تەنها لە ئەستەمبوڵ ٤٢ ژن کوژراون

کەجەدەپە – پلاتفۆڕمی کوشتنی ژنان دەوەستێنین، ئاماری ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٠ لە بارەی تاوانەکانی دژ بە ژنان لە تورکیا بڵاو دەکەنەوە کە لە ٢٠٢٠دا ٣٠٠ ژن کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

هەرچەندە ژنان ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە کۆمەڵگادا، شانبەشانی پیاوان کار دەکەن لە دەرەوەی ماڵەکانیان، و لە كایە سیاسیەکانیشدا ڕۆڵیان پێدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا توندوتیژی بەرامبەر ژنان بەردەوامی هەیە.

کەجەدەپە – پلاتفۆڕمی کوشتنی ژنان دەوەستێنین، ئاماری ساڵی ٢٠٢٠ لە بارەی تاوانەکانی دژ بە ژنان لە تورکیا بڵاو دەکەنەوە، و بەپێی ئامارەکان ساڵی ڕابردوو لە تورکیا ٣٠٠ ژن لە لایەن پیاوانەوە کوژراون، ١٧١ ژنیش بە کوژراوی دۆزراونەتەوە.

بە پێی ئاماری پلاتفۆڕمەکە، زۆرترین ژن لە ئەستەمبول کوژراون کە ٤٢ ژنن ، لە ئیزمیر ٢٥ ژن و لە ئەنقەرە ١٥ ژن کوژراون.

لەو ٣٠٠ ژنەی کوژراون، ٩٧ ژن لە لایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژراون، ٥٤ ژن لە لایەن ئەو پیاوانەوە لەگەڵ ژنەکاندا ژیاون، ٣٨ ژن بەدەستی پیاوێک کە دەیانناسی و ٢١ ژن لەلایە هاوسەری پێشوویانەوە کوژراون، ١٨ ژن لە لایەن کوڕەکانیانەوە کوژراون، ١٧ ژن لەلایەن باوکیانەوە کوژراون، ١٦ ژن لە لایەن خزمەکانیانەوە کوژراون، ٨ ژن لە لایەن ئەو پیاوانەوە کوژراون کە لەگەڵیان ماونەتەوە، ٥ ژنی تر لە لایەن براکانیانەوە و ٣ ژنیش لە لایەن کەسی بێگانەوە کوژراون، ٢٣ ژنی تا ئێستا ڕوون نییە لە لایەن کێوە کوژراون.

ئاماژە شیان بەوەکردووە ، ١٧٠ حاڵەتی کوشتن لەڕێگەی چەکەوە بووە، ئەمەش ئەوە دەر دەخات بەشی زۆری تاوانەکان  لەڕێگەی چەکەوە ئەنجام دراون ، ٨٣ ژنیش بە ئامێرەکانی بڕین کوژراون، ئەوانی تریش لەڕێگەی سووتاندن، خنکاندن، ماددەی کیمیایی، توندوتیژی جەستەیی، هەڵدانە خوارەوە لە شوێنی بەرز کوژراون.

 

ت.پ