جێگای ئاماژەیە، لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، وریشە مورادی لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بە تۆمەتی “یاخیبوون” تۆمەتبار کرا و لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.