تەڤگەری ئازادیی پشتیوانیی بۆ داواکاریی کەسوکاری ئەنفالکراوان ڕاگەیاند

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، پشتیوانیی خۆی بۆ داواکاریی کەسوکاری ئەنفالکراوان ڕاگەیاندو دەڵێت: "بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەنفال، با هەموومان دژی داگیرکاریی بووەستینەوە".

ناوەندی هەواڵ

دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، "دوای ٣٤ ساڵ، هێشتا نەتوانراوە تەرمی هەموو ئەنفال کراوان بهێنرێتەوە بۆ زێدی خۆیان و جاش و مستەشاران بەسزای خۆیان بگەیەنرێت،  پێویستبوو کەسوکاری ئەنفالکراوان ژیانێکی بەواتا و شایستەیان هەبووایە، بەڵام لە ژیانێکی سەخت و کولەمەرگییدا دەژین، تەنانەت مووچەیەکی شایستەیان نییە، کە هاوتای مووچەی شەهیدانی حکومەتی عێراق بێت".

 

ئەوەش هاتووە: "تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی کورد نەیتوانیوە ئەم پرسە بە جیهانی بکات و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی بە جینۆساید بناسێنرێت، دەکرا ھەوڵدانی جدی بکرێت بۆ بە ئەندامبوونی عێراق لە دادگای نێودەوڵەتی بۆ پاراستن و ئەگەری دووبارە نەبونەوەی جینۆسایدێکی تر".

 

ئاماژە بەوەشکراوە کە داگیرکاران ھێشتا لە سیاسەتی داگیرکاریی نەوەستاون و لە ھەوڵی خۆیان بەردەوامن، بەڵام ئەوەی جێگەی شەرمە ھێزە سیاسیەکانی کورد لە باشووری کوردستان لە بری وەڵامدانەوەی کەسوکاری قوربانیان وخزمەت کردنیان و پێشخستنی سیستمێکی دیموکراتی کە ئەم گەلە قوربانیدەرە تیایدا حەساوەبێت، ئێستاش وەکو چینێکی مشەخۆر لە سەر ڕۆح و ڕەنج و گیانی ھاوڵاتیان، ژیانێکی شاھانەیان بۆ خۆیان و بنەماڵە و مستەشار و ئەنفالچییەکان دابین کردووە و کۆمەڵگەش لەوپەڕی دۆخی خراپیدا ژیان بەسەر دەبات.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان تا دوا سات خاوەنداری لە خوێنی شەھیدەکان دەکات و پاڵپشتی تەواوی داواو خواستەکانی کەسوکاری قوربانیان دەکەین، دەڵێین با ھەمووان پێکەوە لە بری دانانی تاجە گوڵینە ھەموو ساڵێک داوای جێبەجێکردنی داواکانی گەلەکەمان بین و پێکەوە دژ بە داگیرکاران بوەستینەوە بۆ ئەوەی ئەنفالێکی تر و کۆمەڵکوژیەکی تر دوبارە نەبێتەوە".