سیمپۆزیۆمی مامۆستایانی هونەر لە هەڵەبجە بەڕێوەچوو

بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی مامۆستایانی هونەر لە پارێزگای هەڵەبەجە، بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکان، دووەمین سیمپۆزیۆمی هونەری بە ناونیشانی پێکەوە دەبینە تابلۆیەک بەڕێوەچوو.

میهرەبان سەلام 

 

هەڵەبجە-سەرلەبەیانی ئەمرۆ لە گوندی تاوێرەی لە پارێزگای هەڵەبجە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەو چالاکی قوتابخانەکان دووەمین سیمپۆزیۆمی هونەری بۆ ١٣٣ خوێندنگەی سنوری پارێزگای هەڵەبجە کردەوە.

 

سومەیە عەلی، مامۆستای هونەر لە خوێندنگەی لیدەرس وتی: من خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم، ماوەی دووسالە ئەم سیمپۆزیۆمە بەردەوامە، من یەکەم ساڵمە بەشداری دەکەم، کەشێکی ئارام و خۆشەو دەتوانین لە کۆبوونەوەی مامۆستایانی هونەر سود وەربگرین و هۆکارێکی باشە بۆ ئەوەی بتوانین پەرە بە هونەرەکەی خۆمان بدەین، واتە ئەزموونی یەکتر وەربگرین، پێشتر لە چوارچێوەی خوێندنگەو پۆلەکان نەدەهاتینە دەرەوە، بەڵام ئەم کارانە وادەکات بەدەستی پڕەوە بگەڕێینەوە ناو پۆلەکانمان،

هونەر تەنها تابلۆیەک نییە بەڵکو لەژیان ڕەنگ دەداتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەهەرکارێک کۆمەڵێک ئامانجی لەپشتە، ئامانج لەم سیمپۆزیۆمە ئەوەیە کە هونەر تەنها تابلۆ نییە، بەڵکو ژیان هونەر کردنە وەک قسەکردن و پۆشین و جوانبینی.

 

 هەتاو محەمەد لە خوێندنگەی عادیلە خانم وتی: بۆ دووەمین ساڵە بەشداری ئەم چالاکییە دەکەم و لەبەر ئەوەی سەرجەم مامۆستایان بەبێ جیاوازی مۆسیقاو شانۆ و شێوەکاری سەرجەمیان پێکەوە لەم سیمپۆزیۆمە کۆدەبنەوە، هیوادارین بەردەوام بن و پێمان خۆشە وەرزیی بێت، چونکە هاتنە دەرەوەی مامۆستایان وادەکات بە کەشێکی تایبەتەوە بگەڕێینەوە لای خوێندکارەکانمان، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە خوێندکارەکانمان بەرینە دەرەوە شتێکی بچوک کراوەیان بۆ بکەین.