تاڵیبان و هاوسەرگیری زۆرەملێ؛ بەرگریکردن لە ئایین یان ڕەوایەتیدان بە توندوتیژی؟
لە ئەفغانستان لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا چارەنووسی ژنان بە ئاڵوگۆڕێک لە نێوان هەژاری و بناژۆخوازی و چەکدا دیاری دەکرێت، کاتێک ژنان خۆیان دەکوژن بۆ دەربازبوون لە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەندامانی تاڵیبان، ئایا دەتوانین بڵێین میرنشینی ئیسلامی بەرگریکاری مرۆڤە؟

بەهاران لاهیب
غور-هاوسەرگیری زۆرەملێ زۆرەملێ دیاردەیەکی پڕ لە ئازارە کە دوای داگیرکردنی سۆڤیەت بۆ سەر ئەفغانستان و دواتر لەگەڵ دەستپێکردنی دەسەڵاتی گروپە جیهادیەکان لە ساڵی ١٩٩٢دا بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەکانی لە زیادبووندایە. سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵان، هیچ هەنگاوێکی جددی و کاریگەر بۆ وەستاندنی ئەم کارە نامرۆڤانەیە نەگیراوەتەبەر.
هاوسەرگیری زۆرەملێ بووەتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی خێزانی و خۆکوشتنی مێینە و تەنانەت ژنکوژی. ئەفغانستان نەک هەر پێکهاتەیەکی پیاوسالاری، بەڵکوو هەژموونی بناژۆخوازیشە، کە تیایدا هەردوو ئایدۆلۆژیا ژن بە دوژمنی سەرەکی خۆیان دەزانن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە، تەنها لە پارێزگاکانی هەرات و بەدغیس، ١٨٣ حاڵەتی هاوسەرگیری زۆرەملێ و ١٠ حاڵەتی بازرگانیکردن بە منداڵان تۆمارکراوە. قوربانیانی ئەم هاوسەرگیریانە منداڵانی تەمەن نێوان ٦ بۆ ١٧ ساڵ بوون.
لە ڕابردوودا بەپێی یاسا مەدەنییەکان تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری کچان بە ١٨ ساڵ دانرابوو. بەڵام لەگەڵ هاتنی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، ئەم یاسایە هەڵوەشایەوە و تەمەنی باڵغبوون بۆ ٩ ساڵ کەمکرایەوە بە پشتبەستن بە لێکدانەوە توندڕەوەکانی شەریعەت. لە لایەکی ترەوە بێبەشکردنی ژنان لە خوێندن وایکردووە زۆرێک لە خێزانەکان کچەکانیان لە خوار تەمەنی یاساییەوە هاوسەرگیری بکەن یان بیفرۆشن بۆ ئەوەی ڕێگری لە هاوسەرگیری زۆرەملێ لەگەڵ پیاوانی چەکداردا بکەن، یان بەهۆی هەژاری و زیندوویی هێشتنەوەی ئەندامانی دیکەی خێزانەکە.
سەردانی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان گەشتکردن بۆ ناوچە جیاوازەکانی ئەفغانستان ڕووخسارێکی تاڵ لە ئازارە نەگێڕدراوەکانی ژنانی ئەفغانستان ئاشکرا دەکات. ئەو ژنانەی کە بە بێدەنگی چەقۆیان لێدراوە، هەندێکیشیان ناچار کراون خۆیان بکوژن. ئەم شەپۆلە توندوتیژییە لە سەردەمی ڕژێمی تاڵیباندا توندتر بوو.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر عابێدە تەمەن ٢٠ ساڵ بۆ ئەوەی لە هاوسەرگیرییەکی زۆرەملێ لەگەڵ برای ئەندامێکی تاڵیبان ڕزگاری بێت، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا. لەیلا ناز، یەکێک لە خزمەکانی پێی ڕاگەیاندین: "ئەوان عابێدەیان کوشت بەهۆی دژایەتیکردنی هاوسەرگیری سێیەم لەلایەن ئەندامێکی تاڵیبانەوە، دەیانویست بە زۆر بیبەن". کاتێک باوک و براکەی بەرەنگاری بوون، زیندانی کران. "بەهۆی ئەوەی هیچ ڕێگەیەکی دەربازبوون نەبوو، عابێدە بۆ کۆتاییهێنان بەم ستەمکارییە ئاگری لە خۆی بەردا."
ڤیدیۆی تەرمی سووتاوی عابێدە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە. هەرچەندە خەڵک پەلەیان کرد بۆ ڕزگارکردنی، بەڵام بەداخەوە مرد. وەک هەمیشە تاڵیبان بێدەنگ بوو و هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەکرا. لەناو ئەم بێدەنگیەدا تاکە دەنگی ناڕەزایەتی لە ژنانی ناڕازی و چالاکانی مافی ژنان بیسترا.
وەجیهە نەجات، یەکێک لە ژنانی ناڕازی لە چاوپێکەوتنێکدا پێی ڕاگەیاندین: "ئێمەی ژنان هەموو ڕۆژێک قوربانی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی لەلایەن تاڵیبانەوە دەبین". "لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا تاڵیبان ژنانی زۆریان کوشتووە و هەرگیز لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکراوە".
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەداخەوە تاکە کەس کە بۆ تۆڵەسەندنەوەی ئەو دڕندەیی و تاوانانە هەستاون، خودی ژنانن. "پێویستە بە هۆشیارانە و بەبڕیارانە خەبات بکەین بۆ ڕزگارکردنی ژنان لە هەژموونی تاڵیبان و بناژۆخوازی جیهادی بۆ ئەوەی ئارامی و خۆشگوزەرانی و ئارامی بۆ کۆمەڵگە بگەڕێنینەوە".
هاوسەرگیریی زۆرەملێ تەنیا بڕیارێکی خێزانیی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە توندوتیژیی پێکهاتەیی و پێشێلکردنی جددی مافەکانی مرۆڤە. لە کاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوامە لە بێدەنگی، ژنانی ئەفغانستان بە دڵ و گیانیان لە دژی توندڕەوی وەستاون. بەڵام درێژەدان بەم ڕەوتە پێویستی بە پشتیوانی و سەرنج و کردەوەی بەپەلە هەیە بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بتوانن لە سایەی مرۆڤایەتیدا گەورە بن نەک زۆرەملێ.