سەختی ژیانی ژنانی کرێکار؛ کاتێک کارکردن دەبێتە سزا و یاسا دەبێتە تەماشاکەر

لە ناو پەڕاوەکانی یاسادا مافی کرێکار پارێزراو دەبیندرێت، بەڵام لە ژیانی ڕۆژانەدا ئەم یاسانە بۆ ژنانی کرێکار نادیارن، لە بازاڕی کاردا تا ئێستا ژنان ڕووبەرووی بە موچەی کەمتر کارکردن، کاتژمێری درێژتر و نەپاراستنی کارکردن دەبنەوە.

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی_ لە بازاڕی کار، کرێکاران بە گشتی ڕووبەڕووی کەمبوونی مووچە، بێ‌پاراستنی یاسایی و بارێکی قورس دەبن، هەروەها ژنانی کرێکار زیاتر لە هەمووان ئەم بارە ڕووبەروویان دەبێتەوە ، کارکردن بە موچەی  کەمتر، کاتی کارکردنی زیاتر ئیشی قورس، مافی پێشێلکراو، دەنگیان لە سیستمێکدا ون بووە کە هێشتا ژن وەک کرێکاری  پلە دوو دەبینێت.

 

مافە سەرەکییەکانی کرێکار

 قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە: مافی کەمترین موچە، مووچەی کاتەکانی زیادە، و مووچەی یەکسان بۆ کارێکی یەکسان، ژینگەی کارکردنی پارێزراو: خاوەنکارەکان دەبێت شوێنی کارێکی دوور لە مەترسییە ناسراوەکان، ڕاهێنانی سەلامەتی دروست و ئامێری پاراستنی پێویست دابین بکەن، جیاکاری نەکردن و هەراسانکردن: پاراستن لە جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز، تەمەن، ئایین، کەمئەندامی، یان ڕەچەڵەکی نەتەوەیی.

 

کاتی کارکردن و پشووەکان: سنووردارکردنی زۆرترین کاتەکانی کارکردن و مافی پشوودانی پشوو و مۆڵەتی ساڵانە.

ئازادی کۆبوونەوە: مافی پەیوەستبوون یان پێکهێنانی سەندیکا و بەشداریکردن لە موزایەدەی دەستەجەمعی.

پاراستنی نهێنی و زانیاری: مافەکان سەبارەت بە نهێنی زانیاری کەسی و پزیشکی.

پاراستنی یاسایی: پاراستن لە دەرکردنی نادادپەروەرانە، تۆڵەسەندنەوە لە بەکارهێنانی مافەکان، و دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری یاسایی.

مۆڵەتی خێزانیی/پزیشکی: مافی پشوو وەرگرتن بۆ نەخۆشی کەسی، حاڵەتە فریاگوزاریەکانی خێزان، یان منداڵبوون/باوکایەتی.

 

ئەم مافانە زۆربەی کارمەندان دەگرێتەوە، هەرچەندە پارێزگارییە تایبەتەکان ڕەنگە بەپێی شوێن و پیشەسازی جیاواز

لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگە و هاتنەناوەوەی زیاتری کاری ژنان و هاوشانی پیاوان کار دەکەن بەڵام هاوشانی پیاوان نین لە وەرگرتنی ماف و دەستکەوتەکانیاندا، بە پێی کۆتا ئامار ژنان زیاتر لە ٪٤٠ ی هێزی کاری جیهانی پێکدەهێنن و ٪٦٠ بۆ ٧٠ یان سەرقاڵی کارێکی موچەن. سەرەڕای بەرزبوونەوەی بەشداریکردن، ژنان ڕووبەڕووی جیاوازییەکی بەردەوامی جیهانیی جێندەری دەبنەوە لە بەشداریکردنی هێزی کاردا بە بەراورد لەگەڵ پیاوان.

 

لە کاتێکدا بەشداریکردنی ژنان  لە کاردکردندا زیاترە لە چەند دەیەیەک لەمەوبەر،  لەگەڵ ئەوەشدا کەلێنییەکی بەرچاو ماوە کە بە نزیکەی ٥٠% بۆ ژنان لە بەرامبەر ٨٠% بۆ پیاوان لە ئاستی جیهانیدایە، سەرەرای هەموو پێشکەوتنەکان تا ئێستا ژنان کەمتر لە پیاوان داهاتیان هەیە، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە کەرتی نافەرمیدا کاردەکەن، کە  ئاسایشی کۆمەڵایەتی، پاراستنی کاریان نییە، و داهاتیان لە خوار کەمترین موچەوەیە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا سەرەڕای ئاستی خوێندنی باڵا، ژنان لە بەڕێوەبەرایەتی باڵادا نوێنەرایەتییەکی کەمیان هەیە ، نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی چاودێری بە نرخێکی گونجاو چاودێری منداڵان  بە نموونە بۆ ئەو ژنانەت کە بوونەتە دایک،  هاوکات هەندێک ناوچە لە ڕێگەی بازرگانییەوە دەرفەتەکان زیاتر دەبینن، بەڵام زۆرێک لە ژنان هێشتا ڕووبەڕووی بەربەستی بەرچاو دەبنەوە بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستە.

