تاژێ: ژنانی کورد بە خەبات تۆڵەی کۆمەڵکوژییەکانی پاریس دەکەنەوە
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" لە سێیەمین ساڵیاددا بە ڕاگەیەندراوێکی نووسراو یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریس کردەوە.
شنگال
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "TAJÊ" لە سێیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی پاریس ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو لە کەسایەتی ئەڤین گۆیی و میر پەروەر و عەبدوڕەحمان کزل یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریسی کردەوە و بەڵێنی درێژەدان بە خەباتی دا.
ڕاگەیەندراوەکەی تاژێ بەم شێوەیەیە:
لە سێیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس، یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکانی پاریس لە کەسایەتی شەهید ئەڤین گۆیی، میر پەروەر و عەبدولڕەحمان کزل دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین درێژە بە خەباتیان بدەین، لە مێژووی خەباتی ئازادیخوازی ژناندا، پێشەنگەکانی وەک هاوڕێ ئەڤین گۆیی و ساراکان هەوڵێکی باوەڕپێنەکراویان بۆ بونیادنانی ژیانێکی ئازاد دا. ئێمە وەک ژنانی ئێزدی ئەم قارەمانێتییەی ژنانی پێشەنگ و خەباتکارمان کردۆتە سەرچاوەی ڕێکخستن و خۆپاراستن، کۆمەڵکوژی یەکەم و دووەمی پاریس لە ئەنجامی بەرژەوەندی سیاسی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان و دەوڵەتی تورکیا ئەنجامدرا. لە کەسایەتی ژنە تێکۆشەرەکانی وەک ئەڤین، سارا، لەیلا، فیدان، دەیانویست ئیرادەی کۆمەڵگەی کوردستان بشکێنن و سیاسەتی جینۆساید بگرنەبەر. بەڵام ئەم پلانانە بەهۆی خەباتی ژنانەوە پووچەڵکرانەوە. هەموو هێرشێک بۆ سەر ژنانی شەڕڤان سیاسییە. کۆمەڵکوژییەکانی پاریسیش بەشێک بوون لەم سیاسەتە جینۆساید و دوژمنایەتییە بەرامبەر بە ژنان. ئەم هێرشە لە دژی ژنێکی ئازاد بوو کە خاوەن ئیرادە و هێز و زانست بوو، لە هەمانکاتدا دژی مرۆڤایەتی بوو.
"گەلی کورد کۆمەڵکوژی لەبیر ناکات"
تاژێ لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەرنجی ڕاکێشا بۆ ڕووننەبوونەوە لەسەر کۆمەڵکوژییەکان و ڕووڕەشی دەوڵەتی فەرەنساو تییدا هاتووە: دەوڵەتی فەرەنسا تا ئێستا ئەو هێزانەی لە پشت ئەم کۆمەڵکوژییەوەن ئاشکرا نەکردووە و نە دادگایی نەکردووە. هەموو جیهان بینیویەتی کە دەوڵەتی تورک دەستی لەم کۆمەڵکوژییانەدا هەیە. بەڵام سەرەڕای ئەمەش دەوڵەتی فەرەنسا بە هۆی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا یەک هەنگاوی بۆ متمانە بەخشین بە گەلی کورد نەناوە، لە مێژووی دیموکراسی ئەوروپادا ئەم کۆمەڵکوژییانەی پاریس وەک ڕووڕەشییەک دەچێتە مێژووەوە. گەلی کورد و بەتایبەت ژنان ئەم کۆمەڵکوژییە لەبیر ناکەن و ناهێڵن لەبیر بکرێت، خەباتی ژنان لە دژی سیاسەتی جینۆسایدی دەوڵەتی نێرینە لە هەموو کاتێک زیاتر ڕێکخراوتر بووە.
"تا کۆتایی درێژە بە خەباتیان دەدەین"
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا تاژێ بەڵێنی درێژەدان بە تێکۆشانی شەهیدانی پاریس و هەموو شەهیدانی داو وتی: ئەمڕۆ تەڤگەری ئازادی ژنانی کورد لە سایەی خەباتی ئەو هەڤاڵانەدا لە سەرانسەری جیهاندا ناسێندراوە و بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی تەشەنەی کردووە، وەک ژنانی ئێزدی لە ڕێگەی ئەم فەلسەفەیەوە ئومێدمان بە ژیان پەیدا کرد دوای فەرمانەکە و تۆڵەی فەرمانەکە بە ڕۆحی ئەم پێشەنگانە کردەوە، ئێمە خۆمان بە قەرزاری ئەوان و شۆڕشەکەیان دەزانین کە لە پێناویدا خەباتێکی گەورەیان کردووە ماندووبوونی تێکۆشەرەکانیان و ئەوانەی بەرەنگاری بوون هەمیشە ڕێبازمان ڕۆشن دەکاتەوە، لە سایەی ئەم پێشەنگانە وەک هەڤاڵان ئەڤین، سارا، فیدان، لەیلا، مەدیا، بەرفین و شیلان ئەمڕۆ خۆمان ڕێکخستووە و تێکۆشان بۆ ناسنامەی خۆمان بەدەستهێناوە لە کۆتاییدا داوا لە دەوڵەتی فەڕەنسا دەکەین ڕۆشنایی بخاتە سەر ئەو کۆمەڵکوژیانە و لێپرسینەوە لەو هێز و لایەنانەی کە بەشدارن لە شەهیدکردنی ئەم پێشەنگانەدا جارێکی دیکە داوا لە هەموو ژنانی جیهان دەکەین کە بە فەلسەفەی ژن، ژیان،ئازادی تێکۆشانیان لە دژی جینۆسایدی ژنان و کۆمەڵکوژییەکانی پاریس زیاد بکەن. هەروەک چۆن ژنانی ئێزیدی لە ماوەی ١١ ساڵی ڕابردوودا دژی فەرمانی ساڵی ١٩٧٤ خەباتیان بۆ ئازادی کرد، بەڵێنیش بە هەڤاڵان ئەڤین و سارا و هەڤاڵانیان دەدەین کە تا ئەو کۆمەڵکوژیانەی پاریس ڕوون دەبن، بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان.