سی پی تی: هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر هاوڵاتی مەدەنییە
ڕێکخراوی سی پی تی نێودەوڵەتی ئاماری ٤٠ ڕۆژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای بۆ ناوچە سنورییەکانی باشوری کوردستان بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە لەو ماوەیەدا ٤ هاوڵاتی بریندار بوون، هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی زیانیان پێگەشتووە و ٢٢ گوند بەرەو چۆڵکردن دەچن.
ناوەندی هەواڵ
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سینەما سالم لە شاری سلێمانی ڕێکخراوی سی پی تی نێودەوڵەتی کە ڕێکخراوێکی تایبەتە بە مافی مرۆڤ، لە راپۆرتێکدا ئاماری ٤٠ ڕۆژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای بۆ سەر باشوری کوردستان و زیانەکانی بە هاوڵاتی مەدەنی ڕاگەیاند.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سی پی تی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکەی ڕاگەیاند و تێیدا هاتووە: دەوڵەتی تورکیا لە ٢٣ی نیساندا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی باشوری کوردستان و زناری کێستە دەستپێکردووە بە بیانووی هەبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە لە ناوچەکەدا، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو هێرشانە زیانی بە هاوڵاتی مەدەنی گەیاندووە و سی پی تی بۆردومانی هاوڵاتی مەدەنی لە ڕێگەی ئاسمانی و زەمینییەوە تۆمار کردووە، ئەوەی ڕووبەڕووی هێرشەکانیش بوونەوە گەریلاکانی پەکەکە بوون.
١٥٠٠ گوندنشین ٢٢ گوندیان بەجێهێشتووە
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە لە کاتێکدا دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردووەتە سەر زناری کێستە، دانیشتوانی ناوچەکە ئاوارەی گوندەکانی چەلکێ و هرورێ بوون، دواتر لەو ناوچانەشدا ئاوارەبوون، هەر لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە کە دەوڵەتی تورکیا بە فرۆکەی جەنگی، فرۆکەی بێ فرۆکەوانەوە بۆردومان دەکات و سەربازیش بە هەلیکۆپتەر دادەبەزێنێت، ئەمانە بوونەتە هۆی وێرانکردنی ناوچەیەکی فراوان، لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەدا ١٢ جار هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر چیای پشتی هرورێ، تا ئێستاش چوار هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون، زیاتر لە ١٥٠٠ گوندنشین ٢٢ گوندیان بەجێهێشتووە، هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی و ١٣٠٠ پورەی هەنگ لە ژێر مەترسیدان.
هێزەکانی تورکیا تاوەرێکی گەیاندنیان لەسەر چیای پشتی هرورێ جێگیر کردووە کە بەسەر ناوچەکەدا دەروانێت، ڕێگای سەربازی دروستدەکەن بۆ بەستنەوەی بارەگاکانیان بە تورکیاوە، لە زاری دانیشتوانی گوندەوە سی پی تی رایگەیاند کە جوتیارانی گوندی هرورێ لەکاتی چونیان بۆ سەر زەویە کشتوکاڵییەکانیان لەلایەن سەربازانی تورک بە یاوەری وەرگێڕی کورد پێیان وتوون کە بۆیان نییە بێنە چیای پشتی هرورێ ئەگەر نا وەک گەریلا سەیریان دەکەن و هێرشیان دەکەن سەر، لە ١ی حوزەیرانیشدا هاولاتیەک بە ناوی ڕەمەزان عەلی تەمەن ٧٠ ساڵ لەکاتی ئاودانی زەویەکەیدا تۆپێک بەر زەوییەکەی دەکەوێت و بریندار دەبێت.