 

"یاسای باشمان هەیە بۆ پشتگیری کرێکار بەڵام کاریان پێناکرێت"

لەیلا کەریم حەمادی، ئەندامی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکاران وتی : بارودۆخی کرێکاران بە شێوەیەکی گشتی هیچ باش نییە و لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان، چونکە لە ئێستادا دەبینین کە بارودۆخی ئابووری عێراق بە شێوەیەکی گشتی و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان کە لە چ بارودۆخێکدان بە هۆی نەبوونی موچەوە، بەهۆی نەبوونی کار کردنەوە و وەستاندنی پرۆژەکانەوە، ئەمانەش بوونەتە هۆکارێکی گرنگ بۆ نەبوونی کار  بۆ کرێکاران، کرێکارانیش لەم دۆخەدا زۆر زەرەرمەند بوونە چونکە موچە دەبێتە هۆکاری بازارجوڵاندن لە ئێستادا دۆخی کرێکاران لە رووی موچە و بازارکردنەوە زۆر خراپە، گەورەترین کێشەی کرێکار وەستاندنی بازارە، وەستاندنی پرۆژەکانە ئەمانە هەمووی زەرەر و زیانێکی زۆر لە ژیانی کرێکار دەدات ، هاوکات  یەکێکی دیکە لە کێشەکانی کرێکار ئەوەیە کە یاسایەکی توندوتۆڵ نیە کە پشتی کرێکار بگرێت، هەروەها کاتێک کرێکار لە شوێنی کارەکەیان دوور دەخرێنەوە شوێنێکی دیکە نییە کە بۆی برۆن، ئێمە کۆمەڵێک یاسای باشمان هەیە کە پشتیوانی کرێکار بکەن بەڵام کێشەکەمان لێرەدا ئەوەیە کە ئەو یاسایەنە کاریان پێناکرێت، هەروەها یاساکان هەموار نەکراوەتەوە، پەرلەمان کارا نییە و حکومەت پێک نەهێنراوە، ئەمانە هەمووی بوونەتە هۆکاری ئەوەی کە پشتیوانییەکی بەهێزی کریکاران نەبێت، بەڵام لە ئێستادا ئێمە وەک سەندیکای کرێکاران کۆڵمان نەداوە لەوەی بەردەوام پشتیوانی کرێکار بکەین و پارێزەرێکی باشی کرێکار بین، ئێمە هەمییشە دەرگامان کراوەیە بۆ ئەو کرێکارانەی کە تووشی گرفتێک دەبن یاخود لە شوێنی کارەکانیان لادەبرێن ئێمە بە پێ توانا و بە پێی یاساکان  و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار کار بکەین بۆ ئەوەی ئەو کرێکارانەی کە لە شوێنی کارەکەیان دوور خراونەتەوە بتوانین بیانخەینەوە شوێنی کارکردنیان، یاخود ئەگەر موچەیان کەمکراوەتەوە بۆیان بگەرێنینەوە.

 

"لە شوێنی کارەکان ژنان هەراسان دەکرێن"

