تاڵیبان ماڵەکان دەکاتە زیندان و قەیرانە دەروونییەکان گەورەتر دەکەن
هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن لەلایەن کە ژنانی کردۆتە ئامانج بەهۆی "لەبەرکردنی حیجاب بە شێوەیەکی نادروست" ترسێکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوەو زۆرێکیان ناچارکردووە چالاکییە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکانیان کەمبکەنەوە و ماڵەکانیان بگۆڕن بۆ شوێنی داخراو.
بەهاران لەهیب
ئەفغانستان-لەگەڵ زیادبوونی دەستگیرکردنی ژنان بەهۆی "حیجابێکی نادروست" لەلایەن تاڵیبانەوە، شەپۆلێکی ترس و دڵەڕاوکێ و کاردانەوەی دەروونی ژنان و خێزانەکانیان گرتووەتەوە، ڕاپۆرتەکانی خۆکوشتن و توندوتیژی سێکسی دوای دەستگیرکردنەکان، ئەم ترسانەیان زیاتر گەورەتر کردووە.
ئاژانسەکەمان چاوپێکەوتنی لەگەڵ چەند ژنێکی پارێزگا جیاوازەکانی ئەفغانستان ئەنجامدا بۆ زانینی ئەو کێشانەی کە دوای هەر شەپۆلێکی دەستگیرکردنیان بەهۆی "حیجابێکی نادروست" ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، هەر ژنێک چیرۆکێکی جیاوازی دەگێڕایەوە، بەڵام هەموویان ڕەنگدانەوەی ئەو دەستدرێژیانە بوون کە تاڵیبان بەرامبەر بە ژنان ئەنجامیاندا.
چەند ژنێکی گەنج وتیان: هەرکاتێک لە ماڵەوە دەردەچین هەست بە دڵەڕاوکێ و ترس دەکەین، چونکە ترسمان هەیە بەبێ هیچ هۆکارێک دەستگیر بکرێین، ئەم دۆخە وایکردووە زۆرێکیان چالاکییە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکانیان کەم بکەنەوە، تەنانەت کارلێکە کۆمەڵایەتییەکانیان کەم بکەنەوە.
چالاکوانانی مافی ژنان پێیان وایە ترس دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر تەندروستی دەروونی ژنان و منداڵانی کچ هەبێت، بە بۆچوونییان، سنووردارکردنی بوونی ژنان لە کۆمەڵگەدا، لە ڕۆڵی خۆیان لە لایەنە جیاوازەکانی ژیاندا بێبەشیان دەکات.
ترس یەکەم دەرئەنجامی دەستگیرکردنی ژنانە
لەیلا فەروغ لە یەکێک لە گەڕەکەکانی کابول دەژی و بە دوودڵی ڕازی بوو کە ڕێگەمان پێبدات بچینە ناو ماڵەکەیەوە، کاتێک چووینە ژوورەوە، دەموچاوی خیانەتی لە دڵەڕاوکێیی کرد، بەڵام هێشتا بە گەرمی پێشوازی لێکردین، چووینە ژوورێکەوە کە بە کارە هونەریەکانی ڕازاوەتەوە، جوانی و ئارامی بۆ خانووە بچووکەکەی زیاد دەکرد.
ڕوونیشیکردەوە، دوای ئەو هەواڵەی لە هەراتەوە، خێزانەکەی لەڕادەبەدەر نیگەران بوون، وتی: ئەمە یەکەمجار نییە، لەوەتەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتە دەست و بەتایبەتی دوای بیستنی هەواڵی دەستگیرکردنی ژنان و منداڵانی کچ بەهۆی ئەوەی حیجابیان بە باشی لەبەر نەکردووە، ترسی خێزانەکەم زیادی کردووە، هەرجارێک لە ماڵەوە دەردەچم، دایکم چەندین جار پێم دەڵێت خێرا بگەڕێوە.
دۆخەکە گۆڕاوە و ماڵەکە بووەتە زیندانێکی خۆسەپێنراو بۆ ژنانی ئەفغانی، لەم چوارچێوەیەدا، لەیلا فەروغ وتی: پێشتر دەچوومە دەرەوە بۆ سەردانی هاوڕێکانم یان کڕینی پەرتوک، بەڵام ئێستا هەست دەکەم ئازادیم سنووردارە، تا دەگەڕێمەوە ماڵەوە، دایکم چەند خولەک جارێک تەلەفۆنم بۆ دەکات و لێم دەپرسێت لە کوێم و کەی دەگەڕێمەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە، بۆ ئەوەی ئەو یان خێزانەکەم نیگەران نەبم، بە دەگمەن ماڵەکە بەجێدەهێڵم.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ترسەکە تەنها لە هەراتدا سنووردار نییە، کاتێک شتێکی لەم شێوەیە ڕوودەدات، هەموو منداڵانی کچی ئەفغانستان هەست بە نائارامی دەکەن و ئێستا زۆرێک لە هاوڕێکانم پێیان باشە لە ماڵەوە بمێننەوە و تەنها لەکاتی پێویستدا بچنە دەرەوە.
"ماڵەکان بونەتە زیندان"
فاتمە حوسێنی، خوێندکاری تەمەن ٢٥ ساڵ لە پەیمانگای زمانی ئینگلیزی لە بامیان، ڕوونیکردەوە، ئەو خێزانانەی ژنانی گەنجیان هەیە و دەچنە دەرەوە بۆ کار یان خوێندن، تا دەگەڕێنەوە ماڵەوە لە دڵەڕاوکێی بەردەوامدا دەژین، وتی: زۆرێک لە ژنانی گەنج پێیان باشە دەرچوونەکانیان کەمبکەنەوە، بۆ ئەوەی فشاری دەروونی بۆ خۆیان و خێزانەکانیان کەمبکەنەوە، هەروەها دوای دەستگیرکردنی ژنان لە هەرات لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتەوە، دەنگۆی دەستگیرکردنی ڕۆژانەی ژنانی گەنج لە بامیان بڵاودەبێتەوە، بەڵام خەڵک لە ترسەوە باسی ناکەن، هەر بۆیەش پەیمانگاکەمان و هەموو ئەو دامەزراوە پەروەردەییانەی کە ژنانی گەنج تێیدا دەخوێنن بۆ ماوەی هەفتەیەک داخران، باوکم هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە من بە تەنها نەچمە دەرەوە، چونکە ترسی هەیە دۆخەکە لە پارێزگاکانی دیکە خراپتر بێت.

پێشێلکارییەکانی تاڵیبان سنووردارکردنی خێزان لە هەرات زیاد دەکەن
شوکوفە شجاع، خەڵکی پارێزگای بەلخ، وتی: دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵ لەسەر دەستگیرکردنی ژنان لە هەرات، زۆرێک لە خێزانەکانی گەڕەکەکەمان سنووردارکردنی زیادەیان بەسەر منداڵە کچەکانیان سەپاند، هەندێکیان چیتر ڕێگەیان پێنادەن بچنە دەرەوە بەبێ ئەوەی ئەندامێکی خێزانەکەیان لەگەڵدا نەبێت، خێزانەکەم یەکێکە لەوانە، دایک و باوکم هەمیشە نیگەرانییان دەردەبڕن، جەخت لەوە دەکەنەوە کە تاڵیبان هیچ ڕێزێکیان بۆ خێزانەکان و کەرامەتیان نییە، بۆیە باشترە نەکەوێتە دەستیان.
وتیشی: ژنانی گەنج ڕۆژ بە ڕۆژ هەست بە کەمبوونەوەی شوێنی ژیانیان دەکەن، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر مۆڕاڵ و هیواکانیان دەبێت، هەر ئەمەش وایکردووە ژمارەی ئەو کەسانەی بەدەست کێشەی دەروونییەوە دەناڵێنن بەردەوام لە زیادبووندا بێت، ژنان زۆرینەی ئەو حاڵەتانە پێکدەهێنن.
ترسی هاوبەش... لە کابولەوە بۆ هەرات و جەلال ئاباد
واحیدە بەرکت لە ناوچەیەکی دوورەدەستی پارێزگای هەرات دەژی، باوکی ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی پێشوو بووە، تاڵیبان شەو لە ماڵەکەیەوە بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیری دەکات و لەو کاتەوە خێزانەکە هیچ قسەیەکیان لەسەر چارەنووسی نەکردووە، دایکی دوای ڕووداوەکە بەهۆی خەم و دڵەڕاوکێیەوە گیانی لەدەستدا، واحیدە ئێستا لەگەڵ دوو برا بچووکەکەی دەژی و بەرگەی ژیانێکی پڕ لە ئازار و ناخۆشی گرتووە.
لە کاتی گفتوگۆکردنماندا سەبارەت بە دۆخی دوای دەستگیرکردنی ئەو ژنانە، دوای وەستانێکی زۆر بە هێمنی وتی: کەس لە من باشتر تاڵیبان ناناسێت، من ئازاری لەدەستدانی باوک و دایکم لە دڵمدا هەڵدەگرم، هەروەها زۆر باش دەزانم چۆن خەڵک تیرۆر دەکەن، بۆیە دوای دەستگیرکردنی ژنان، کەشوهەوای شارەکە بە تەواوی گۆڕا، زۆرێک لە ژنان و منداڵانی کچ لە ترسی هەراسانکردن کەمتر لە شەقامەکاندا دەرکەوتوون.
شاهین محەمەدی، کە لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە جەلال ئاباد کار دەکات، جەختی لەوە کردەوە، کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و سەختییەکان بەردەوامە لە کارەکەی و وتی: دایکان ترسیان بۆ چارەنووسی منداڵە کچەکانیان هەیە، هەروەها زۆرێک لە منداڵە کچەکان هەست دەکەن کە ڕەنگە لە هەر ساتێکدا ڕووبەڕووی سنووردارکردنی توندتر یان چارەنووسێکی خراپتر ببنەوە، بۆیە بە ترسەوە ماڵەکانیان بەجێدەهێڵن، زۆرجار بیرم لەوە کردەوە کە کارەکەم جێبهێڵم، بەڵام دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر، بە خۆمم وت کە تاڵیبان دەیەوێت بارودۆخەکە ئەوەندە ترسناک بکات کە ژنان بە هەر نرخێک بێت لە ماڵەوە دەرنەچن، بۆیە بڕیارمدا بەردەوام بم لە کارەکانم.