تاڤگە محێدین؛ بۆ پاراستنی درەختەکان شۆڕشێکی زانستیی سەوز بەڕێوەدەبات

تافگە محێدین بە داهێنانی یەکەمین تەکنەلۆژیای بایۆلۆژیی جیهانی بۆ چارەسەرکردنی برین و شێرپەنجەی درەختەکان، شۆڕشێکی زانستیی سەوز بەڕێوەدەبات.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە-لەو  کاتەی کە گۆی زەوی ڕووبەڕووی بەرەنگاربونەوەی کەشوهەوای دەبێتەوە، و نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر کاریگەرییە وێرانکەرەکانی قڕکەرە کیمیاییەکان لەسەر خاک,و گرفتەکانی  ئاو و ئاسایشی خۆراک تا دێت زیاتر دەبێت، لێردا  توانای زانستی ناوخۆیی و نیشتمانی  دەردەکەوێت بۆ دروستکردنی بیرکردنەوەیەکی نوێ کە مرۆڤایەتی بەرەو چارەسەری بەردەوام ئاڕاستە دەکات، لەم چوارچێوەیەدا، پزیشک  تاڤگە محێدین لە زانکۆی سەڵاحەدین چارەسەری تەواوی بۆ شێرپەنجەی درەخت دۆزیوەتەوە، لە سەر ئاستی جیهانی توانیویەتی خەڵاتی برۆنز بەدەستبهێنیت و لە ئێستادا کاری لەسەر دەکرێت بەتایبەت لەسەر درەختە نەخۆشەکان.

 

ئەو دەستکەوتە زانستییە پێشەنگەی کە پزیشک تافگە محێدین تۆماری کردووە، نموونەیەکی گەشاوەیە بۆ چۆنیەتی گۆڕینی توێژینەوە ئەکادیمییەکان بۆ پڕۆژەی جێبەجێکراو ژینگەو جوتیاران و درەختەکان ڕزگار دەکەن، گەیشتن بە ڕێژەی سەرکوتنی یەکلاکەرەوە کە دەگاتە ١٠٠٪ لەناوبردنی نەخۆشیی شێرپەنجەی درەختەکان بە شێوازی بایۆلۆژی و تاقیگەیی، ئومێدێکی نوێ دەبەخشێت بۆ ڕزگارکردنی ملیۆنان درەختی بەرهەمدار و تەمەندرێژ لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم داهێنانە تەنها ژینگە ناپارێزێت، بەڵکو ئاسۆیەکی وەبەرهێنانی تایبەت  دەکاتەوە بۆ نەوەیەکی نوێ لە بەرهەمە ئۆرگانیکەکان و بە بەڵگەی کۆتایی  دەیسەلمێنێت کە گەڕانەوەی ژیرانە بۆ باوەشی سروشت و  بە ئامرازەکانی زانستی هاوچەرخ، تاکە بژاردە و دڵنیاترین ڕێگایە بۆ بەدیهێنانی ئاسایشی خۆراکی جیهانیی بەردەوام و دابینکردنی داهاتووی نەوەکانی ئایندە.

 

شۆڕشێکی ڕاستەقینە بۆ هاوسەنگی ژینگەی کشتوکاڵیی

تافگە محێدینن، یەکەمین پزیشکی پسپۆت و دیارترین ناو لە پشت تەکنەلۆژیایەکی بایۆلۆژی گشتگیر کە لەسەر ئاستی جیهان یەکەمین جۆری چارەسەری شێرپەنجەی درەختی دۆزیەوە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: ئەم دۆزینەوەو کارە چارەسەرێکی بنەڕەتی و  بەردەوام بۆ نەخۆشیی شێرپەنجە (برینداری)ی درەختەکان دەکات، کە پشت بە بیرۆکەیەکی زانستی  دەبەستێت ئەویش بەکارهێنانی سروشت خۆیەتی بۆ شەڕکردن دژی پەتا کشتوکاڵییەکان، ئەمەش شۆڕشێکی ڕاستەقینە لە چەمکی بەرەنگاربوونەوەی بایۆلۆژی و هاوسەنگیی ژینگەی کشتوکاڵیدا دروست دەکات.

 

"شێرپەنجەی درەخت ساڵانە دەبێتە هۆی زیانی ئابووریی گەورە"

پزیشک تاڤگە محێدین باسی لە وەشکرد کە بیرۆکە بنەڕەتییەکە لە چاودێریکردنی ناڵاندنی جوتیارانەوە هات لەبەردەم نەخۆشیی شێرپەنجە و برینی درەختەکان، کە ساڵانە دەبێتە هۆی زیانی ئابووریی گەورە، بۆ یەکەمجار لە جیهاندا، تەکنەلۆژیایەکی بایۆلۆژیی گشتگیر کە ئامانجی بەڕێوەبردنی بەردەوامی نەخۆشییەکەیە بەبێ دەستوەردانی کیمیایی، ئێمە سەرنجمان خستە سەر دوورکەوتنەوەی تەواو لە پێکهاتەو قڕکەرە نەریتییەکان کە ژەهر لە میوە و خاکدا بەجێدەهێڵن، و جێگرەوەیەکمان پێشکەش کرد کە پێکهاتووە لە تێکەڵەیەکی زۆر بەوردی لێکۆڵینەوەکراو لە زیندەوەرە وردە بەسوودەکان (کۆمەڵە بەکتریای سوودبەخش) کە دۆستی ژینگەن، دروشمی سەرەکیی کارەکەمان پێشکەشکردنی بەرهەمێکە کە داهێنراوی سروشتە و سەلمێندراوی زانستێکی پتەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا پزیشک تاڤگە محێدین باسی لە هەندێک ژمارە دەکرد کە پەیوەستن بە بابەتەکەی و وتی:  ژمارەکان درۆ ناکەن و هەر ئەوانیش بوون کە ناوێکی  جیهانییان بە داهێنانەکەمان بەخشی، لە ماوەی قۆناغی تاقیکردنەوە تاقیگەییە وردەکاندا، زیندەوەرە وردە سوودبەخشەکان کارامەیی ڕەها و توانایەکی  سەلماند لە ڕاگرتنی گەشەی قارچک و بەکتریا نەخۆشخەرەکان بە ڕێژەی ١٠٠٪، حەزو خولیای ئێمە لە چوارچێوەی دیوارەکانی تاقیگەدا نەوەستا؛ بەڵکو ئەزموونەکەمان گواستەوە بۆ کێڵگەکان.