لەیلا کەریم حەمادی لە بارەی جیاوازیکردن لە نێوان کرێکارانی ژن و پیاودا وتی : ئێمە ئەگەر بڕۆینەوەی سەر یاساکە، یاسایەکی تەواو هەیە و بڕگەیەکی باش هەیە کە مافی ژنان دەپارێزێت، بەڵام بە پێچەوانەی یاساکەوە دەبینین لە شوێن کارەکاندا ژنان هەراسان دەکرێن و جیاوازیەکی زۆر دەکرێت لە نێوان ژنان و پیاواندا، لەبەر ئەوەی کە ژنان بەردەوام بێدەنگ دەبن لە ئاست پێشێلکردنی مافەکانیاندا ، ئەگەر چی گرێبەست بێت و موچەکانیان هاوتا نەبێت لەگەڵ پیاواندا و بڕەکەی زۆر کەم بێت، هەرچەندە هەموو ئەمانە دەگەرێتەوە بۆ هۆشیاری و شارەزایی کەسەکە خۆی  کە دەچێتە هەر کارێکەوە پێویستە مافەکانی خۆی بزانێت بە پێی برگە و یاساکان، هەروەها دەبێت گرێبەست هەبێت لەگەڵ خاوەنکاردا، گرێبەستەکەش دەبێت بخوێنێتەوە پێش واژۆ کردن و دەبێت نوسخەیەک لای هەردوولا هەبێت، ئێمە کێشەی ئەوەمان هەیە کە ژنان دەچنە شوێن کارەکانیان لە ئەگەری ئەوەی کارەکانیان بە دڵ نەبێت بەڵام لە ناچاریدا کارەکە دەکەن و لەگەڵ ئەوەشدا گرێبەستیان نییە، دواتر کێشەیان بۆ دروست دەکەن، هەروەها گرەنتیشیان بۆ ناکەن، لەم ماوەیەی دوایدا چەندین ژن هاتن بۆلامان و سکاڵایان تۆمارکرد کە چەندین ساڵە کار دەکەن لە کۆمپانیایەک و زەمانیان بۆ نەکراوە، بەڵام بەداخەوە بە بڕە پارەیەک بێدەنگ دەکرێن و پێیان دەوترێن کە بڕۆنەوە سەر کارەکانیان و هیچ یەکسانییەک نییە و ژنان ناچارن کە لەبەر بوونی کار و پێویستیان بە کار بەو شێوازە کارکردنە قایل بن، لە زۆرینەی شوێنەکان جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان موچەی ژنان و پیاواندا.

 

"نا‌هێڵن ژنان بگەنە پلەو پۆستی بڕیاردان"

لەیلا کەریم حەمادی وتیشی : ئێمە ناتوانین هەموو کەسەکان خراپ بکەین و دەبینین لە هەندێک شوێندا بە پێی لێهاتوویی و ئەزموونی کەسەکە کاردەرکرێت و چەندین ژن دەبینین کە زۆر بەهێزن و بە سەرکوتووی کارەکانیان ئەنجام دەدەن،و هەموو بەهرە و توانایەکی هەیە کە بەریوبەرایەتیەکی زۆر باش ئەنجام بدات، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لە هەندێک شوێندا بە هۆی کەسانی چواردەور و رەگەزی بەرامبەرەوە ناهێڵن کە ئەو ژنە بە توانایانە بگەنە پلەو پۆستی بریاردان،  موچەیەکی گونجاو بە تواناکانی هەبێت. من دەڵێم ئەم جیاوازی و ڕێگرییە لە زۆرینەی شوێنەکان هەیە و لە کەمترین شوێنەکانە کە ژن بە ماف و توانای خۆی و بە یەکسانی کار بکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک شوێنی دیکە هەیە بەداخەوە بە پێی ڕووخساری کەسەکە بریار دەدات نەک بڕوانامەو توانای کەسەکە، رەنگە موچەکەی لە کەسانی دیکە زیاتر بێت کە خاوەنی بەهرە و ئەزموونێکی زۆر زیاترن، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وەک سەندیکای کرێکاران و بە هەمان شێوەی ئەوەی کە مافپارێزی هەر کرێکارێکین ژن بێت یاخود پیاو بێت بێ جیاوازی، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بەشی ژنانمان هەیە و هەر ژنێک ڕووبەرووی هەر کێشە و گرفتێکی هەبێت دەتوانێت بێت سکاڵا لای ئێمە بکات ، ئێمە بە نهێنی بەدوادا چوونی بۆ دەکەین و ناهێڵین لە باری خیزانی و کۆمەڵایەتی کێشەی بۆ دروست بکات و ئەگەر لە ڕووی یاساییەوە پێویستی بە پارێزەر بوو ئێمە بۆی دابین دەکەین، بە پێی یاسا هەموو مۆڵەتەکان ڕێکخراوەو بەتایبەت مۆڵەتی دایکایەتی و مۆڵەتی دووگیانی کە هەندێک لە ژنان دەکەونە باردۆخێکی ناهەمووار و سەختەوە، ئەمەش بە هەمانشێوە دوو لایەنەیە لە هەندێک شوێندا یاساکان پەیڕەو دەکرێت، هەندێک شوێنمان هەیە کە ئەو یاسایانە پێشێل دەکەن، کە کاتێک مۆڵەتی دایکایەتیەکەی وەرگرتووە دواتر پێیان وتوە کە کارەکە نەماوەو کەسێکی دیکەیان داناوە، ئەگەر لەو شوێنانە گرێبەست هەبێت یاخود بە پێی یاساکە کاری کردبێت خاوەنکارەکە، یاخود ئەگەر دایکەکە مافەکانی خۆی و یاساکان بزانێت دەتوانێت کە مافەکەی خۆی بگەرێنێتەوە.

