بزووتنەوەکانی گەلان لە بۆلیڤیا داوای گرتنەبەری ڕێبازی سیاسی و ئابووری پێویست دەکەن
سەدان دەستگیرکردن و دەیان بەربەست و ناڕەزایەتی بەربڵاو لە سەرانسەری وڵاتدا ئاماژەن بۆ قووڵبوونەوەی قەیرانی یاسای لە بۆلیڤیا، بزووتنەوەکانی گەلان داوای دەستلەکارکێشانەوەی ڕۆدریگۆ پازو پرسیار لەو ڕێبازە سیاسی و ئابوورییە دەکەن کە پێویستە بگیرێتەبەر.
جەمیلە زاغ
ناوەندی هەواڵ-تەنها شەش مانگ دوای دەستبەکاربوونی حکومەتەکەی ڕۆدریگۆ پاز، بۆلیڤیا ڕووبەڕووی یەکێک لە قووڵترین قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانی بووەتەوە لە ساڵانی ڕابردوودا، کە لابردنی یارمەتییەکانی سووتەمەنی، سیاسەتەکانی خۆپارێزی و ڕێوشوێن کە گوایە زەوییە ڕەسەنەکان دەکەنە ئامانج، هاوپەیمانییەکی کۆمەڵایەتی فراوانی هێناوەتە سەر شەقامەکان، کە جوتیاران، کرێکاران، گەلانی ڕەسەن و ڕێکخراوەکانی ژنان لەخۆدەگرێت، هەروەها ئەو بەربەستانەی لە سەرانسەری وڵاتدا دروستکراون و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان نەک تەنها دژایەتی حکومەت بەڵکو ململانێی نێوان دیدگا سیاسییە جیاوازەکان بۆ داهاتووی بۆلیڤیا ڕەنگدەداتەوە.
لە شەقامەکانی لابازدا، قسەکانی ژنێکی کۆڵبەر بە کورتی بناغەی قەیرانی ئێستا دەگرێتەوە وتی: ئەگەر خەڵک هەڵیبژێرن، گەل دووری دەخاتەوە، ئەم قسانە تەنها کاردانەوەی تاکەکەسی نین، بەڵکو ڕەنگدانەوەی هەستێکی هاوبەشن لە نێوان سپێکتریمی بەرفراوانی بزووتنەوەکانی کۆمەڵایەتیی، لە جوتیارانەوە تا سەندیکاکانی کرێکاران و لە کۆمەڵگە ڕەسەنەکانەوە تا لیژنەکانی گەڕەکەکان.
ئەوەی ئەمڕۆ لە بۆلیڤیا ڕوودەدات دەرئەنجامێکی سروشتی پێکهاتەکانی دەوڵەت و حکومەتە کە شکست دەهێنن لە داننان بە ئیرادەی خەڵک، دەکرێ بارودۆخی ئێستا بە ململانێی نێوان “ئیرادەی گەل” و “ستەمکاری دەوڵەت” پێناسە بکرێت.
لە بەڵێنەکانی هەڵبژاردنەوە بۆ بەرنامەیەکی نیولیبراڵ
ڕۆدریگۆ پاز لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٥دا هاتە سەر دەسەڵات، بەهۆی ئەو هاوپەیمانییەی کە لەگەڵ ئدمان لارا، ئەفسەری پێشووی پۆلیس دروستی کرد، لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا خۆی وەک کەسێکی کراوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ جوتیاران، کۆمەڵگە ڕەسەنەکان، مامۆستایان و گروپەکانی چینی کرێکاران نیشان دا و بەڵێنی دا کە سیمای فرە نەتەوەیی بۆلیڤیا بپارێزێت و سیاسەتی گەل پەیڕەو بکات.
بەڵام ئەو سیاسەتانەی دوای دەستبەکاربوونی جێبەجێکران، دژایەتییەکی توندیان لەگەڵ قسەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا ئاشکرا کرد، بە بیانووی چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری، حکومەت ڕێوشوێنی خۆپارێزی جێبەجێ کرد و بڕیارەکانی دا کە ڕێگەی بە خێراتر بەکارهێنانی سامانە سروشتییەکان دەدا.
