سێیەمین پێشانگای هونەریی منداڵانی ئۆتیزم کرایەوە
ئەمڕۆ،سێیەمین پێشانگای هونەریی سەنتەری ئۆتیزمی سلێمانی لەژێر ناونیشانی هونەر دێتە گۆ کاتێک وشەکان بێدەنگن، پێکەوە بەرەو جیهانێکی تێگەیشتوو کرایەوە.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، لەژێر ناونیشانی هونەر دێتە گۆ کاتێک وشەکان بێدەنگن، پێکەوە بەرەو جیهانێکی تێگەیشتوو، سێیەمین پێشانگای هونەریی تایبەت بە بەرهەمی منداڵانی ئۆتیزم لەلایەن سەنتەری ئۆتیزمی سلێمانییەوە کرایەوە. لە پەراوێزی پێشانگاکەشدا، کەسوکاری منداڵان تیشکیان خستە سەر ئاستەنگەکانی بەردەم بەخێوکردنی ئەم توێژە و داوای ئاوڕدانەوەی زیاتریان کرد.
جیاوازیی حاڵەتەکان و گرنگیی هاوکاریی خێزانی
سۆما سەلام، دایکی منداڵێکی تووشبوو بە ئۆتیزم، وتی: حاڵەتەکانی ئۆتیزم لە یەکتر جیاوازن؛ من و هاوژینەکەم لەناو ماڵدا بەردەوام هاوکاری یەکترین بۆ بەخێوکردنی منداڵەکەمان کە ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر دەبێت، لە سەنتەریش مامۆستاکان هاوکارییەکی باشمان دەکەن.
ناوبراو تیشکی خستە سەر لایەنی دەروونی چالاکییەکە و وتی: کردنەوەی ئەم جۆرە پێشانگایانە لەڕووی دەروونییەوە سوودێکی زۆری بۆ منداڵەکان هەیە. سەبارەت بە ڕۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەکانیش، گلەیی ئەوەی کرد کە حکومەت هاوکاریی پێویستی منداڵانی ئۆتیزمی نەکردووە و داوای کرد ئاوڕی جدییان لێ بدرێتەوە، چونکە پێویستییان بە چاودێریی تایبەت هەیە.
ئەرکی قورس و پێویستیی بەردەوامبوونی پشتگیرییەکان
لەلایەکی دیکەوە، ئاوار عوسمان، دایکی منداڵێکی تری ئۆتیزم، ئاماژەی بە قورسیی قۆناغی پەروەردەکردنیان کرد و وتی: ڕۆژانە منداڵەکەم دەهێنم بۆ سەنتەر؛ ئەرک و ماندووبوونی منداڵی ئۆتیزم زۆر زیاترە لە منداڵێکی ئاسایی. ئەگەر منداڵێکی ئاسایی بە یەکجار فێری شتێک بێت، ئەوا ئەم منداڵانە پێویستییان بە دە جار دووبارەکردنەوە هەیە بۆ ئەوەی فێر ببن.
ئاوار عوسمان ئەوەشی خستەڕوو کە هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم توێژە وەک پێویست نییە و ئەم منداڵانە پێویستییان بە پشتگیریی دارایی و گەشەپێدانی زۆر زیاترە. لە کۆتاییدا داوای کرد کە ئەم جۆرە چالاکییە هونەری و کۆمەڵایەتییانە بەردەوام بن، چونکە کاریگەریی ئەرێنی و ڕاستەوخۆیان لەسەر گەشەی منداڵەکان هەیە.