لە ساڵرۆژی ٧٤ فەرمانی ئێزدییەکاندا… دادپەروەری بە بیرهێنانەوە بەدی نایێت
فەرەح سابر، ئەکادیمی و دکتۆری عێراقی
لە ٣ی ئابی ههموو ساڵێکدا، عێراقییەکان و جیهان یەکێک لە قێزەونترین تاوانەکانی سەدەی ٢١ به بیر دەهێننەوە، کاتێک ڕێکخراوی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا هێرشی کردە سەر شنگال و تاوانێکی فەرمانی دژی پێکهاتەی ئێزدی ئەنجامدا، کە ئەوەش ئەو تاوانە بوو کە تەنها مرۆڤی نەکردە ئامانج، بەڵکو ناسنامە و ئایین و کولتوور و هەموو بوونەکەی کردە ئامانج.
سەرەڕای ئەوەش، دڕندەترین ڕووی ئەو کارەساتە لەو شتانەدا خۆی بینیەوە کە ژنان و منداڵانی کچانی ئێزدی ڕووبەڕووی بوونەوە، ئەوانەی بوونە ئامانجی پیلانبۆکراوی سیاسەتی کۆیلایەتی سێکسی و بازرگانی مرۆڤ و بێڕێزی دەروونی، لە پێشێلکارییەکی ئاشکرای هەموو بەها مرۆییەکان و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و پەیکەری ڕۆمای دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.
ئەزموون سەلماندی کە ئازاری ڕزگاربووان بە دەرچوونیان لە دیلێتی کۆتایی نەهات، بەڵکو قۆناغێکی تری ئاڵۆزتر دەستی پێکرد، شۆکی دەروونی درێژخایەن، لەدەستدانی ئەندامانی خێزان، ئاوارەبوون، سەختی تێکەڵبوونەوەی کۆمەڵایەتی، ئاستەنگەکانی چارەسەر و بونیادنانەوەی ژیانەوە، هەموویان وایان کرد کە شوێنەوارەکانی فەرمان ببنە ڕاستیەکی بەردەوام کە سنووری کات تێپەڕێنن.
هەروەها سەددان ڕزگاربوو هەن کە هێشتا پێویستیان بە خزمەتگوزاری تایبەتمەند لە پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی هەیە، بۆ بەرنامەی بەردەوام بۆ دووبارە چاکسازی و بەهێزکردنی ئابووری، چونکە دادپەروەری تەنها بە رزگارکردنی زیانبەرکەوتوو بەدی نایێت، بەڵکو بە توانای لە گەڕاندنەوەی ژیان و کەرامەت و سەربەخۆیی خۆیەوە دیاری دەکرێت.
هەروەها دۆسیەی ئەو منداڵانەی کە لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسی لەدایک بوون هێشتا یەکێکە لە ئاڵۆزترین دۆسیە مرۆییەکان، بەهۆی ئەوەی کە ئەو ئاستەنگە یاسایی و کۆمەڵایەتی و مرۆییانە دەوروژێنێت کە پێویستیان بە چارەسەر هەیە کە مافەکانی هەموو لایەنەکان بپارێزێت و رێز لە کەرامەتی زیانبەرکەوتووان بگرێت.
عێراق هەنگاوێکی گرنگی نا بە دەرکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٢١، کە تێیدا دانی نا بەوەی کە ژنانی ئێزدی و پێکهاتە ئامانجدارەکانی تر ڕووبەڕووی بوونەتەوە وەک تاوانی فەرمان و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناساند، چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ قەرەبووکردنەوە و چاودێری و چاکسازی دابمەزراند، ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە زیاتر لە دووهەزار و ٢٠٠ داواکاری بۆ بەدەستهێنانی قەرەبوو تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ پەسەندکراون، کە ئەمەش پێشکەوتنێکی گرنگە، بەڵام تەنها سەرەتای ڕێگایەکی درێژە بەرەو دادپەروەری گشتگیر.
دادپەروەری گواستراوە تەنها قەرەبووی دارایی لەخۆناگرێت، بەڵکو ئاشکراکردنی ڕاستی، لێپرسینەوە لە بەرپرسان، پاراستنی بیرەوەری بەکۆمەڵ، و دڵنیابوونەوە لە دووبارەنەبوونەوەی تاوانەکە لەخۆدەگرێت، جگە لە دووبارە تێکەڵکردنەوەی ڕزگاربووان لە کۆمەڵگەدا بە شێوازێک کە کەرامەتیان بپارێزێت دوور لە هەر لەکەدارکردنێکی کۆمەڵایەتی یان جیاکارییەک.
سەرەڕای هەوڵە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان، هێشتا ئاستەنگی گەورە بوونیان هەیە، هەزاران ئێزدی هێشتا لە کامپەکانی ئاوارەییدا دەژین، لە کاتێکدا زۆر کەس ناتوانن بگەنەوە شنگال بەهۆی ئاستەنگە ئەمنییەکان و لاوازی خزمەتگوزارییەکان و ژێرخان، بەردەوامبوونی بوونی بێسەروشوێنەکان واتای ئەوەیە کە هەزاران خێزان هێشتا لە نێوان هیوا و چاوەڕوانیدا دەژین، کە ئەوەش ئازارێکی مرۆییە کە لە دیلێتی کەمتر دڕندە نییە.
دۆسیەی ژنانی ئێزدی تەنها پرسێکی تایبەت بە کۆمەڵگەیەکی خۆجێیی یان کەمینەیەکی ئایینی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ توانای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پاراستنی ژنان لە ناوچەکانی ململانێ چەکدارییەکاندا، بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش کە پەیوەندیدارن بە ژنان و ئاشتی و ئاسایشەوە، لە سەرووی هەموشیانەوە بڕیاری ١٣٢٥، جەختیان لەوە کردەوە، کە پاراستنی ژنان لە توندوتیژی سێکسی لە کاتی ململانێکاندا تەنها هەڵبژاردەیەکی ڕەوشتی نییە، بەڵکو پابەندبوونێکی یاسایی و سیاسییە کە دەکەوێتە سەر شانی دەوڵەتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
هەروەها ئەم دۆسیەیە ئەوەمان بیردەخاتەوە که بەکارهێنانی توندوتیژی سێکسی لە جەنگەکاندا ئیتر تەنها دەرئەنجامێکی لاوەکی ململانێ نەبووە، بەڵکو لە زۆرێک لە ململانێکاندا بووەتە ئامرازێکی مەبەستدار بۆ ترساندنی کۆمەڵگەکان و تێکشکاندن و ئاوارەکردنیان، کە ئەوەش ڕووبەڕووبوونەوەی بێسزاكردن دەکاتە پێویستییەکی بنەڕەتی بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە.
لەم ساڵرۆژەدا، نابێت یادکردنەوەی فەرمانی ئێزدی تەنها بۆنەیەکی ساڵانە بێت بۆ بوژاندنەوەی یادەوەری، بەڵکو دەرفەتێک بێت بۆ نوێکردنەوەی پابەندبوون بە پاراستنی ژنان لە ناوچەکانی ململانێ، و بەهێزکردنی بەرنامەکانی پشتگیری دەروونی و کۆمەڵایەتی، فراوانکردنەوەی دەرفەتەکانی خوێندن و کار بۆ ڕزگاربووان، خێراکردنی ڕێکارەکانی بەدواداچوون بۆ بێسەروشوێنەکان، بەدواداچوونی تاوانباران لە هەر شوێنێک بن، بە پشت بەستن بە بنەمای نەسڕانەوەی تاوانەکانی گەرمان و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی بە تێپەڕبوونی کات.