 

"ژنان لە کارکردن باشترو وردتر قوڵ دەبنەوە"

لەیلا کەریم حەمادی ئاماژەی بەوەشکرد، ژنانی سەندیکار کرێکاران هەموویان ژنانی بەتوانان و  هەمووژنەکان ئەوانەی کاری مەیدانی دەکەن یاخود لە ناو ناوەندا کار دەکەن، ئەگەر هاوکارەکانمان لە رەگەزی بەرامبەرمان لێمان زویر نەبن دەیڵێم کە ژنانی سەندیکای کرێکاران زۆر لە پیاوەکان باشتر و بەتواناترن، ئێمە داوا دەکەین لەمەو دوا باشتر ژنان بێنە مەیدانی کارەوە و بەو بەهرەو توانایانەی کە هەیانە دەتوانن سەندیکا، رێکخراو ولیژنەو شوێنە جیاوازەکان بەرێوە بەرن و دەبێت ئەو مافەیان پێبدرێت، ژنان بەردەوام زۆر باشتر کار دەکەن وردترن، باشتر لە کێشە و گرتفەکانی کارکردن دەزانن، زۆر زیاتر قوڵ دەبنەوە لە کارەکانیاندا، کارکردنی ژنان بەردەوام ڕۆژانە روو لە زیاد بوون دەکات و ئێستا ژنان لە رێگەی ئۆنلاینەوە لە ماڵەکانیاندا کار دەکەن، ئەمە بەهیزی ژنان پیشان دەدات و کە چوونەتە مەیدانی کاردن و ئەو شەرمەیان شکاندووە کە ناتوانن کار بکەن، ئێمە لە هەموو بوارەکاندا لە ژنانمان زۆرە، بەلام لەگەڵ ئەوەشدا مافەکانیان خوراوە ڕاستە هەندێک ژن دەڵێت من ناچمە دەر لە ماڵەکەمدا کار دەکەم چونکە ترسی هەیە کە بچێتە دەرو مافەکانیان نەدرێت و پێشێل بکرێت.

 

"لە سەندیکا بەشی تایبەت بە ژنان هەیەو لەکاتی کێشەو گرفت دەتوانن ئاگادارمان بکەن"

لەیلا کەریم حەمادی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی:لە ماوەی ڕابردوودا ژنێکی دووگیان لە شوێنی کارەکەیدا گیانی لەدەستدا، روحی شاد بێت و بەداخەوە هەرچەندە خۆی کاری دەکرد لە بەشی توندروستیدا، دەبێت لە هەموو شوێنێک پارێزراوی کرێکار لە پێش هەموو شتێکەوە بێت، ئێمە لیژنەی سەلامەتیمان هەبوو لە لیژنەکانی قایمقامیەتدا کە ئەمانە پێش رووداوەکان دەکەوتن وسەردانی هەموو شوێنەکانمان دەکرد و ئەو شوێنەی بمانزانیایە کە  ئەگەری هەیە لە دوارۆژدا توشی کارەساتێک بێت ئەوا ئاگادارمان دەکردن کە هەموو شتەکان چاک بکەن و ئەمانە دەبنە هۆکاری بریندار بوون و گیان لەدەستدان و لەگەڵ ئەوەشدا دووبارە و سێبارەمان دەکردەوە بەردەوام سەردانمان دەکرد تا هەموو کەمو کورتیەکانیان چاک دەکرد، ئەم یاسایانە  لە هەموو شوێن کارەکاندا دەبێت پەیڕەو بکرێت بۆ پارێزراوی گیانی کرێکاران و لە هەندێک شوێندا پەیرەو ناکرێت و بەداخەو کارەساتی ناخۆشی لێدەکەوێتەوە، لە کۆتاییدا پەیامم هەیە بۆ کرێکاران و بەتایبەت کریکارانی ژن ، کە لە سەندیکای کرێکاراندا بەشێکی تایبەت بە ژنان هەیە، بەدواداچوون بۆ مافەکانی ژنان دەکات داوا دەکەم کە هەر ژنێک رووبەرووی هەر کێشەو گرفتێک دەبێتەوە لە شوێنی کارەکەیدا ڕووبکاتە لای ئێمە و بە دڵنیایەوە بێ بەرامبەر و بە نهێنی بە دواداچوون بۆ کێشەکەی دەکەین و چارەسەری دەکەین.