بەڵگە و زانیاریی نوێ، دۆسیەی ڕۆژ ڤەڵات کیزماز دەبزوێننەوە کە ماوەی دوو ساڵ و نیو بوو داخرابوو

دوای دەستکەوتنی بەڵگەی نوێ لە دۆسیەی گوڵستان دۆکودا،و دۆزینەوەی زانیاریی تەکنیکی لەسەر مۆبایلی رۆژوەلات قزماز، دەسەڵاتدارانی تورکیا دۆسیەی ناوبراویان هەڵدایەوە؛ ئەم پێشهاتەش گومانی نوێی لەسەر هۆکار و چۆنیەتی بێسەروشوێنبوون و گیانلەدەستدانی دروست کردووە

ناوەندی هەواڵ

دەسەڵاتدارانی دادوەری دۆسیەی ڕۆژڤەلات کیزمازیان کردەوە، کە لە ٩ی شوباتی ٢٠٢٤ لە پارێزگای باتمان لە باکووری کوردستان بێسەروشوێن بوو، دواتر لە هەلومەرجێکی گوماناویدا لە دەریاچەی ئیلسۆی بە مردوویی دۆزرایەوە، ئەمەش دوای دەرکەوتنی زانیاری نوێ پەیوەست بە دۆسیەی گوڵستان دۆکو.

 

بڕیاری کردنەوەی لێکۆڵینەوەکان دوای ئەوە هات کە لە ڕاپۆرتێکی دیوانی تاوانی نیشتمانیدا زانیاریی نوێی تەکنیکی تایبەت بە تەلەفۆنەکەی ڕۆژڤەلات ئاشکرا کردووە، ئەمەش وای لە داواکاری گشتی کرد کە دوو ساڵ و نیو دوای داخستنی بە بڕیارێک کە لەو کاتەدا بە "بێ بنەما" دادەنرا، پێداچوونەوە بە دۆسیەکەدا بکات.

 

مانگی نیسان، جێزانی ڕۆژڤەلات کیزماز، بە ئاماژەدان بەو بەڵگانەی کە لەم دواییانەدا لە دۆسیەی گوڵستان دۆکودا ئاشکرا بوون، داواکارییەکی فەرمییان پێشکەش بە داواکاری گشتیی باتمان کرد بۆ ئەوەی بە دۆسیەکەدا بچێتەوە، خێزانەکە داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی پێشوویان کردووە کە لێکۆڵینەوەکەیان داخستووە، بەو پێیەی پێکهاتە نوێیەکان دەتوانن ڕەوتی دۆسیەکە بگۆڕن.

 

لە لێکۆڵینەوەکەدا، دەرکەوتووە کە ڕۆژڤەلات کیزماز یەکێک بووە لە نزیکترین کەسە نهێنییەکانی گوڵستان دۆکو، ئەمەش پرسیاری ئەوە دروست دەکات کە ئایا ئەو زانیاریی لەسەر دیارنەمانی گوڵستان دۆکو هەبووە یان نا، گریمانەیەک ئەوە دەردەخات کە ڕەنگە ڕۆژڤەلات شایەتحاڵی ئەوەی بووبێت کە بەسەر گوڵستاندا هاتووە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە مردنەکەی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیوەست بکات بەو کەیسەوە.

 

لە ڕاپۆرتێکدا، کە لە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٥ لە لایەن ئۆفیسی تاوانی نیشتمانییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای کردووە، ڕاستەوخۆ دوای دیارنەمانی گوڵستان دۆکو، مۆبایلەکەی ڕۆژڤەلات کیزماز کوژاوەتەوە و دواتر دوای ٤٦ ڕۆژ، لە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٠، کاتژمێر ٤:٠٤ی بەیانی، مۆبایلەکەی چالاک کراوەتەوە، هەروەها لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە دوایین پەیوەندیی ڕۆژڤەلات کیزماز لە ٥ی ئاداری ٢٠٢٤، کاتژمێر ٢:٤٧ی بەیانی بووە.

 

ئەم وردەکارییە تەکنیکییانە بە بەڵگەی چارەنووسساز دادەنران کە بووە هۆی کردنەوەی دۆسیەکە، لە کاتێکدا، بەشێک لە دۆسیەی گوڵستان دۆکو لە ئەرزرۆم لە لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام دەرکەوت کە دوای بەدواداچوون بۆ تەلەفۆنەکەی ڕۆژڤەلات کیزماز، ڕاپۆرتی دۆسیەکەیشی گواستراوەتەوە بۆ ئەرزرۆم بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لە هەمان چوارچێوەدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری پەیوەندی نێوان ئەو دوو دۆسیەیە.