بڕینی ئاوی ئیلۆک ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەسی بەبێ ئاوی پاک هێشتووەتەوە
نەوار مەحمود سەبری، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەری ئاوی کانتۆنی حەسەکە ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا پێشێلی ڕێککەوتنەکان دەکات و ژێرخانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج، بەم شێوەیە هەوڵدەدات سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک بکاتە ئامانج.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- وێستگەی ئیلۆک دەکەوێتە نزیکەی ١٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی شاری سەرێکانی، سەرچاوەی ئاوەکە لە ٣٠ بیر و ٨ پەمپ پێکهاتووە، وێستگەی ئیلۆک سەرچاوەی سەرەکی ئاوی پاکە بۆ پارێزگای حەسەکە، لە ساڵی ٢٠١٣ وێستگەکە دامەزراوە و ڕۆژانە ١٧٥ هەزار مەتر دووجا ئاوی خواردنەوە دابین دەکرێت.
دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ یەکەم جار لە کاتی داگیرکردنی سەرێکانی، لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ئاوی کانتۆنی حەسەکەی بڕی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دانیشتووانی حەسەکە ئاوی پاکیان نەبێت، یەکێک لە گەورەترین قەیرانی مرۆیی لە شەڕی ناوخۆی سووریا. دوای ئەوە، بڕینی ئاو زۆرجار وەک بەشێک لە شەڕێکی تایبەت لە دژی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام دەدرێت، لە کاتێکدا چوار کامپی گەورە هەیە لە کانتۆنی حەسەکە، کامپی واشۆکانی، کامپی سەرێکانی، کامپی ئەریشە و کامپی هۆل.
"بەهۆی بڕینی ئاوی ئیلۆک نەخۆشی بڵاوبووەتەوە"
بە نێوەندگیری ڕووسیا، ڕێککەوتنی ئاوی لە بەرامبەر کارەبا ڕاگەیەندرا کە خۆبەڕێوەبەری کارەبا دابین دەکات بۆ ئەو ناوچانەی لەژێر داگیرکاری تورکیادان و تورکیا ئاو دەدات بە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی، بەڵام ئەم ڕێککەوتنە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانیەوە پێشێل دەکرێت و خەڵکی ناوچەکە و کۆچبەران تووشی قەیرانی ئاو دەبن، لە ٤ی تشرینی یەکەم، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە فڕۆکەی جەنگی، لەو هێرشانەدا ژێرخانی ناوچەکە کرا بە ئامانج و وێستگەکانی کارەبا کرانە ئامانج و وێستگەی ئیلۆک ڕاگیرا.
هەروەها بەهۆی بڕینی ئاوی ئیلۆک قەیرانێکی گەورە هەیە کە تەندروستی ژنان و منداڵان دەخاتە مەترسییەوە، بەگوێرەی نەخۆشخانەی گەل لە حەسەکە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا هەزارو ٧٧٢ منداڵ و ١٩٦ ژن نەخۆش کەوتوون، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٩٢٠ منداڵ و ١٥١ ژن نەخۆش کەوتوون.
"تاوانی جەنگ دژی ملیۆنان کەس ئەنجام دەدرێت"
نەوار مەحمود سەبری، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەری ئاوی کانتۆنی حەسەکە، پشتڕاستی کردەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی هەرێمەکە تاوانێکی نامرۆڤانەی ئەنجام داوە و وتی: لەو کاتەی سەرێکانیێ داگیرکرا، ئاوی وێستگەی ئیلۆک هەمیشە بڕاوەو چەندین قەیرانی بۆ خەڵک و کۆچبەرانی کانتۆنی حەسەکە دروستکردووە، ماوەیەک لەمەوبەر، ڕێککەوتنێک لەلایەن ڕووسیاوە واژۆ کرا لەسەر خۆبەڕێوەبەری بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، خۆبەڕێوەبەری کارەبا بۆ وێستگەکە دابین دەکات و وێستگەکە ئاو بۆ حەسەکە دابەش دەکات، دوای ئەم ڕێککەوتنە، دۆخی ئاو تا ڕادەیەک باشتر بوو، بەڵام لە ٤ی تشرینی یەکەم دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە فڕۆکە هێرشی کردە سەر ژێرخانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ئەنجامدا وێستگەی کارەبا کرایە ئامانج و ئاو لە وێستگەی ئیلۆک وەستا، ئێستا خەڵکی حەسەکە لە قەیرانی ئاودا دەژین و لەو کاتەوە ئاوی وێستگەی ئیلۆک نەهاتووە بۆ حەسەکە.
نەوار مەحمود سەبری لە کۆتایی قسەکانیدا ەتی: نەبوون و بڕینی ئاو قەیرانی تەندروستی، ژیانی، ئابووری دروستکردووە، دەڵێین خەڵک بەهۆی باری ئابوورییەوە ناتوانن ئاو بکڕن، لە حەسەکە ٤ کامپ هەیە، ئەوان کۆچبەرن، ئابوورییان وەک پێویست نییە، داوا لە ڕێکخراوە مرۆییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە قەیرانی ئاو چارەسەر بکەن، ئەو ڕێککەوتنە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پێشێل کرا، دەوڵەتی تورک دەبێت لەبەر کردەوە نامرۆڤانەکانی سزا بدرێت، چونکە ئاوی ئیلۆک وەک چەک بەکاردەهێنێت.