سێیەمین ئیڤێنتی گەنجانی سەدە بە دروشمی ''گەنج لە نێوان کاری سەربەخۆ و کارمەندیدا'' بەڕێوەچوو

رێکخراوی یونسێف سێیەمین ئیڤێنتی گەنجانی سەدەی بە دروشمی ''گەنج لە نێوان کاری سەربەخۆ و کارمەندیدا'' ڕێکخست، کە تێیدا چەندین گەنج و خاوەنکار وکۆمپانییای جیاواز بەشداربوون.

سلێمانی

 

 

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی، لە لایەن ڕێکخراوی یونسێفەوە سێیەمین ئیڤێنتی گەنجانی سەدە، بە دروشمی ''گەنج لە نێوان کاری سەربەخۆ و کارمەندیدا'' بەڕێوەچوو، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو هەلی کار بۆ گەنجان و کەسانی بێکار دابینکرا، ئەویش لە لایەن کۆمەڵێک کۆمپانیا و نەخۆشخانە و دامەزراوەوە،  هەروەها چەند کەسێکیش ئەزموونەکانی خۆیان لە سەرەتایی کارکردنیان بۆ بەشداربووان باسکرد.

 

''ساڵی پار زیاد لە ١٠٠ هەلی کارمان بۆ گەنجان دابین کردووە''

سازیار ئاراس، ئەندامی ڕێکخراوی نیو ستێپ، وتی: ئەنجامدانی ئەم ئیڤێنتانە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە بۆ کۆمەڵگە و بەتایبەتی بۆ گەنجان، هەروەها  ئەمە سێیەمین ئیڤێنتی گەنجی سەدەیە، کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا هەڵساوین بە دابینکردنی هەلی کار و تەنها ساڵی پار زیاد لە ١٠٠ هەلی کارمان بۆ گەنجان دابین کردووە، ئەو کەسانەشی کە خاوەنیکار و کۆمپانیان دێنە ئێرە و باس لە ئەزموونی کارەکانی خۆیان دەکەن لە شکست و سەرکەوتنەکانیان، هەربۆیە دواترئەو گەنجانەی کە دێن بۆ ئێرە سوود لەو ئەزمونانە وەردەگرن و سیڤی خۆیان دەدەنە کۆمپانیا و دامەزراوە بەشداربووەکان بە مەبەستی دەستکەوتنی کار.

 

''پرۆژەم هەیە بۆ دوای خوێندن کە ببمە خاوەن ئیشی سەربەخۆی خۆم''

سیما ئەرسەلان، خوێندکار، وتی: ئەنجامدانی ئەم ئیڤێنتانە زۆر گرنگە بۆ گەنجان و خوێندکاران، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە بەنیازی بونیاتنانی خۆیانن، هەروەها ئێمەی گەنجان هەر یەکەمان  ئامانجێکمان هەیە بۆ ژیانی خۆمان، من ئێستا خوێندکارم و هیچ کارێکم ئەنجام نەداوە، بەڵام پرۆژەم هەیە بۆ دوای خوێندن کە ببمە خاوەن ئیشی سەربەخۆی خۆم، بۆیە ئەم جۆرە ئیڤێنتانە زۆر هاندەرن بۆ ئێمە کە بتوانین لەسەر پێی خۆمان بوەستین و بازرگانی تایبەت بە خۆمان هەبێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا، وتی: ئەو کەسانەی لێرەدا بەشداری دەکەن، دەتوانن بە وشەیەک ببنە هاندەر بۆ ئێمە، چونکە هەموو کەس لە خاڵی سفرەوە و لە شتانی بچوکەوە دەستیان پێکردوە تا گەشتوین بەم ئاستەیی ئێستا، بۆیە ئێمەش لە خالی سەرەتاوە دەست پێدەکەین تا دەبین بەو کەسەی خزمەت بە نیشتیمان بکەین.