شیرین عەبادی: یونیسێف لە ئاست پێشێلکارییەکانی مافی منداڵان لە ئێران بێدەنگ بووە

شیرین عەبادی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ڕەخنەی لە بێهەڵوێستی و بێدەنگی نوسینگەی یونیسێف لە ئێران سەبارەت بە پێشێلکارییە قورسەکانی مافەکانی منداڵان لەوان لەسێدارەدانی منداڵان گرت.

ناوەندی هەواڵ

 

شیرین عەبادی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە ساڵی ٢٠٠٣، نامەیەکی بۆ سەرۆکی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) ناردو نیگەرانی خۆی سەبارەت بە ئەدای ئەو ڕێکخراوە لە ئێران دەربڕی.

 

جەختی لەوە کردەوە کە نوسینگەی یونیسێف لە ئێران ساڵانێکە لە بەرامبەر پێشێلکاری بەربڵاوی مافەکانی منداڵان بێدەنگ بووە و نەیتوانیوە بە پێی ئەرکی یاسایی خۆی هەنگاوی کاریگەر بگرێتەبەر.

 

لە نامەکەدا هاتووە: زۆر حاڵەتی پێشێلکردنی مافەکانی منداڵان لە ئێراندا، لەوانەش لەسێدارەدانی منداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ، بێبەشکردنی خوێندنی کوالیتی، ناوەڕۆکی کتێبی دەرسی هەڵاواردن، و پشتگوێخستنی تەندروستی منداڵان، بە یونیسێف دراوە بەڵام نەیتوانیوە وەڵامی پێویست بداتەوە. بێدەنگی ئەوان بە هۆکاری نیگەرانی دەزانم، بۆیە ئەم نامەیە بۆ بارەگای ڕێکخراوەکە دەنێرم، نەک نوسینگەی نوێنەرایەتییەکەی لە ئێران.

 

نموونەیەک لە پێشێلکردنی مافی منداڵانم بیر دێتەوە کە نیما خەندان تەمەن ١٧ ساڵ کچی چالاکوانان نەسرین سۆتودە و ڕەزا خەندان بە پشتبەستن بە سکاڵایەکی زیندانی ئێڤین ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کرا. نەسرین سۆتودە ئەو هەنگاوەی بە فشاری سیاسی لەدژی بنەماڵەکەی پێناسە کرد.

 

دەسەڵاتدارانی ئێران دەبێت پابەند بن بە ڕێکەوتننامەی نێونەتەوەیی مافی منداڵان و یونیسێفیش دەبێت ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان لە ئێران جێبەجێ بکات و لە بەرامبەر پێشێلکاریی سیستماتیکی ئەم مافانە بێدەنگ نەبن.

 

شیرین عەبادی چالاکوان کۆپییەکی نامەکەی بۆ نوسینگەی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ و کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئێران ناردووە.