تاڵیبان هەڵیکوتایە سەر دامەزراوەیەکی لێکۆڵینەوەی مافی ژنان و منداڵان و چەند ئەندامێکی دەستگیرکرد
هەڵکوتانی چەکدارانی تاڵیبان بۆ سەر ئۆفیسی "دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی مافەکانی ژنان و منداڵان" لە پایتەختی ئەفغانستان (کابول) و دەستگیرکردنی شەش لە کارمەندەکانی، شەپۆلێکی نیگەرانی لەناو ڕێکخراوە دادپەروەرییەکان و خێزانی دەستگیرکراوەکاندا دروست کردووە.
ناوەندی هەواڵ
کارەکانی مافی مەدەنی و مرۆڤ لە ئەفغانستان شایەتی زیادبوونی سنووردارکردنەکانە، سنووردارکردن بەسەر چالاکییەکانی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی ئەوانەی بەرگری لە مافەکانی ژنان و منداڵان دەکەن.
ڕێکخراوی ژنانی ئەفغانستان ٢٣ی تەمووز، ڕایگەیاند کە چەکدارانی تاڵیبان پێنج ڕۆژ لەمەوبەر هەڵیانکوتایە سەر ئۆفیسی "دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی مافەکانی ژنان و منداڵان" و ژمارەیەک لە کارمەندەکانیان دەستگیرکرد، کە شەش لەوانە کارمەندی ژنن، تاوەکو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە، لە سایەی نەبوونی زانیاری فەرمی سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستگیرکردن یان شوێنی دەستبەسەرکردنیان.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەڵمەتەکە نووسینگەی دامەزراوەکەی کردۆتە ئامانج کە زەرقا یەفتلی، چالاکوانی مافی ژنان سەرۆکایەتی دەکات، لەکاتی هەڵمەتەکەدا توخمەکان دەستیان بەسەر کەرەستەی کار و بەڵگەنامە و دۆسیەکانی سەر بە دامەزراوەکەدا گرتووە، ئەمەش بووە هۆی پەکخستنی چالاکییەکانی.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، کە لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بڵاویکردەوە، ڕێکخراوی ژنانی ئەفغانستان داوای لە ئۆفیسی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی ئەفغانستان (یوناما)، لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکانی مافی مرۆڤ کرد، کە دەستوەردانی بەپەلە بکەن بۆ زانینی چارەنووسی دەستگیرکراوەکان و کارکردن بۆ ئازادکردنیان بە زووترین کات و بێ مەرج.
ئۆفیسی"دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی مافەکانی ژنان و منداڵان" یەکێکە لەو ڕێکخراوانەی کە لە بواری پەروەردە، بەرگریکردن لە مافەکان، ئەنجامدانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە، ئامادەکردنی ڕاپۆرتە پەیوەندیدارەکان بە دۆخی ژنان و منداڵان لە ئەفغانستان کار دەکات.
خێزانی کارمەندە دەستگیرکراوەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕی بەرانبەر بە بەردەوامبوونی پچڕانی زانیارییەکان لەسەر ئازیزانیان، داوایان لە دەسەڵاتداران کرد کە شوێنی دەستبەسەرکردنیان ئاشکرا بکەن، هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان روون بکەنەوە، دڵنیاببنەوە لەوەی کە چاودێری و مافە بنەڕەتییەکانیان بەدەستهێناوە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە بەردەوامی سنووردارکردنی کاری ڕێکخراوە مەدەنی و مافی مرۆڤەکان لە ئەفغانستان بەتایبەتی ئەوانەی کە گرنگی بە پرسی ژنان و منداڵان دەدەن، هەروەها لە کاتێکدایە کە چەندین جار بانگەوازی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کرێکارانی مافی مرۆڤ و دەستەبەرکردنی بەردەوامی کارکردنی دامەزراوە مرۆیی و مەدەنییەکان.