تۆڕی ”ژنان داهاتوویان لە قاڵب دەدەن” لە شیلی کۆبووەوە
لە کۆبوونەوەی تۆڕی ”ژنان داهاتوویان لە قاڵب دەدەن” لە شیلی، شێوازەکانی خەباتی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان هەڵسەنگێندرا و بڕیاردرا تۆڕەکە فراوانتر بکرێت و پلانێکی گشتگیر بۆ بەرگریکردن لە خۆیان ئامادە بکرێت.
ناوەندی هەواڵ
کۆبوونەوەی ناوچەیی تۆڕی ”ژنان داهاتوویان لە قاڵب دەدەن” لە سانتیاگۆی شیلی لە ١٤-١٥ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو، ئەم تۆڕە لە شیلی بە تۆڕی پشتیوانی و هاوکاری لەگەڵ بزووتنەوەی ژنانی کورد (REDAAS) ناسراوە و کاردەکات، تۆڕەکە لە ١٠ ڕێکخراو و چەندین کەسی سەربەخۆ لە باکوور و ناوەڕاست و باشووری شیلی پێکدێت، ”REDAAS” ڕەگ و ڕیشەی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ ”لیژنەی هاوپشتی ژنان لەگەڵ کوردستان”، دوای بانگەوازی دامەزراندنی تۆڕ و کۆنفرانسی بۆگۆتا، ئەم ڕێکخراوانە هەنگاوی نوێیان ناوە و دەستیان کرد بە ڕوونکردنەوەی شێوازی ڕێکخراوەیی و ڕوانگەی خەباتییان.
خەباتی هاوبەشی ژنان باس کرا
لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی سیاسی ئێستا لە چوارچێوەی جەنگی جیهانی سێیەمدا هەڵسەنگێندرا، هەروەها ئامانجەکانی تۆڕەکە لە شیلی گفتوگۆ کرا و شێوازەکانی خەباتی هاوبەش ئامادە کران، گرنگی بە هاوبەشکردنی ئەو خەباتانە بوو کە ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا ئەنجامی دەدەن و بەهێزکردنی ڕێکخراوەکەیان.
بڕیار درا بە فراوانکردنی تۆڕەکە و پەرەپێدانی چالاکییە پەروەردەییەکان وەک ئامانجی کورتخایەن و ئامادەکردنی پلانی بەرگریکردن لە خۆ وەک ئامانجێکی مامناوەند.
”دەبێت ستراتیژی هاوبەش دابڕێژین”
لە ڕاگەیاندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ژنان ئیرادەی خۆیان دەربڕی بۆ ئەنجامدانی خەباتێکی هاوبەش لە دژی هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستا، دەبێت خەبات دژی عەقڵی کۆلۆنیالیستی و لیبڕاڵ و پیاوسالاری بەهێزتر بکەن، جەخت لەسەر گرنگی هاوبەشکردنی ئەزموونی ژنانی جوگرافیا جیاوازەکان کرایەوە، تۆڕەکە ڕایگەیاند، کە ئامانجی کارکردنە لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆییەکان و خۆڕێکخستن لە ئاستی جیاوازدا و ئامادەکردنی پلانی بەرگریکردن لە خۆد کە بەشداربێت لە بونیادنانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا.
گرنگیدان بە هاودەنگی نێودەوڵەتی
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا، جەخت لە پابەندبوون بە بەشداریکردن و پەرەپێدانی ستراتیژی هاوبەش بۆ تۆڕەکانی هاوپشتی ژنان کە لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان دادەمەزرێنن، ئامانجی ”REDAAS” فراوانکردنی ڕێکخراوەکەیە لە شیلی و پتەوکردنی پەیوەندی هاودەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان لە ناوچە جیاوازەکان.