فەرماندە باڵاکانی سەربازی و زانایانی ئەتۆمی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کوژران

ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازی، زانایانی ئەتۆمی و کەسایەتییە سەرەکییەکانی ڕژێمی ئێران لە هێرشە ئاسمانییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆسەر چەند شوێنێکی ئێران کوژران.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٣ی حوزەیران، نزیکەی کاتژمێر ٣:٣٠ خولەکی بەیانی، چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە تاران بیسترا و دوای ماوەیەکی کەم، دەرکەوت کە ناوچەکانی تاران و کەرەج کراونەتە ئامانجی هێرشە مووشەکییەکانی ئیسرائیل، سەرچاوە جۆربەجۆرەکان ڕایانگەیاند کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا بە ناوی "هێزی شێر" کراوە.

 

ئەم هێرشانە کە بە سێ شەپۆل و بە زیاتر لە ٣٠٠ هێرشەوە ڕاپۆرت کراون، دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەکانیان کردۆتە ئامانج. لە تاران ناوچەکانی وەک قەیتاریە، نیاڤاران، چیتگار، مێهراباد، گەڕەکەکانی مەحاڵەتی و چەمران، کامەرانیە، نەرمەک، سەعدا ئاباد، ئەندەرزگو، ئەمیرە ئاباد، دەوروبەری ئیسلامشار، سەتارخان، مەرزدەران، واناک، گەرمدەرە، شەهر ئارا، یاریگای شیرودی، هەروەها... بارەگای فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی عەلی شەمخانی و هەندێک کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی وەک ئۆرکیدە و کۆمەڵگەی پرۆفیسۆرەکان لە گۆڕەپانی کیتاب لەو شوێنانە بوون کە کرانە ئامانج، هەروەها لە کەرەج ناوچەی شەهریار و مەلاردیش وەک ناوچەی زیانلێکەوتوو باس کرا.

 

ڕاپۆرتە گشتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شارەکانی دیکە لەوان ئەسفەهان، تەبرێز، قەسری شیرین، کرماشان، خوراماباد، کاشان، گۆڵپایەگان، ئەهواز، ئیلام و بۆروجێرد لەو شەوە شایەتی تەقینەوەکان بوون، بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەزگای پەخشی ئێران، ناوچەی دەوروبەری پاڵاوگەی تەبرێزیش کەوتووەتە بەر لێدان و بەپێی سەرچاوە نافەرمییەکانیش پێگەی ئەتۆمی نەتەنز هێرشی کراوەتەسەر، بەڵام سەرچاوە حکومیەکان ئەم هەواڵەیان ڕەتکردەوە و داوایان لە خەڵک کرد کە لەو ناوچانە نزیک نەبنەوە.

 

لە ناوچە کوردنشینەکان، سەربازگە و شوێنەکانی سوپای پاسداران کە گومانی چالاکیی ئەتۆمییان لێدەکرێت لە شارەکانی پیرانشار، سەردەشت، ئیلام، مەریوان، کرماشان، بانە و قەسری شیرین کراونەتە ئامانج، بەشێک لە سەرچاوەکانیش باسیان لە هێرشکردنە سەر سەکۆی مووشەکی سەربازی لە پیرانشار، مەریوان و قەسری شیرین کردووە.

 

 ئەو کەسانەی کوژراون، بەرپرسانی وەک محەممەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان، حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، غوڵام عەلی ڕەشید، فەرماندەی بارەگای خاتەم ئەلئەنبیە، هەروەها فەرەیدون عەباسی، محەمەد مەهدی تارانچی و عەبدولحەمید مینۆچەهر لە کەسایەتییە زانستییەکانی بەرنامەی ناوەکی کۆماری ئیسلامین، هەروەها هەواڵی کوشتنی عەلی شەمخانی سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیش بڵاوبووەتەوە، بەڵام سەرچاوە فەرمییەکان تەنیا ئەوەیان پشتڕاستکردووەتەوە کە بریندار بووە.

 

تا ئێستا هیچ ئامارێکی ورد لەبارەی ژمارەی کوژراو و بریندارەکان لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان، لە ناوچەی نەرمەک لە تاران ٥ کەس کوژراون و ٢٠ کەسیش برینداربوون، لە تەبرێز دوو کەس کوژراون و ٦ کەسیش برینداربوون، هەروەها لە قەسری شیرین هاوڵاتییەکی مەدەنی کوژراوە و ٢٤ کەسیش برینداربوون.