سیمینارێک بە ناونیشانی ''چیاکان لانکەی ژیان و ژیاری گەلی کوردن'' بەڕێوەچوو
بەشی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی، لە ڕۆژی جیهانی شاخ، بە ئامادەبوونی مامۆستایان و خوێندکاران، سیمینارێکی بەناونیشانی ''چیاکان لانکەی ژیان و ژیاری گەلی کوردن'' ڕێکخست.
سلێمانی
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە بەشی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی چیاوە، سیمینارێک بە ناونیشانی ''چیاکان لانکەی ژیان و ژیاری گەلی کوردن''، بە ئامادەبوونی خوێندکاران و مامۆستایانی بەشی زانستە مرۆڤایەتییەکان، بە بەشداری هەریەکە لە سایە سەلام سابیر، مامۆستا لە بەشی جوگرافیای زانکۆی سلێمانی، سۆران محەمەد ئەمین، دکتۆر لە بەشی زانستە مرۆڤایەتییەکان، زریان حاجی، دکتۆر لە بەشی زانستە مرۆڤایەتییەکان، جەزا شۆڕش، مامۆستا لە بەشی زانستە مرۆڤایەتییەکان، ئەنجامدرا، سیمینارەکەش بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان لە ڕێگەی سینەفزیۆنێکەوە ئامادەبووان ئاشنایی چیا و شاخ و جۆرەکانی لە هەرێمی کوردستان کران.
سایە سەلام سابیر، مامۆستا لە بەشی جوگرافیای زانکۆی سلێمانی، وتی: بەرووبوومی بازرگانە جیهانییەکان لە ناوچە چیاییەکاندا بەرهەمدەهێنرێت، هەروەها بەخێوکردنی ئاژەڵ و مەڕوماڵاتەکان لە ناوچەکانی کوردستان گرنگی تایبەتی هەیە، چونکە سەوزاییان زۆرە کە دەتوانن مەڕوماڵاتەکانیان تێدا بلەوەڕێنن، پاشانیش جوگرافیاکەمان دەریدەخات کە ماسی سەلەمۆن لە ناوچەکانی شارباژێڕدا دەتوانن ژیانبکەن ئەمەش بۆ ناوچەکە گرنگە، لە هەمووی گرنگترئەوەیە سەوزایی کوردستان دەتوانێت هەنگوین وهەنگی باش بەرهەمبهێنێت، هەروەها وەرزەکانی ساڵ لە کوردستان بۆ گەشتوگوزاردیمەنی جوان دەبەخشن کە دەبێتە هۆکاری گەشتیاری، پاشان ناوچە شاخاوییەکانیش لە لایەن گەنجانەوە زۆر گرنگی پێدەدرێت، کە بۆ گەشتیار و وەرزشی سودی لێوەردەگرن، کەواتە ئێمە دەتوانین لەڕێگەی سروشتی کوردستان و جوگرافیای ناوچەکەوە هەوڵ بۆ بازرگانی لەناوچەکەدا بدەین.
سۆران محەمەد ئەمین، دکتۆر لە بەشی زانستە مرۆڤایەتییەکان، باسی لە وزەی سەوزایی لە چیاکاندا کرد، وتی: لە ناوچەچیاییەکاندا هەبوونی سەوزایی دەبێتە هۆی پاکڕاگرتنی ناوچەکە و دەورووبەری، هەروەها سەرچاوەی وزەی سەوزایی بە هەبوونی ئاوەوە بەندە و هەر لە کۆنیشەوە وزەکان سوودیان هەبووە، پاشان لە ڕێگەی ئاو و ستوونی باوە تواندراوە وزەی کارەبا و وزەی سەوزایی بەرهەمبهێندرێت.
زریان حاجی، دکتۆر لە بەشی زانستە مرۆڤایەتییەکان، وتی: کورد بە چیاکانییەوە ناسراوە، ئێمە هەردەم بە چیاکانەوە لێکدراوین، هەروەها بەهۆکاری جوگرافیای ناوچەکەمان ناوی هەرێمی چیاکانمان لێنراوە، سەوزیی ناوچە و بەرزی چیاکانی کورستان بۆتە هۆکار بۆ ناساندنی کورد لە وڵاتانی جیهاندا، پاشان لە کۆنترین نەخشەکانی جیهان لە هەزاروسێسەد ساڵ بەرلە ئێستا بە ئاشکرا باس لە کورد کراوە، کە لە نەخشەکەدا کوردستان بە ناوی ''جبال آکراد'' ئاماژەیی پێکراوە، هەروەها ئەو گژوگیایەی لە ناوچەکانی کوردستاندا ڕواون بۆ دەرمانی کوردەواری لە جیهاندا بەکارهاتووە، لە سەدەکانی ناوەڕاستیشدا چیاکان سەرچاوەی دەرمانی کوردەواریبون بۆ وڵاتانی عەرەبی و دەوروبەری.
جەزا شۆڕش، مامۆستا لە بەشی زانستە مرۆڤایەتییەکان، باسی لەخواوەندەکانی چیاکرد، وتی: خواوەندەکان لەچیاکاندا گرنگی بەخۆردەدەن، کە لە سەردەمی بابلییەکان لەسەر تاتەقوڕەکان هەم خۆر و هەم چیا بەدیدەکرێت، هەروەها گرنگیشیان بە سەوزایداوە.
''لە ڕێگەی سیمینارەکانەوە هۆشیاری لەسەر ژینگە و چیاکانی کوردستان بڵاودەکەینەوە''
سایە سەلام سابیر، مامۆستا و پڕۆفیسۆر لە جوگرافیا ، وتی: بەهۆکاری دروستبوونی ئەو کێشە ژینگەییانەی کە لە ناوچەکەدا دەگوزەرێ لە ساڵی ۲٠٠۳ دا ، نەتەوەیەکگرتووەکان ئەمڕۆیان وەک ساڵڕۆژێک بۆ ژینگە دانا، ئێمەش لە ڕێگەی سیمینارەکانەوە هۆشیاری لەسەر ژینگە و چیاکانی کوردستان بڵاودەکەینەوە، هەروەها لە لایەن بەشێک لە مامۆستایان و دکتۆرانی زانکۆوە، باس لە سوودی شاخ و چیا و سەوزاییەکانی کوردستان لەڕووی ژینگە و ئابووریەوە دەکرێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئامانجمان لە ڕێکخستنی ئەم سیمینارە لە زانکۆدا ئەوەیە سروشت و مێژووی کورد بە نەوەی داهاتوومان بناسێنین، بۆئەوەی پارێزگاری لە خاک و ناوچەکەیان بکەن.