سلێمانی، لە دژی گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مانگرتن لە خواردن ڕاگەیەندرا
لە ٢٥ەمین ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و گۆشەگیرکردنی، بۆ پشتیوانیکردنی دایکانی ئاشتی لە باکووری کوردستان، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان چالاکی مانگرتن لە خواردنی ڕاگەیاند.
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٤ی شوبات، لە بینای تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە شاری سلێمانی، بە دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێت" لە ٢٥ەمین ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، کە ماوەی سێ ساڵیشە لە گۆشەگیرییەکی توند دایە و هیچ زانیارییەک دەربارەی نازانرێت، هاوکات بۆ پشتیوانیکردنی دایکانی ئاشتی لە باکووری کوردستان کە مانگرتن لە خواردنیان دەستپێکردووە، ئەندامان و هاوسەرۆکانی دەستەی تەڤگەری ئازادی و بەشێک لە هاوڵاتیانی شارەکە، بۆ ماوەی یەک ڕۆژ مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند.
مانگرتنەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە خەبات و گیانی پاکڕەوان دەستیپێکرد و بەیاننامەیەک خوێندرایەوە، تیایدا ئاماژە بەوەکرا، "لە دژی گۆشەگیری و زیندانیکردن پشتیوانی خۆمان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، دایکانی ئاشتی لە باکووری کوردستان و زیندانیانی سیاسیی لە زیندانەکاندا دووپات دەکەینەوە، گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان دەبێتە تێکدانی ئاشتی و سەقامگیری لە چوار پارچەی کوردستاندا، هەروەها ئازادی ڕێبەری گەلی کورد دەبێتە ئاشتی و ئازادی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەرکی هەموو ڕێخراوە مرۆیی و نێودەوڵەتیەکانە پشتیوانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەن، هەموو گەلی کورد پێویستە بەرامبەر داگیرکەران ڕابووەستن بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.
هەروەها یەکێک لە پەرتووکەکانی ڕێبەر ئۆجالان بە ناوی "سیستمی زیندانی ئیمڕاڵی" خوێنرایەوە، کە لە بەشێکی پەرتووکەکەدا باس لە دیدارێکی ڕێبەر ئۆجالان دەکات و دەڵێت: "بەرخۆدانم لە ئیمڕاڵی، پەردە لادانم لەسەر پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی، شێوە پێدانێکی پارادایمە نوێیەکەم، کە لە بەرگرینامەکانمدا باسم کردووە، پڕکردنەوەی بۆشاییەکانە بەو تێزە نوێ و پێکهاتە ئایدۆلۆژییەی لە بابەتی هاوکاریدانم بە شۆڕشی جیهانی لە ژێر پاشماوە وێرانەکەی سۆسیالیزمی بونیادنراو دایە".
"٢٥ ساڵە پیلانگێڕی داگیرکەران بەردەوامە دژ بە گەلەکەمان و دێژترین ماوەی پیلانگێڕییە"
لە درێژەی مانگرتنەکەدا سیمینارێک پێشکەشکرا، تیایدا باس لە سیستمی زیندانی ئیمڕاڵی کرا و ئاماژە بەوەکرا، گەلی کورد توانیویەتی ئەو دیوە شاراوانەی هەیە ئاشکرای بکات، هەروەها دیوێکی شاراوەی ئەو پیلانگێڕیەی لەسەر ڕێبەر ئۆجالانە تا ئێستاش بە شاراوەی ماوەتەوە، ئەوەی گرنگە بۆ گەلی کورد پێداگری کردن و وەستانەوە بووە لە بەرامبەر ئەو پیلانگێڕییەی کە هەیە لە دژی گەلی کورد و ڕێبەری گەلی کورد، ٢٥ ساڵە پیلانگێڕی داگیرکەران بەردەوامە دژ بە گەلەکەمان و درێژترین ماوەی پلانگێڕییە کە بەرامبەر بە کورد و دۆزی کورد دەکرێت.