تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان دژی بازرگانیکردن بە ژنان یاداشتێک ئاڕاستەی دەسەڵات دەکەن

بە هۆی زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و بازرگانیکردنیان، تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد ڕێگەبگیرێت لەو کارە نەشیاوانە و سوکایەتی کردن بە ژنان.

بە هۆی زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و بازرگانیکردنیان، تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد ڕێگەبگیرێت لەو کارە نەشیاوانە و سوکایەتی کردن بە ژنان.

سلێمانی

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی کە پێکهاتبوون لە ١٧ ڕێکخراو و کەسایەتی، یاداشتنامەیەکیان ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی ڕۆشنبیری، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەنجومەنی خانمان کرد، بە مەبستی ڕێگەگرتن لە بازرگانیکردن و کڕین و فرۆشتنی ژنان.

 

پەخشان محەمەد، نوێنەری تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان یاداشتنامەی ڕێکخراوەکانی خوێندەوە کە تیایدا هاتبوو: لە ئێستادا کۆمەڵگەی باشوری کوردستان لەژێر هەڕەشەی گەورە دایە، جگە لە بواری سیاسی و ئابوری، لە بواری کۆمەڵایەتی و ژنانیشدا، ئەقڵیەتی دەسەڵات، بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی بە بوکەڵە کردنی ژنان و بازرگانیکردن بە ژنان و ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەریان.

 

لە یاداشتەکەدا ئەوەش خرایەڕوو کە ژنان لە ڕێگەی باندەکانی لەشفرۆشیەوە بەردەوام بەکاردەهێنرێن و مامەڵەی جۆراوجۆریان پێوە دەکرێت، نەک تەنها لە ناوچەیەکدا، بەڵکو لە ناوچە جیاجیاکانەوە ژن کۆدەکەنەوە و کاریان پێدەکەن.

 

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی یاداشتی تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی بۆ پۆلیسی سلێمانی وەرگرت و وتی: "وەک پۆلیسی سلێمانی زۆر لەمێژە کارمان لەسەر ئەو شوێنانە کردووە کە بازرگانی بە جەستەی ژنانەوە دەکەن، بەڵام ئەوە تەنها ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس نییە، بەڵکو ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزار و کار و کاروباری کۆمەڵایەتیشە".

 

وتەبێژی پۆلیس ئەوەشی خستەڕوو بەردەوامن لە چاودێری کردنی ئەو شوێنانە، هەرشوێنێک هاوڵاتیان ئگاداریان بکەنەوە لێی، هەوڵی دەستگیرکردن و داخستنیان دەدەن، باسی لەوەشکرد زۆربەی ئەو شوێنانە مۆڵەتی ڕەسمیان پێیە و پۆلیس ناتوانێت بەبێ مۆڵەتی دادوەر بچێتە ئەو شوێنانە.

 

لە کۆتاییدا تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی لە چەند خاڵێکدا داوایان کرد، سەرجەم کافتریا و یانە شەوانەکان دابخرێن، سنورێک دابنرێت بۆ کەناڵەکان لە پەخشکردنی فیلم و ئەڵقەی بیانی و هەر کەس و ڕێکخراوێک هانی بڵاوکردنەوەی هاوڕەگەزخوازی بدات لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

 

تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو کە ئەگەر بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەیەن لە داهاتوودا ڕێگەی دیکە دەگرنە بەر.

 

ت.پ