"دەوڵەتانی داگیرکەر لە ترسی ژناندا کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن"

دەوڵەتی تورکیا بەردەوام هێرش دەکاتە سەر چالاکوانان و ئازادیخوازان بۆ ئەوەی دەنگی ژنان کپ بکات، بەڵام ژنان ناوەستن لەبەردەم ئەو ڕیگریانەدا و ئامینە کاکە باوە دەڵێت: بەردەوام دەبین لە خەباتی ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئامینە کاکە باوە، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی سوید، لە چاوپێکەوتنێکیدا لە بەرنامەی گزنگی کەناڵی ژن تیڤی باسی لە خەبات و تیکۆشانی ژنان کرد، کە چۆن دەوڵەتی تورکیا و ئێران و نەیارانی کوردی ترساندووە، بۆیە ئەو دەوڵەتانەش پەنایان بردووەتە بەر کۆمەڵکوژی بۆ کپکردن و نەهیشتنی دەنگی ئازادی ژنان.

 

جێی ئاماژەیە جگە لە کۆمەڵکوژی و تیرۆرکردنی ژنانی پێشەنگ، دەوڵەتی تورکیا داوای ڕادەستکردنی کوردە ئازادیخوازەکان لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات، ئامینە کاکە باوەش یەکێکە لەو ژنانەی کە دەوڵەتی تورکیا داوای لە حکومەتی سوید کردووە، ڕادەستی بکەن.

 

"دەوڵەتی تورکیا دووبارە کۆمەڵکوژی لە پاریس ئەنجامدا"

ئامینە کاکە باوە لە چاوپێکەوتنەکەیدا باسی لە کۆمەڵکوژی ساڵی ٢٠١٣ی پاریس کرد و بە شەرمەزاری بە ناوی کرد، کە سێ ژنی پێشەنگ لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و ئازادی ژناندا تیرۆرکران، وتیشی: لەکاتێکدا کە ١٠ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر ئەو کۆمەڵکوژیەی پاریس کە تیایدا ساکینە جانسز و هاوڕێکانی تیرۆرکران، دیسان کۆمەڵکوژیەکی تر ڕوویدایەوە و  ئامینە کارا و دوو کەسی دیکە شەهیدکران، ئەمەش دەریدەخات کە نەیارانی کورد لە خەبات و پێشەنگایەتی ژنان بۆ شۆڕش دەترسن، بۆیە تورکیاش هەوڵدەدات ژنانی ئازادیخواز لەناوببات.

 

"فەرەنسا ناتوانێت پارێزگاری لە ئازادیخوازان بکات"

ئامینە کاکە باوە ئەوەشی خستەڕوو، "هەرچەندە کوردستان لەلایەن وڵاتانی دەرەوە گەمارۆدراوە لە هەموو ڕوویەکەوە، بەڵام دەسەڵاتداران دەتوانن پارێزگاری لە چالاکوان و ئازادیخوازان بکەن و ڕێگە نەدەن تورکیا و ئێران هێرش بکەنەسەر خاکەکەمان، بەڵام بەداخەوە کاتێک ناگیهان ئاکارسەل شەهیدکرا، دەسەڵاتدارانی کوردستان هیچ کەسێکیان دەستگیر نەکرد، چونکە دەیانزانی ئەو تاوانە لەلایەن تورکیاوە کراوە، فەرەنساش لەبەرئەوەی نەیتوانیوە پارێزگاری لە ژنانی ئازادیخواز بکات، بۆیە بەلایەوە قورسە بکەری تاوانەکە ئاشکرا بکات، هەرچەندە ئەمە دووەم جارە کۆمەڵکوژی بکرێت لە پاریس، بەڵام فەرەنسا هیچ کەسێکی دادگای نەکردووە بۆ ئەم تاوانانە".

 

"ژنان دروشمی ژن، ژیان، ئازدیان کردووە بە دروشمێکی نەتەوەیی"

ئامینە کاکە باوە ڕوونیکردەوە، هەرژنێک قسەی ڕەوا و داوای مافەکانی ژنان بکات و ڕاستی دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیا نیشان بدات، تورکیا دەیەوێت بیکاتە ئامانج، سەبارەت بە ئێرانیش وتی: ئێران ئەگەر لە ناتۆ ئەندام بوایە لە تورکیا خراپتر دەبوو بەرامبەر بە کورد و ژنان، من بۆ درێژەپێدان بە خەباتەکەم ڕووم لە دەرەوە کرد، چونکە ژنان ئەوە ئامانجیانە و کۆڵ نادەن، ئێستا ژنان دروشمی ژن، ژیان، ئازدیان کردووە بە دروشمێکی نەتەوەیی، هەروەها ئێران نایەوێت دیموکراسیەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرپا ببێت، چونکە ترسی لەوە هەیە شۆڕشی ژنان پەرەبسێنێت، دەوڵەتانی تر لەبەر بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی خۆیان بۆ فرۆشتنی چەکەکانیان بێدەنگن لەسەر ئەو پیشێلکارییانەی کە تورکیا و ئێران دەیکەنە سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوە جێگەی دڵخۆشیە کە ژنان هیچ هێرش و داگیرکارییەک کاریان لیناکات و بەردەوامن لە خەباتی خۆیان.