وەرگرانی خەڵاتی ڕۆژنامەگەریی ژنانی غوربەتلی ئەرسۆز ئاشکرا کران
ناوی وەرگرانی خەڵاتی ڕۆژنامەگەریی ژنانی غوربەتلی ئەرسۆز کە لەلایەن مەکەگەوە ڕێکخراوە ئاشکرا کران.

ناوەندی هەواڵ
غوربەتەلی ئەرسۆز ساڵی ١٩٦٥ لە گوندی زڤەری ناوچەی پالۆی خارپیت لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە گوندەکەی خۆی و ناوەندی لە شاری ئەدەنە تەواو کردووە. دوای تەواوکردنی بەشی کیمیا لە زانکۆی چوکرۆڤا، بڕوانامەی ماستەری لە بواری ژینگە و وزە بەدەستهێناوە و تاوەکو ساڵی ١٩٩٣ وەک یاریدەدەری کیمیا کاری کردووە، لە ساڵی ١٩٩٣ لە ڕۆژنامەی ئۆزگور گوندەم دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە، ئەرسۆز وەک یەکەم دەرهێنەری ژن لە پەخشێکی گشتی لە تورکیا دەربازی مێژوو بوو.
بە مەبەستی بیرهێنانەوەی ئەرسۆز کە لە ٨ـی تشرینی یەکەمی ١٩٩٧ لە هەرێمی کوردستاندا لە شەڕوپێکدادانێکدا شەهیدبوو، ٨ـی تشرینی یەکەم وەک “ڕۆژی ڕۆژنامەوانانی ژنانی کورد- غوربەتلی ئەرسۆز” ناسێندرا و بوو بە سیمبولی ژنانی ڕۆژنامەوان، ئەرسۆز بە هەڵوێستی بوێرانەی لە ڕاگەیاندنی ئازاددا، پێشەنگایەتی میدیای کوردی کرد.
خەڵاتی ڕۆژنامەگەریی ژنانی غوربەتلی ئەرسۆز، کە لەلایەن کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا- مەکەگەوە ڕێکخراوە و لەسەر ئاستی چوار بەشی هەواڵی تورکی، هەواڵی کوردی "کرمانجی"، هەواڵی بە دیمەن و وێنە دانراوە و وابڕیارە لە ٨ـی تشرینی یەکەم دابەش دەکرێت ئاشکرا کرا.
لە بەشی هەواڵی تورکیدا پەیامنێری ئاژانسی میزۆپۆتامیا (ما) زەینەب دوورگوت بە بابەتی “شەڕی تایبەت لە شڕناخ”، دەربارەی سیاسەتەکانی شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورکە لە هەرێمەکەدا، بە شایستەی خەڵاتەکە دانرا.
لە بەشی هەواڵی کوردی "کومانجی"یدا پەیامنێری ژن نیوز ڕۆژدا ئایدن و دیلان باباد بە بابەتی “بکوژی ١٢ منداڵەکە، تلیاک لە کوێ پەیدا دەکات” بە شایستەی خەڵاتەکە دانران.
بۆ بەشی هەواڵی بە دیمەن، ژنە ڕۆژنامەوان دەریا رەن بەو بابەتەی کە لەسەر توندوتیژییەکانی دەوڵەتی تورک لە سلۆپی تۆماری کردووە و بە بەڵگەی کردووە، بە شایستەی خەڵات دانرا.
هەروەها لە بەشی وێنەدا، وێنەی “بیرەوەری ئەبەدی”ـی فەتۆش سارکایە لە ئاژانسی هەواڵی پیر "PÎRHA" بە شایستەی خەڵاتی دانرا، وێنەکە گوزراشتە لە ئازاری کۆمەڵکووژی سێواس.
هەروەها دایکانی ئاشتی کە ساڵانێکە لە تێکۆشانی خواستی ئاشتییدان، بە شایستەی خەڵاتی “شکۆی ڕێزلێنانی”ـی ئەمساڵی پێشبرکێکە دانران.
وا بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ٨ـی تشرینی یەکەم لە ئامەد لە کاتژمێر ١٩:٠٠ دا لە ئامەد چاند "ناوەندی چاند و کۆنگرەی سەزای کاراکۆچ" مەراسیمی وەرگرتنی خەڵاتەکان ئەنجام بدرێت.
.