شوێنی نیشتەجێبوون، پرۆژەی ئاو، کەنیسە و گوندەکان وێران دەکرێن
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە ڕۆژهەڵاتی زناری کێستە کراوە کە تۆپخانەکانی تورکیا زەوی زاری سنوری گوندەکانی ئەدنێ، سەرەڕۆ، میسکە و دیشیشێ'یان تۆپباران کردووە، بە هۆیەوە پرۆژەیەکی ئاوی ٩ گوندی ناوچەکەیان وێرانکرد، ١٢ خێزان لە گوندی ئەدنێ ئاوارەبوون، لە گوندی میسک خانوی چەند هاوڵاتییەک و کەنیسەیەک زیانیان بەرکەوت و لە کۆی ٢٤ خێزان ١٦ خیزان گوندەکەیان چۆڵکرد، دوای برینداربوونی جوتیارێکی گوندەکە ئەو ٦ خیزانەی کە مابوونەوە ئەوانیش ڕۆشتن.
لە گوندی ئورەش تەنها ٦ خێزانی تێدا نێشتەجێیە لەترسی ئەوەی لە داهاتودا ڕەنگە نەتوانن بگەڕێنەوە گوندەکەیان، لەناو گونددا سەرباری مەترسی و بۆردومانەکان ماونەتەوە.
لە ٢٣ی نیسان تا ٢ی حوزەیران ٧٠٠٠ دۆنم زەوی سوتاون
لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە تا ٢ی حوزەیران بەپێی ڕاپۆرتەکەی سی پی تی، ٧٠٠٠ دۆنم زەوی و زار سوتێنراون، لە ٩ ڕۆژدا ٨٠٠ پورەی هەنگ لەناوچوون، هەروەها کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری کە بژێوی ژیانی هاوڵاتیانی ناوچەکەی لەسەرە لەناوچوون و ئاژەڵداران بە نرخی کەم ئاژەڵەکانیان دەفرۆشن، کەرتی گەشتیاریش کە بەشێکی دیکەی سامانی ناوچەکەیە بەهۆی ئۆپەراسیۆن و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە وەستاوە.
لە ئاڤاشین ١٦ گوند چۆڵکراون
سی پی تی ڕایگەیاند لەدوای هێرشەکان بۆ سەر ناوچەی ئاڤاشین، دەوڵەتی تورکیا بە قوڵای ٦-٩ کیلۆمەتر سەربازی جێگیرکردووە و ٤ بارەگای سەربازی نوێی دروستکردووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بە قوڵایی ٦-٣٥ کیلۆمەتر پشڕەوی لە خاکی باشوری کوردستاندا کردووە و بنکە و بارەگای سەربازی دامەزراندووە و هێرشەکانی چڕتر کردووە، لە ئاڤاشینیش ١٦ گوند چۆڵکراون.
ڕاشیگەیاند لەدوای کۆنترۆڵکردنی زناری کێستە، دەوڵەتی تورکیا دەستیکردووە بە بڕینەوەی دارەکان و فرۆشتنەوەی بە کۆمپانیا تورکییەکانی دروستکردنی کەلوپەلی ناوماڵ.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ڕێکخراوی سی پی تی لە ڕاسپاردەیەکدا داوای کرد:
- تورکیا ئۆپەرسیۆنەکانی بۆ باشوری کوردستان ڕابگرێت تا گوندنشیان بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان.
- وڵاتانی هاوکاری تورکیا، هاوکارییەکانیان ڕابگرن تا دەوڵەتی تورکیا دەستهەڵدەگرێت لە بەئامانج گرتنی هاوڵاتی مەدەنی.
- حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیای پاراستنی ژیان و مافی هاوڵاتی مەدەنەی بدەن و قەرەبووی هاوڵاتی زیانلێکەوتوو بدەنەوە.
- نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، دامەزراوە و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوون بکەن و لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ڕێککەوتن و یاسا نێودەوڵەتییەکان بکەن.
لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی سی پی تی'دا دەردەکەوێت کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان بە بیانووی ناوچەی ئارام و هەبوونی گەریلا و پەکەکە لە ناوچەکەدا، تەنها بیانوویەکن، لە ڕاستیدا هێرشەکان بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنییە و زەوی گشتوکاڵی و گوند و شوێنە گشتییەکان دەکرێنە ئامانج.
ت.پ