تورکیا وەڵامی نەتەوە یەکگرتووەکانی دایەوە: گۆشەگیری نییە، قەدەغەکردن هەیە

ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئەشکەنجەدان، کە مایدە نائۆکۆ سەبارەت بە گۆشەگیریی ئیمرالی پرسیاری لە شاندی تورکیا کرد، نێردەی تورکیا کە نەیتوانی وەڵامی یاسایی بداتەوە وتی: گۆشەگیری نییە، قەدەغەکردن هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

٨٠یەمین دانیشتنی کۆمیتەی دژی ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆشکی ویڵسنی ئۆفیسی جنێڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیپێکرد و بەردەوامە، لە میانی دانیشتنەکاندا باس لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کرا کە لەئەمڕۆدا لە تورکیا ڕوودەدەن، ڕاپۆرتدەرانی کۆمیتەی دژ بە ئەشکەنجەدان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێنەری ڕێکخراوە مەدەنییەکان ڕاپۆرتیان سەبارەت بە تورکیا پێشکەش کرد و شاندی تورکیاش بەشداری دانیشتنەکان بوون.

 

ڕاپۆرتدەرانی تایبەتی کۆمیتەی دژ بە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتارەکانیاندا تیشکیان خستە سەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی لە زیندانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، ڕاپۆرتدەری تایبەت مایدە نائۆکۆ قسەی کرد و لە پێشکەشکردنیدا گۆشەگیریی لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵسەنگاند.

 

تورکیا وەڵامی بێ بنەمای دایەوە

 لە دانیشتنی پاشنیوەڕۆدا، بە ناوی شاندی تورکیا، فاتیح گونوور، جێگری بەڕێوەبەری گشتی زیندان و زیندانەکانی وەزارەتی داد، قسەی کرد و وەڵامی پرسیاری ڕاپۆرتدەرانی تایبەت سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکان لە زیندانەکاندا دایەوە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ستانداردی زیندانەکانی تورکیا بەگوێرەی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە و ڕایگەیاند، بە پێچەوانەی ڕاپۆرتی زۆرێک لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان، هیچ ڕژێمێکی گۆشەگیری لە زیندانەکاندا نییە.

 

فاتیح گونوور وەڵامێکی کورتی بۆ ئەو پرسیارەی سەبارەت بە گۆشەگیریی ئیمرالی دایەوە، هەرچەندە گونگۆر ئەو کارە تایبەتەی لە دژی ئیمرالی قبوڵ نەکرد، بەڵام لە بەرگریکردندا گۆشەگیریی ئیمرالیی قبوڵ کرد.

 

لە سەرەتای قسەکانیدا، فاتیح گونوور ڕایگەیاند کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە لایەن دادگاکانی ئاسایشی تایبەتی دەوڵەتەوە بەپێی مادەی ١٢٥ی یاسای سزادانی تورکیا دادگایی دەکرێت و بەرگری لە سزا دیسپلینییەکان و قەدەغەکردنی کۆبوونەوەی پارێزەران کرد.

 

فاتیح گونوور هەوڵیدا بەرگێکی یاسایی بۆ گۆشەگیریی ئیمرالی بدۆزێتەوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەمڕۆ عەبدوڵا ئۆجەلان لەگەڵ سێ زیندانی دیکە لە زیندانی ئەمنی باڵای ئیمرالی سزاکانیان بەسەر دەبەن، ئەوانەی پابەند نین به یاساوه ڕەنگه له لایەن دەستەی چاودێری ئیدارەی زیندانەوه ڕووبەڕووی سزای زۆر ببنەوه ،هەندێک تاوان کە لە زیندان ئەنجام دەدرێن لەوانەیە ببێتە هۆی قەدەغەکردنی سەردانکردن.

 

-سزای دیسپلین بە ئارەزووی دەستەی دیسپلینی زیندانەکانە، دوای بڕیاردان، زیندانی ئاگادار دەکرێتەوە و دەتوانێت تانە لە دادوەر بدات، دەکرێت بابەتی دادگای یاسایی بێت، بەپێی ئەمە سێ مانگ کۆبوونەوەی بنەماڵەی زیندانیانی ئیمرالی ڕاگیراوه، بۆیە لەم ماوەیەدا چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاریان قەدەغەیە، تا ئێستا هیچ ناڕەزایەتی و سکاڵایەک لە دژی ئەم بڕیارە نەکراوە کە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٤ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

 بە بڕیاری دادگا لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤، کۆبوونەوەی پارێزەران بۆ ماوەی ٦ مانگ ڕاگیرا، تانە لە دژی ئەم بڕیارە تۆمار کرا، بەڵام لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤ تانەکە ڕەتکرایەوە و بڕیارەکە پەسەند کرا.

 

٨٠یەمین دانیشتنی کۆمیتەی دژی ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٦ تەمووز کۆتایی پێدێت، ئەمڕۆ ١٨ی تەمووز بەرنامەکە لەگەڵ تورکیا بەردەوام دەبێت.