لە کاتێکدا، کە بارگرانی ئەم سیاسەتانە ڕاستەوخۆ خرایە سەر شانی کرێکاران و جوتیاران و گروپە هەژارەکان، لە هەمان کاتدا هەڵوەشاندنەوەی باجی گەورەی سەروەت و سامان و زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی بۆ بەرپرسانی باڵای پێشوو و پەسەندکردنی ئەو هەموارکردنانەی کە خەڵاتی نوخبەکانی ناو دەوڵەت بەرز دەکەنەوە، کە ئەو پەڕۆیەیان پێکهێنا کە پشتی وشترەکەی شکاند.
بەم شێوەیە دژایەتی نێوان قسە و باسەکانی حکومەت سەبارەت بە قەیرانی ئابووری و کردەوەکانی تا دێت زیاتر دەرکەوت. لە کاتێکدا، خەڵک قورسایی قەیرانەکە لە ئەستۆ دەگرن، کە بازنەکانی سەرمایە و نوخبە ئابوورییەکان پارێزراون، ئەمەش وایکردووە بەڕیوبەری باز زیاتر وەک "نوێنەری گۆڕانکاری نیولیبراڵ" سەیر بکرێت.
کاردانەوەی بزووتنەوە ڕەسەنەکان و جوتیاران
یەکێک لە هۆکارە هەرە بەرچاوەکان کە قەیرانەکەی قووڵتر کردەوە، پرسی سامانە سروشتییەکان و سیاسەتی زەوی و زار بوو، کە یاسای ١٧٢٠ لەلایەن کۆمەڵگە ڕەسەنەکان و ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزەران و بزووتنەوەکانی جوتیارانەوە ڕەخنەی زۆری لێگیرا، نیگەرانی ئەوە خرایەڕوو کە ئەم یاسایە دەرگا بەڕووی چالاکییە نوێیەکانی کانگادا دەکاتەوە و کاریگەریی کۆمپانیاکان لە ناوچە ڕەسەنەکاندا بەهێز دەکەن، ئەمەش ململانێی زەمینی درێژخایەن دەکاتەوە.
ڕێپێوانەکان لە ناوچەی بێنی و پاندۆ دەستی پێکرد پێش ئەوەی بە خێرایی بۆ ناوچەکانی دیکەی وڵات بگوازرێتەوە، ڕێپێوانە درێژخایەنەکان بەرەو لاباز تەنها ناڕەزایەتییەک نەبوون بەرامبەر بە یاسایەکی دیاریکراو، بەڵکو ڕەتکردنەوەی گشتی ئاراستەی سیاسی حکومەت بوو، لەم ماوەیەدا، ڕێکخراوەکانی جوتیاران و نوێنەرانی ڕەسەن و بزووتنەوە ژینگەپارێزەکان لە دەوری یەک داواکاری یەکگرتوو بوون: دەستلەکارکێشانەوەی ڕۆدریگۆ پاز.
ناڕەزایەتییەکان تەنها ڕەگ و ڕیشەی لە قەیرانی ئابووریدا نییە، بەڵکو بە جۆرێک کە نموونەی دەوڵەتی فرەیی خەریکە دەڕووخێت و دەستکەوتە مێژووییەکانی گەلانی ڕەسەن لە ژێر هەڕەشەدایە.
شەقامەکان دەگەڕێنەوە بۆ ناوەندی سیاسەت
یەکێک لە لایەنە سەرنجڕاکێشەکانی ناڕەزایەتییەکانی بۆلیڤیا، بنکە کۆمەڵایەتییە فراوانەکەیانە، سەندیکا و ڕێکخراوەکانی وەک کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکاران و کۆڵبەرانی بۆلیڤیا (CSUTCB)، ناوەندی کرێکارانی بۆلیڤیا (COB)، یەکێتی توپاک کاتاری، ڕێکخراوی ژنانی بارتۆلینا سیزا، و لیژنەکانی گەڕەک لە ”إل ألتو” هەموویان بەشداری ناڕەزایەتییەکان دەکەن، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی توانای بزووتنەوەکە بۆ یەکخستنی گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان لە دەوری تەوەرێکی هاوبەشی ناڕازیبوون.
