تەژەکە-ئە بەدروشمی ' گفتوگۆکان بۆ ژیانێکی ئازاد' ڕیزە چالاکیەک ئەنجام دەدات

تەژەکە- ئە ڕایگەیاند لە ٣ی ئایار بە دروشمی ' گفتوگۆکان بۆ ژیانێکی ئازاد' لە زۆربەی ناوەندەکانی ئەورووپا چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەبات.

ناوەندی هەواڵ

 

تەڤگەری ژنانی کوردی ئەورووپا "تەژەکە- ئە" ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، جوگرافیای کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پرۆسەیەکی مێژووییدا تێدەپەڕێت و وتی: "بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ 'ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک'، لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا و بەتایبەتی لە نێو گەلی کورددا پاڵپشتییەکی زۆری لێکرا و هیواکانی بۆ ئاشتی دیسان زیندوو کردەوە.

 

تێکۆشانی بەردەوامی ٥٢ساڵەی ڕێبەر ئاپۆ نیشانیدا کە بوونی گەلی کورد بە سیاسەتی نکۆڵیکردن و جینۆساید لەناو ناچێت و ئێستا هەمووان لەوە تێگەیشتوون کە بە مسۆگەر کردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت چارەسەرێکی سیاسی بۆ پرسی کورد بەدی بهێنرێت. پارادایمی ژیانی دیموکراتیک و ئازاد کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە، بۆ گەلی کورد و هەروەها بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، هیوا بەخشە. دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەپێدانی ژیانێک بە ناوەندی بوونی ژن، یەکسان و هاوبەش تاکە بژاردەیە. بەو بۆنەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بیرۆکەکان و فەلسەفەی ژیانی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ زیاتر پێشوازی لێدەکرێت.

 

ئەمڕۆ بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆژی سەفەربەریە

ژنانی کورد و گەلی کورد، بە تێکۆشانی خۆیانەوە، دیسان هەستانەوە و چەمکی ١٠٠ساڵەی نکۆڵی و لەناوچوونیان تێکشکاند. ژن و گەلی ئێمە بە پارادایمی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادیی ژن و ئیکۆلۆژی تێکۆشانیان گەیاندە ئاستێکی نوێ و بە هەموو دونیایان نیشان دا کە جارێکی تر هیچ شتێک وەک رابردوو نابێت. بۆ ئێمە؛ ژنان، گەلی کورد، گەنجان، هەرکەسێک لە پاڵ بەها مرۆڤیەکان بێت، تاکە ڕێگا فراوانکردنی تێکۆشانە دژ بە فاشیزم و هەموارکردنی ڕێگای سەرکەوتنە. کاریگەرترین و مانادارترین ڕێگا بۆ ئەنجامدانی ئەمەش یەکگرتنە لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ. ئەمڕۆ بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆژی سەفەربەرییە و بەدەستهێنانی ئەو سەرکەوتنەیە کە ملیۆنان کەس بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" خاوەنداری لێدەکەن. لەم ڕوانگەیەوە ئێمەی ژنان پێشەنگایەتی بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ 'ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک' دەکەین و بۆ 'کۆمەڵگایەکی ئازاد بە ژنی ئازاد'وە پەرە بە تێکۆشان دەدەین.

 

لەسەر ئەم بنەمایە جارێکی دیکە ڕایدەگەیەنین کە هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' کە لە ١٠ی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد، بە پەرەسەندنەوە بەردەوام دەبێت. هەروەها تێکۆشانی ئەو ژنانەی لە ٨ی ئاداردا ڕژانە گۆڕەپانەکان و ئاگری ئازادی کوردیان لە نەورۆزدا کردەوە، جارێکی دیکە بە شێوەیەکی شکۆمەندانە پشتیوانی ژنان و گەلەکەمانی بۆ هەڵمەتی ئازادی ڕێبەرایەتیمانی نیشان دا.

 

'گفتوگۆکان بۆ ژیانێکی ئازاد'

لەسەر ئەم بنەمایە وەک بزووتنەوەی ژنانی کوردی ئەورووپا، لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد'، لە ٣ی ئایاردا بە دروشمی 'گفتوگۆکان بۆ ژیانێکی ئازاد' لە زۆربەی ناوەندەکانی ئەورووپا کۆبوونەوە و چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەین. "وەک بزووتنەوەی ژنانی کوردی ئەورووپا، داوا لە هەموو گەلەکەمان بەتایبەتی ژنان، گەنجان و دۆستانمان دەکەین لە کۆبوونەوە و چالاکییەکانی داهاتوودا بەشداربن."