ڕاپۆرتێک دابەزینی بەرچاوی نوێنەرایەتی ژنان لە پۆستەکانی سەرکردایەتیدا ئاشکرا دەکات

دوایین بڵاوکراوەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دابەزینی ڕێژەی ژنانی خاوەن پۆستی سەرکردایەتی، وەک سەرۆکی دەوڵەت یان حکومەت، هەروەها دابەزینی ژمارەی وەزیرە ژنەکان لە حکومەتە جیاوازەکاندا ئاشکرا دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەڕای هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە یەکسانی جێندەری، زۆرێک لە وڵاتانی جیهان شاهیدی دابەزینی بەرچاوی نوێنەرایەتی ژنان لە پۆستە جێبەجێکار و سیاسییەکانن. ئەم دابەزینە دەگەڕێتەوە بۆ بەربەست و تەحەددیاتی پێکهاتەیی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە لە دەستڕاگەیشتن بە پۆستەکانی بڕیاردان.

 

دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ١٢ی حوزەیران بڵاوکرایەوە، ئاشکرایکرد کە سەرکردایەتی سیاسی ژنان لە پۆستە جێبەجێکارەکاندا نەک هەر چەقبەستوو بەڵکوو بەرەو دابەزین دەڕوات، بەردەوامی کەم نوێنەرایەتیکردنی ژنان وەک سەرۆکی دەوڵەت یان حکومەت و لە پۆستە سەرەکییە وەزارییەکاندا، تیشک دەخاتە سەر بەربەستە بەربڵاوەکان و پابەندبوونێکی ناسک و نایەکسان بە یەکسانی جێندەری لە سەرکردایەتی سیاسیدا.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەمڕۆ ژنان تەنها ٢٧ وڵات وەک سەرۆکی دەوڵەت یان حکومەت پێشەنگایەتی دەکەن، بە بەراورد بە ٢١ وڵات پێنج ساڵ لەمەوبەر، لە کاتێکدا ١٠٣ وڵات هەرگیز ژنێکیان نەبووە پۆستێکی باڵای جێبەجێکاری بەدەستبهێنێت. ئەم ناهاوسەنگییە لە نوێنەرایەتی وەزیراندا ڕەنگ دەداتەوە، چونکە ژنان تەنها ٢٢.٩%ی ئەندامانی کابینەی سەرۆکایەتی وەزارەتەکانیان لە سەرانسەری جیهاندا بەدەستەوەیە، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٢٣.٣% بووە، ئەمەش یەکەم دابەزینی تۆمارکراوی ژمارەی وەزیرە ژنەکانە لە کابینەکاندا.

 

ڕوونیشکراوەتەوە، ژمارەی ئەو حکومەتە یەکسانانەی کە بەلایەنی کەمەوە ٥٠% ئافرەتیان لە پۆستە وەزارییەکاندا هەبووە، لە ساڵی ڕابردوودا لە ١٥ وڵاتەوە بۆ تەنها ٩ وڵات دابەزیوە، لەکاتێکدا ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە ئافرەتیان لە پۆستی وەزاریدا نەبووە تەنها لە ساڵی ڕابردوودا لە ٧ وڵاتەوە بۆ ٩ وڵات بەرزبووەتەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە، هەرچەندە هێشتا دوورن لە گەیشتن بە یەکسانی، بەڵام ناوچەکانی وەک ئەوروپا و ئەمریکای باکوور ٣١.٤% و ئەمریکای لاتین و کاریبی ٣٠.٤% پێشەنگی ڕێژەی ژنە وەزیرەکانی جیهانن، لە کاتێکدا ئاسیای ناوەڕاست و باشوور بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە دواوەن بە تەنها  ٩٪.

 

سیما باهۆس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: جیهان شایەتی وەرینی سەرکردایەتی سیاسی ژنانە لە کاتێکدا کە زۆرترین پێویستمان بە بڕیاردانی گشتگیر هەیە، کاتێک ژنان لە بەرزترین ئاستەکانی سەرکردایەتی دوور دەخرێنەوە، هەموومان لەدەست دەدەین، چونکە کۆمەڵگاکان لە حکومەتێکی دادپەروەرتر و وەڵامدەرەوەتر لەدەست دەدەن کە سەرکردایەتی هاوسەنگ و جێندەر توانای پێدەدات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کەمبوونەوەی نوێنەرایەتی سیاسی لەنێو کاردانەوەی جیهانی دژی مافەکانی ژنان ڕوودەدات، کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی توندوتیژی کە ژنان دەکاتە ئامانج لە سیاسەتدا، چ ئۆنلاین و چ ئۆفلاین، خراپتر بووە. ئەم توندوتیژییە کە لە هەردوو فەزای فیزیکی و دیجیتاڵیدا درێژدەبێتەوە، ڕێگری دەکات لە چوونە ناوەوە یان بەردەوامبوونی زۆرێک لە ژنان لە پیشەکانیان لە سەرکردایەتی سیاسیدا، ئەمەش یەکسانی جێندەری لە نوێنەرایەتیدا تێکدەدات.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە نۆرم و پراکتیکەکانی جێندەری ئێستا کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر دابەشکردنی پۆرتفۆلیۆی وەزارییەکان هەیە، چونکە پیاوان بە شێوەیەکی زۆرینە پۆستە وەزارییەکانیان هەیە کە ئەولەویەتەکانی نیشتمانی و جیهانی دیاری دەکەن، وەک بەرگری (٨٧%)، کاروباری دارایی و باج (٨٤%)، و کاروباری دەرەوە (٨٢%). زۆرترین جار ژنان بۆ پۆستەکانی پەیوەست بە یەکسانی جێندەری (٨٧%) و کاروباری خێزان و منداڵان (٧١%) دادەمەزرێن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ئاڵەنگارییانە بەهۆی دابەزینی ژمارەی وەزارەتەکانی یەکسانی جێندەرییەوە ئاڵۆزتر دەبن، کە دامەزراوەیەکی سەرەکییە بۆ چەسپاندنی یەکسانی جێندەری لە سیاسەت و ڕێکارەکانی حکومەتدا. لە ساڵی ٢٠٢٠دا نزیکەی ٨٠ وەزارەت هەبووە، بەڵام ئەم ژمارەیە کەمیکردووە بۆ ٧٦ وەزارەت لە ساڵی ٢٠٢٤ و ٧٤ وەزارەت لە ساڵی ٢٠٢٥.

 

ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە حکومەتەکان و سەرکردە سیاسییەکان کرد کە هەنگاوی بوێرانە و بەپەلە بگرنەبەر لە ڕێگەی دانانی کارگێڕی و بەکارهێنانی ڕێوشوێنی تایبەت بە کاتی وەکوو کۆتا و بەهێزکردنی پاراستن لە توندوتیژی سیاسی.

 

سیما باهۆس جەختی لەوە کردەوە کە بەشداری تەواو و یەکسان و واتادار لەلایەن ژنان لە بڕیاردان تەنها پرسێکی دادپەروەرانە نییە، بەڵکو پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی پلاتفۆرمی پەکین بۆ کردەوە و ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام.