سەرباری ڕێگرییەکان ١٦یەمین ساڵیادی شۆڕشگێڕ ڤیان جاف کرایەوە

ئەمڕۆ ١٦ بەسەر چالاکییە گیانبازییەکەی شۆڕشگێڕ ڤیان جافدا تێدەپەڕێت، بڕیاربوو لەسەر مەزارەی لە شاری سلێمانی مەراسیمێکی شکۆداری بۆ ڕێکبخرێت، بەڵام ئاسایشی سلێمانی ڕێگری کرد، دواتر بە پێداگرییەوە مەراسیمەکە بەڕێوەچوو.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گۆڕستانی سەیوان لە شاری سلێمانی، مەراسیمی ١٦‌یەمین ساڵیادی چالاکییە گیانبازییەکەی شۆڕشگێڕ لەیلا والی حسێن ناسراو بە ڤیان جاف، بەپێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و بەشداری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، ژنانی گەنجی تێکۆشەر، گەنجانی وڵاتپارێز و ئازادیخوازان لە چوار پارچەی کوردستان کرایەوە.

 

لە سەرەتادا مەراسیمەکە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ڕێگری لێکرا، دواتر بە پێداگری بەشداربووان لە یادکردنەوەی ئەو شۆڕشگێرە، مەراسیمەکە بەڕێوەچوو و تاجە گوڵینە لەسەر مەزاری پێشەنگ ڤیان جاف دانرا.

 

"شەهید ڤیان بە چالاکییەکەی بووە وەڵامی پیلانگێڕییەکان"

بانوو هەڵەبجەیی، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لەسەر ناوی ڕێکخراوەکە وتارێکی پێشکەشکرد و ژیاننامەی پێشەنگ ڤیان جافی بۆ ئامادەبووان گێڕایەوە، ئاماژەی بەوەشدا کە ڤیان جاف لەپێناو بەدیهێنانی ئازادی و بۆ بوونە وەڵامی پیلانگێڕییەکانی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چالاکی گیانبازی کرد، هەروەها وتی: "هەڤاڵ ڤیان، ویستی بە چالاکییەکی پەیامی قبوڵنەکردنی پیلانگێڕییەکانی سەر ڕێبەر ئۆجالان و گەلی کورد بدات، ئەو وتی، ئیدی کاتی قسە کۆتایی هاتووە پێویستە چالاکی بکرێت".

 

سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، وتاری تەڤگەری ئازادی خوێندەوە و وتی: شەهید ڤیان هەر لە منداڵییەوە هەستی بە زوڵم و ستەم و سیستمی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتداری کردووە و پەسەندی نەکردووە و هەمیشە ڕووبەڕووی ئەو ئەقڵییەتە بووەتەوە کە ژن لە ئاستی نەبوونی دایە، بۆیەش هەنگاو بە هەنگاو لە پرسەکانی کۆمەڵگە قوڵ دەبێتەوە و ئاستی ڕۆشنبیری خۆی پێشدەخات و دەبێتە پێشەنگ بۆ تێکۆشانی ژنان".

 

ژینۆ ڕەشید، کۆمیتەی ئامادەکاری مەراسیمەکە و ئەندامی ڕژاک، سەبارەت بە مەراسیمەکە و ڕێگرییەکانی ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا پلانمان کردبوو کەلە مەراسیمەکەدا دێکۆمێنتاری ژیاننامەی ڤیان جاف و  چەند وتارێک پێشکەش بکەین، هەروەها پەرتوکی تایبەت بە ژیاننامە و نامەکانی بڵاوبکەینەوە و تاجەگوڵینە دابنێین، "ئاسایشی سلێمانی ڕێگریان کرد لەوەی مەراسیمەکە بەڕێوە بچێت، ئەوان دەڵێن کە پێویستە مۆلەت وەربگرن و لە کاتێکدا مۆڵەت وەردەگرین وەڵام نادەنەوە"، ژینۆ ڕەشید وتیشی ئێمە هەرچۆنێک بێت چالاکییەکەمان دەکەین.

 

سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، بۆ ئاژانسی نوژنها وتی: شەهید ڤیان پێشەنگێکی باشوری کوردستانە، بە چالاکییەکەی وەڵامی داگیرکاری و پیلانگێڕی سەر ڕێبەر ئۆجالانی دایەوە، بەداخەوە بەدرێژایی مێژوو ڕێگری دەکرێت لە یادکردنەوەی تێكۆشەرانی وڵات، لە هیچ جێیەک نییە مۆڵەت بۆ چوونە گۆڕستان نییە بەڵام لێرە ئاستەنگی هەیە و ئێمە ئاستەنگییەکان تێکدەشکێنین".

 

شاتوو محەمەد، ئەندامی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، سەبارەت بە ڤیان جاف دەڵێت لەیلا قاسم لەپێناو دۆزی کورددا تێکۆشاوە بۆیە ڤیان جاف کە ناوی تەواوی لەیلا والی حسێنە بە تێکۆشانەکەی هەڵگری شوێنپێی لەیلا قاسم بووە، "ڤیان جاف یەکێکە لەو ژنانەی باشوری کوردستان کە توانیویەتی خاوەندارێتی لە خۆی بکات و خەبات و تێکۆشان بکات لەپێناو ژنانی باشوری کوردستان".

 

ت.پ