پۆلیسی عێراق دەستی بەسەر بینای شارەوانییەکی گەل لە شەنگال گرت

هێزەکانی پۆلیسی عێراق دەستیان بەسەر بینای شارەوانی گەلی کۆمەڵگەی گرزەرک لە شنگال گرت، وێڕای هەموو هەوڵەکان پۆلیس دەست لە بیناکە هەڵناگرێت و شارەوانییەکەش ناتوانێت خزمەتی بەو کەسانە بکات، کە بەمدواییانە گەڕاونەتەوە سنوورەکە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەسەروەختی کۆمەڵكوژی ٢٠١٤ـدا گرزەرک یەکێک لەو ناوچانە بوو، کە پێشەنگایەتی بەرخۆدانی دژی چەتەکانی داعش کرد، چەتەکانی زۆرترین زیانیان بە گرزەرک گەیاند و زۆرینەی ماڵەکانیان ڕووخاند، دوای ساڵێک گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارە بۆ گرزەرک دەستی پێکرد، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگالیش بۆ ئەوەی خزمەت بە گەلی گەڕاوە و پێدوایستییەکانیان بۆ دابینبکات دەستی کرد بە دانانی شارەوانی گەلی گرزەرک، بەڵام ئەم دامەزراوەیە کە بۆ خزمەتی گەل دامەزراوە، ئێستا لەلایەن پۆلیسی عێراقەوە داگیرکراوە و ڕێگە نادات ئەو دامەزراوەیە خزمەتی گەل بکات.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی، کە بەدەستگەیشتوون، بەبێ ئەوەی، کە هیچ بیانوو و بەڵگەیەک هەبێت، لەکاتی پشووی کرێکارانی شارەوانییەکە، پۆلیسی عێراق هەڵیکوتاوەتە سەر بیناکە و تێیدا جێگیربوون، لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال و بەرپرسانی شارەوانی هەوڵێکی زۆردرا کە تێبگەن لە هۆکاری هەڵکوتانەکە، بەڵام تەنها پۆلیس ڕایگەیاندووە کە فەرمانیان پێکراوە دەستبەسەر بیناکەدا بگرن.

 

هەروەها سەرچاوەکانی ئاژانسی ڕۆژنیوز ئاماژەیان بەوەدا، هێزەکەی پۆلیس بە فەرمانی سوپای عێراق، کە لە ناوچەکەدان هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوەندەکە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال، ناوەندی شارەوانی لە گوندی گرزەرک کە گرێدراوی شارەدێی تلعوزێر، بۆ خزمەتی گەلی سنوورەکە و دابینکردنی پێویستییەکانی خانەوادە گەڕاوەکان، کردەوە.