تاژێ: لەجیاتی خۆکوشتن، تێکۆشان بۆ ئازاد کردنی ژنانی بندەستی داعش
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی لەسەر زیادبوونی خۆکوشتن لە کامپی ئاوارەکان لە دهۆک ڕایگەیاند: خۆکوشتن چارەسەر نییە، هەر کێشەیەک چارەسەرێکی هەیە.
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی لەسەر زیادبوونی خۆکوشتن لە کامپی ئاوارەکان لە دهۆک ڕایگەیاند: خۆکوشتن چارەسەر نییە، هەر کێشەیەک چارەسەرێکی هەیە.
ناوەندی هەواڵ
لە ماوەی ڕابردوودا خۆکوشتن لە ناو کەمپەکانی دهۆک کە ئاوارە یەزیدیەکانی تێدا دەمێننەوە زۆر زیادی کردووە، بە شێوەیەک لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٢ ژن خۆیان کوشتووە ولە هەفتەیەکیشدا چوار گەنج.
لە ڕاگەیەندراوی تەڤگەری ئازادی ژنانی یەزیدیدا هاتووە: وەک تاژێ بە بیستنی هەواڵی خۆکوشتنی ژنان خەمگین دەبین و دەڵێین کە خۆکوشتن چارەسەر نییە، لە جێی خۆکوشتن پێویستە بیر لە خانەوادە، کۆمەڵگا و ئەو کچ و دایکانە بکەنەوە کە ئێستا لە دەستی چەتەکانی داعش دان و چارەنووسیان نادیارە، و بۆ ئەوان تێبکۆشن، ئەوەی ئێستا دەبێت تۆڵەی ئەوانە بکاتەوە و وەڵامی یارییەکانی سەر کۆمەڵگای ئێزدی بداتەوە، ژنانی ئێزدین، باری سەر شانی ئێمە وەک ژنانی گەنج قورسە و کۆمەڵگاکەمان سەیرمان دەکات تا پێشەنگایەتییان بۆ بکەین، دەبێت تووڕەییمان نەبێتە هۆکاری خۆکوشتن، پێویستە ببێتە هۆکاری تۆڵەکردنەوە لە هێزە داگیرکەرەکان و بکوژانی کۆمەڵگای ئێزدی کە هەر جارە و فەرمانێک بەسەر ئەم کۆمەڵگایە دا دێنن.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا بەم شێوەیە باس لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەکەن بۆ ژنان و بە تایبەت ژنانی گەنج، کە ئەوەندە خۆیان خەریکی ئەو تۆڕانە دەکەن کە چیتر ناتوانن لەناویاندا دەربچن.
لە بەشێکی دیکەدا هاتووە: داوامان لەو ژنانە ئەوەیە کە دەتوانن بگەڕێنەوە سەر خاک و زێدی خۆیان و لێرە خەباتی ژنانی ئێزدی بەڕێوە ببەن، ئامانجی تاژێ-یش بەڕێکخستن کردنی ژنانی ئێزدی و وەڵامدانەوەی هەموو کێشەکانی کۆمەڵگای ئێزدی و ژنانی گەنجی ئێزدییە، دەرگای تاژێ بۆ ژنان و کچانی ئێزدی کراوەیە.
ت.پ