بە سەیرکردنی مێژووی ئەم دواییەی بۆلیڤیا، وەک لە قەیرانەکانی ساڵی ٢٠٠٣ و ٢٠١٩دا بینراوە، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە شەقامەکان جارێکی دیکە بوونەتە مەیدانێکی چارەنووسساز بۆ بڕیاردانی سیاسی، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت تەنها ناڕەزایەتییەک نییە بەرامبەر بە حکومەت، بەڵکو بەشێکە لە گفتوگۆیەکی بەرفراوانتر سەبارەت بە چەمکی دیموکراتی.
لە ڕوانگەی خۆپیشاندەرانەوە، ئیرادەی گەل تەنها لە هەڵبژاردندا سنووردار نییە، بەڵکو جەخت لەوە دەکەنەوە کە مافی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە دەسەڵات و لێپرسینەوە لە دەسەڵات دوای هەڵبژاردن بەردەوامە، کە ئەم ڕوانگەیە لەگەڵ سیمای مێژوویی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی بۆلیڤیا هاوتەریبە و لە ئەزموونە نێودەوڵەتییەکانی دیکە دەچێت کە لەسەر بنەمای دیموکراتی بنەڕەتی دامەزراوە.
قەیرانی ئابووری لە سەرانسەری وڵاتدا ناڕەزایەتییەکان زیاتر دەکات
پێدەچێت قەیرانی ئابووری ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە پەرەسەندنی ناڕەزایی سیاسیدا بگێڕێت، بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکانی بۆلیڤیا و ڕاگەیاندراوە فەرمییەکان، خۆپیشاندەران ڕێگاکانیان لە ٥٩ شوێن لە سەرانسەری ٩ ناوچەی کارگێڕی وڵات داخستووە، ئەو نەخشانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی ڕێگاوبانەکانی بۆلیڤیاوە بڵاوکراونەتەوە، دەریدەخەن کە چەندین ڕێگای گواستنەوەی گرنگ بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە پەکخراوە.
لە هەوڵێکدا، بۆ کردنەوەی ڕێگاکان، حکومەت ئۆپەراسیۆنەکانی بە ناوی "رێڕەوی مرۆیی ئاڵای سپی" دەستپێکرد، بەڵام ئەم دەستپێشخەرییانە بووەتە هۆی پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە کاتێکدا ماوریسیۆ زامۆرا وەزیری کارە گشتیەکان خۆپیشاندەرانی تۆمەتبار دەکات بەوەی کە بە تەقەمەنی و بەرد هێرشیان کردووەتە سەر کاروانەکان، خۆپیشاندەران حکومەت بە بەکارهێنانی تاکتیکی سەرکوتگەرانە تۆمەتبار دەکەن، ئەم تۆمەتە هاوبەشانە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە قەیرانەکە چیتر تەنها سیاسی نییە بەڵکو ڕەهەندێکی ئەمنی زیاتری بەدەستهێناوە.
توندوتیژی دەوڵەت... دەستگیرکردن و گفتوگۆ لەسەر باری نائاسایی
لەگەڵ توندبوونەوەی قەیرانەکان، وەڵامدانەوەی ئەمنی دەوڵەت تا دێت زۆرتر بووە، دەوترێ لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا ژمارەیەکی زۆر کەس بریندار بوون و هەندێکیان بە سەختی بریندار بوون و سەدان کەسیش دەستگیر کراون.
حکومەتی ڕۆدریگۆ پاز بەنگەشە دەکات، کە گروپەکانی نزیک لە ئیڤۆ مۆرالێس لە پشت ناڕەزایەتییەکانەوەن، لەکاتێکدا، ئۆپۆزسیۆن جەخت لەوە دەکاتەوە، کە حکومەت هەوڵدەدات ناڕەزایی گەل بە تاوان بزانێت نەک چارەسەری بکات.
