"یەك لەسەر سێی دانیشتووانی ناوچە عەرەبییەكان لەژێر هێڵی هەژاریدان"

بەپێی ڕاپۆرتێكی لیژنەی ئابوری و كۆمەڵایەتی ڕۆژئاوای ئاسیا ناسراو بە "ئیسكوا"، یەك لەسەر سێی دانیشتووانی ناوچە عەرەبییەكان لەژێر هێڵی هەژاریدان.

ناوەندی هەواڵ

لیژنەی ئابوری و کۆمەڵایەتی ڕۆژئاوای ئاسیا  "ئیسکوا" ساڵانە سەبارەت بە گەشەكردنە ئابوریی و كۆمەڵایەتییەكان لە ناوچەی عەرەبی ڕاپۆرت ئامادەو بڵاودەکاتەوە، بەپێی ئەنجامەكانی سەرژمێری دوایی ڕاپۆرت یەك لەسەر سێی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە لەژێر هێڵی هەژاریدان، بەو پێیەش نزیكەی ١٣٠ملیۆن كەس هەژارن.

 

سەرەڕای زیادبوونی گەشە، پێشبینی ئەوەش دەكرێت ئابوریی عەرەبی لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە ڕێژەی  ٤.٥٪  گەشە بكات و لەساڵی ٢٠٢٤یشدا بە ڕێژەی ٣.٤٪.


لیژنەكە جەختی لەوەش كردووەتەوە، هەڵاوسان لەو ناوچەیە لە ساڵی ٢٠٢٢گەیشتووەتە ١٤٪و پێشبینی ئەوەدەكرێت لەساڵی ئایندە ٨٪ و لە ساڵی ٢٠٢٤یش ٤.٥٪ دابەزین بەخۆیوە ببینێت، هەروەها پێشبینی دەكرێت ڕێژەی هەژاری لە ناوچەی عەرەبی لە دوو ساڵی ئایندە زیاتر بەرز ببێتەوە و بگاتە  ٣٦٪.


سەبارەت بە ڕێژەی بێكاری لە ناوچەی عەرەبی  ئاماژە بەوەکراوە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ گەیشتووەتە ١٢٪ و پێشبینی دەكرێت ساڵی ئایندە دابەزێت بۆ ١١.٧٪ ئەوەش بەهۆی گەشەی ئابوریی دوای پەتای كۆرۆنا.