تاوانەکانی کوشتن و ڕووداوە تەمومژاوییەکان لە تورکیا دڵەڕاوکێ دروست دەکەن

له‌ توركیا ڕووداوه‌كانی كوشتن و گیانله‌ده‌ستدانی گوماناوی ژنان زیادیان كردووه‌؛ له‌وانه‌ كوشتنی ژنێك له‌ ئەلازیغ به‌ ده‌ستی هاوسه‌ره‌كه‌ی، دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی كچه‌ خوێندكارێك له‌ كۆنیا، و گیانله‌ده‌ستدانی منداڵێك به‌ ته‌قه‌ی هه‌ڵه‌ له‌ ئایدین.

ناوەندی هەواڵ 

 

دۆسیەی توندوتیژی دژی ژنان لە تورکیا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت، لەگەڵ دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی کوشتن و دەستدرێژیکردن کە کێشەکە دەهێننەوە بەر باس و دڵەڕاوکێیەکی بەربڵاوی کۆمەڵایەتی دروست دەکەن، ئەمەش لە ناوەڕاستی داواکارییە بەردەوامەکان بۆ توندکردنی ڕێکارەکان و بەهێزکردنی ئامرازەکانی پاراستنی ژنان.

 

ڕاپۆرتەکانی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی کوشتنی ژنان و حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانی گوماناوی لە تورکیا بەردەوامن، ئەمەش لە ژێر سێبەری بەرزبوونەوەی بەردەوامی ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان؛ لە شاری ئەلازیغ، ڕەقیبی یەکەم (موراد. ج) تەقەی لە هاوسەرەکەی (دێریا. ج) کرد و بووە هۆی گیانلەدەستدانی، دوای بیستنی دەنگی تەقەکان، هاوسێکان لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادارکردەوە و دەستبەجێ تیمەکانی پۆلیس و فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.

 

تەرمی قوربانییەکە بۆ ئەنجامدانی پشکنین و توێکاری گواسترایەوە بۆ پزیشکی دادی لە نەخۆشخانەی زانکۆی فورات، لە هەمان کاتدا تاوانبارەکە دەستبەسەرکرا و لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی لەسەر ڕووداوەکە دەستیپێکرد.

 

گیانلەدەستدانی کچە گەنجێک لە بارودۆخێکی تەمومژاویدا

لە گەڕەکی مەرام لە شاری کۆنیا، تەرمی کچە خوێندکارێکی زانکۆ بە ناوی هێنی ئیپۆزەینەب (١٩ ساڵ) کە لە قاوەخانەیەکدا کاری دەکرد، لە ناو کۆگای قاوەخانەکەدا و لە بارودۆخێکی ناڕووندا دۆزرایەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی کردووە و تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ پەیمانگای پزیشکی دادی لە کۆنیا. ئەم کچە گەنجە خوێندکاری بەشی پلاندانانی شار و هەرێم بوو لە زانکۆی نەجمەدین ئەرباکان.

 

گیانلەدەستدانی منداڵێک لە ئایدین

لە ناوچەی دێدێم لە شاری ئایدین، منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا گیانی لەدەستدا. بەپێی بانگەشە سەرەتاییەکان، فیشەکێک بە هەڵە لە دەمانچەیەک دەرچووە کە پێدەچێت هی مامی منداڵەکە بێت، منداڵەکە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە. لە بەرامبەردا مامی منداڵەکە دەستبەسەرکراوە و لێکۆڵینەوەی فەرمی لەسەر ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.