ڕاگەیاندنی ڕۆدریگۆ پاز کە ڕەنگە بانگەشە بۆ ئەو دەسەڵاتە فریاگوزاریانە بکات کە دەستوور پێی داوە، گرژییەکانی زیاتر کردووە، کاردانەوەکزنی دەوروبەری باری نائاسایی وەک نیشانەیەک سەیر دەکرێت کە ڕێگاکانی چارەسەری سیاسی بەرتەسک دەکرێنەوە، هەروەها سیاسەتە ئەمنییەکان لە پێش هەموو ڕێبازێکی دیموکراتیدا دەبن.
بانگەوازەکەی ئیڤۆ مۆرالێس و گفتوگۆکانی دەوروبەری حکومەتی گوازراوە
ئیڤۆ مۆرالێس، سەرۆکی پێشووی بۆلیڤیا وتی: بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانی ئێستا، حکومەت یان سەرکوتی خۆی زیاتر دەکات یان حکومەتێکی گوازراوە پێکدەهێنێت، بۆ ئەوەی لە ماوەی ٩٠ ڕۆژدا هەڵبژاردن ئەنجام بدات، بانگەوازەکەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە و داڕشتنەوەی دیمەنی سیاسی دووبارە گفتوگۆکانی هەڵگیرساندەوە، ئەم لێدوانانە ئاماژە بەوە دەکەن، کە قەیرانەکە چیتر تەنها ئابووری و کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو بووەتە قەیرانێکی سیاسی سەبارەت بە یاسای حکومەت و توانای بەڕێوەبردنی وڵات.
قەیرانی بۆلیڤیا سنوورە نیشتمانییەکانی تێپەڕاندووە، ڕەخنەکانی گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆلۆمبیا لە حکومەتی بۆلیڤیا و گرژییە دیپلۆماسییەکانی دواتر، ئەوە نیشان دەدەن کە قەیرانەکە ڕەهەندێکی ناوچەیی بەدەستهێناوە، هاوکات ڕۆدریگۆ پاز پشتیوانی حکومەتە ڕاستڕەوەکانی ئەمریکای لاتین و بازنەکانی نزیک لە ئەمریکا هەیە، ئەم دۆخە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەوەی لە بۆلیڤیا ڕوودەدات تەنها ململانێیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو مەیدانێکی نوێیە بۆ کێبڕکێی نێوان پڕۆژە سیاسییە جیاوازەکانی ناوچەکە.
دەرەنجام: ململانێی بۆلیڤیا تەنها ناڕەزایەتییەک نییە بەرامبەر بە حکومەت
ئەوەی ئەمڕۆ لە بۆلیڤیا ڕوودەدات، ناتواندرێت لە داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی ڕۆدریگۆ پاز کورت بکرێتەوە، ناوەڕۆکی قەیرانەکە لە "نموونەی ئابووری"، بەکارهێنانی سامانە سروشتییەکان، مافی گەلانی ڕەسەن و پێکهاتەی دەوڵەتی فرە نەتەوەیی و خودی واتای دیموکراتیدایە.
ناڕەزایەتییەکان کە ئێستا زیاتر لە سێ هەفتەی خایاندووە، ٥٩ بەربەستی ڕێگاکان و سەدان دەستگیرکردن و پەرەسەندنی توڕەیی گشتی هەموویان ئاماژەن بۆ ئەوەی کێشەی بەردەم حکومەت پرسێکی ئەمنی کاتی نییە، پرسیاری ڕاستەقینەی ئەمڕۆ لە بۆلیڤیا ئەوەیە: وڵات چ ڕێگایەکی سیاسی و ئابووری دەگرێتە بەر؟
بۆیە ناڕەزایەتی شەقامەکان تەنها گوزارشت لە خواستی گۆڕینی حکومەت ناکات، بەڵکو لە ململانێی نێوان دیدگا کۆمەڵایەتی و سیاسییە جیاوازەکان بۆ داهاتووی گەل سەرچاوە دەگرێت.