لە بەرلین پانێڵک دەربارەی توندوتیژی دژی ژنان ڕێکخرا

لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوەکانی ژنان، پانێڵێک دەبارەی توندوتیژییەکانی سەر ژنان و هەوڵەکان بۆ کاری پێکەوەیی ژنان، ئەنجام درا.

ناوەندی هەواڵ

 

پانێڵی 'لەو جێگەی شەڕ هەبێت، توندوتیژی لێیە، لەو جێگەیەی ژنی لێیە ئاشتی مەزن دەبێت'،  بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوەکانی "Cênî e.V" و "Tamaja" و (DaMîgra) دوێنێ لە ڕۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، لە کاتژمێر ١٥:٠٠ بۆ ١٨:٠٠ لە کۆشکی (Bezirkszentralbibiliothek Pablo Neruda) لە بەرلین بەڕێوەچوو. لە پانێڵەکەدا وتوێژکرا دەربارەی مافەکانی ژنان، بونیاتنانی ئاشتی و ئەزموونی ژنانی کۆچبەر بە تایبەت لەو جێگانەی کە شەڕی تێدایە.

 

لە بەشی یەکەمی پانێڵەکەدا، تیشکخرایە سەر دۆخی چالاکوانانی ژن لە جوگرافیا جیاوازەکان.

 

میترا هاشمی لە ئەفغانستان، ساریا دەمیر لە کوردستان ،نورا ڕاغب لە فەڵەستین و مەغدا سەید لە سودان وەک قسەکەر بەشداربوون و لە قسەکانییاندا سەرنجیان خستە سەر دۆخی ژنان و ئەو پێشلکاریانەی کە بەرانبەر ژنان لە وڵاتەکانیاندا لە ئارادایە.

 

لە بەشی دووەمی پانێڵەکەدا بەگشتی سەرنج خرایە سەر پرسی ئاشتی و ئاماژە بەوەکرا ئاشتی کاتێک دێتە ئاراوە کۆتایی بە توندوتیژییەکان بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە بهێندرێت، کە لە ئەنجامی عەقڵییەتی پیاوسالاری و نایەکسانییەکاندا لە ئاردایە.

هەروەها لە پانێڵکەدا، لەسەر ڕۆڵی سەرەکی ژنان لە پرۆسەی ئاشتی، ئەگەرەکانی هاوکاری نێوان ژنانی تاراوگە لە ئەڵمانیا و چۆنییەتی ڕێکخستنی ژنانی کۆچبەر و کارکردنیان وتوێژ کرا.

 

ئامانجی پانێڵەکە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تێکۆشانی ئاشتی و تێکۆشانی ژنان بوو بە هاوبەشکردنی ئەزموون و شیکارییەکانی ناوچە جیاوازەکان و جیهان.