سەنتەری میترۆ: هێزە ئەمنییەكان داری كارەبایی و گازی فرمێسكڕێژیان بەرامبەر بە خوێندكاران بەكارهێناوە

دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە کاتی خۆپیشاندانی خوێندکاران لەبەردەم زانکۆی سلێمانی گرژیی لە نێوان خوێندکاران و هێزە ئەمنیەکان دروستبوو چەند خویندکارێکیش برینداربوون، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان لە بەیاننامەیەکدا توندوتیژیی ڕەتدەکاتەوەو دەڵێت: "هێزە ئەمنیەکان بە داری کارەبایی و گازی فرمێسکڕێژیان بەرامبەر خوێندکاران بەکارهێناوە".

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەیاننامەکەی سەنتەری میترۆدا هاتووە:

سەرهەڵدانەوەی رواڵەتەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە میدیاكاران و خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەبنە هۆكاری پشێوی، نەك خۆپیشاندانی مەدەنی ئاشتیخوازانەی خوێنكارانی زانكۆ كە داوای لانی كەمی مافەكانیان دەكەن.

 

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ لە زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستان، بەشێك لە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان، گردبوونەوەی نارەزایەتیان ئەنجامدا، لەم چوارچێوەدا لەبەردەم زانكۆی سلێمانی، بەشێك لە خوێنكاران گردبووەنەوەیەكیان رێكخست، شەقامی سەرەكی شاریان داخست، داوای دەرماڵەكانیان دەكرد كە بڕاوە.

 

لە كاتێكدا هیچ دڵنیاكردنەوەیەكی رەسمی بۆ ئەو داخوازیانە رانەگەینراوە، هێزە ئەمنییەكان داری كارەبایی و گازی فرمێسكڕێژیان بەرامبەر بە خوێندكاران بەكارهێناوە، بەو هۆیەوە چەند خۆپیشاندەرێك و میدیاكارێك ئازاریان پێگەیشتووە.

 

نوێنەری سەنتەری میترۆ لەناو خۆپیشاندانەكەوە رایگەیاند لە ئەنجامی بەكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ و دەمانچەی كارەبایی، چەند خۆپیشاندەرێك بریندار بوون و تیمی كەناڵەكانی، كوردسات، رووداو، پەیام، ناسنیوز، پۆڵەتیك پرێس، ئازاریان پێگەیشتووە یان رێگری روماڵكردنیان لێكراوە.

 

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت هەموو رواڵەتێكی توندوتیژی رەتدەكەینەوە پێمان وایە سەرهەڵدانەوەی رواڵەتەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە میدیاكاران و خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە هۆكاری پەشێوین، نەك خۆپیشاندانی مەدەنی ئاشتیخوازانەی خوێنكارانی زانكۆ كە داوای لانی كەمی مافەكانیان دەكەن.