شەڕی ناوخۆیی سودان لە ساڵێکدا بووەتە هۆی برسێتی، هەراسانکردن، گیان لەدەستدان

لە سودان، بەهۆی شەڕەوە کە ماوەی ساڵێکە بەردەومە، ژنان ڕووبەڕووی هەراسانکردن، ڕفاندن، هەڕەشەکردن، برسێتی و نەخۆشی پێست دەبنەوە.

سەلما ڕەشید

 

سودان- شەڕی ناوخۆی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە پێشتر سەر بە سوپا بوو لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣دەستیپێکرد و بووە هۆی گیان لەدەستدانی بەلایەنی کەمەوە ١٤ هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس، وەک هەموو جەنگێک، ئەم جەنگە کاریگەری لەسەر زۆرێک لە ژنان و منداڵان هەیە.

 

ئەو شارانەی کە وێرانکراون، ژنان ڕفێندران و هەراسان کران، هێشتا ڕوون نییە ئەو شەڕە چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر ئەو وڵاتەی کە ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورەی برسێتی دەبێتەوە، سولەیما ئیسحاق، بەڕێوەبەری یەکەی نەهێستنی توندوتیژی دژ بە ژنان وتی: ژنان و منداڵانی کچ ڕووبەڕووی توندوتیژی و هەراسانکردن دەبنەوە و ژیان ڕۆژ بە ڕۆژ سەختتر دەبێت.

 

ئاماژەی بەوەکرد، ئاسایشی ژنان  نەک تەنها لە شەقامەکانی سوداندا نییە بەڵکو لەناو ماڵەکانیشدا نییەو ئەو پێشێلکارییانەی ژنان تێیدا دەژین بە ژماردن کۆتایی نایەت، ئەمە لەکاتێکدایە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکاندا، نابێت زیان بە هاوڵاتیانی مەدەنی بگەیەندرێت، ئەو کەسانەی کە لە ژیاندا ماونەتەوە دەبێت خزمەتگوزاری تەندروستی و ئاسایشیان پێشکەش بکرێت.

 

"ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی لەلایەن سەربازەکانەوە دەبنەوە"

سولەیما ئیسحاق ڕایگەیاند، ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی دەبنەوە لەلایەن هێزە سەربازییەکانەوە لەسەر شەقامەکان و لە ماڵەکاندا، هەروەها نەخۆشییەکانی وەک ئایدز و هەوکردنی جگەری جۆری C لەو ژن و منداڵانە تۆمارکراوە کە هێرشیان کراوەتەسەر، کاتێک جەنگ دەبێت خێزانەکان کچەکانیان دەدەن بە خێزانەکانی تر بۆ پارە. لەگەڵ داڕمانی ئابووری ژنان و منداڵانی کچ  زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

 

ژنان بە شێوەیەکی توندوتیژ لە شوێنی خۆیان دوور خراونەتەوە

سولەیما ئیسحاق وتی: ئێمە بە بەڵگەنامە چاودێری ڕووداوە توندوتیژییەکان دەکەین، زۆربەی ڕووداوەکانی توندوتیژی لە ماڵەکاندا ئەزموون دەکرێن، ژنان بە دوای شوێنی سەلامەتتردا دەگەڕێن ئەو ژنانەی کە شوێنەکانی خۆیان جێهێشتووە بۆ کوێ دەچن؟ لەم بارەیەوە، هەوڵ دەدەین پشتگیرییان بکەین، لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی کار دەکەین، بەڵام ئەمە بەس نییە، لەبەر ئەوەی ئێمە لە بارودۆخێکی سەختدا کار دەکەین بەبێ ئاسایش و ئابووری.

 

"هیچ پەناگەیەک ئامادە نەکراوە بۆ پاراستنی ژنان و منداڵان"

 

سولەیما ئیسحاق ئاماژەی بەوەدا کە پەناگەی کاتی یان ئەو شوێنانەی کە بە "خاڵی کۆبوونەوە" ناسراون هەروەها ئەو کەمپانەن کە خوێندکارانی قوتابخانە و زانکۆ تێیدا دەژین و وتی: وەک دامەزراوەیەک، ئەو شوێنانەی کە ئامادەن بۆ پاراستنی ژنان و منداڵان ستانداردی ئاسایشیان نییە، لە پەناگەکاندا بارودۆخەکە خراپتر بووە لەگەڵ زیادبوونی گۆڕانی ژینگەیی و کەشوهەوا، یارمەتییە بنەڕەتییەکانی وەک خۆراک و ئاوی خواردنەوە لەلایەن دامەزراوە ناوخۆییەکان و لیژنەکانی فریاکەوتن جێبەجێ دەکرێن، بەڵام ئەمە بەس نییە، بارودۆخی ژنان و مندالان  ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت.