لە یەمەن لە هەر ١٣ خولەک جارێک منداڵێک گیان لەدەست دەدات

لەئەنجامی ئەو نەخۆشیانەی کە دەتوانرێت بە ڤاکسین چارەسەر بکرێن یان ڕێگرییان لێبکرێت، ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکردووە لە یەمەن لە هەر ١٣ خولەکێکدا منداڵێک گیان لەدەست دەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان 'یونیسێف'، لە ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەیدا کە بڵاویکردەوە، ٤١ هەزار منداڵ لە یەمەن لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا لە ئەنجامی نەخۆشییەکان کێشەیان بۆ دروست بووە.

 

بەگوێرەی ئاماری سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان 'یونیسێف'، بەشێکی زۆر لە منداڵانی یەمەن لە ئەنجامی تووشبوون بە نەخۆشییەک کە دەتوانرێت چارەسەر بکرێن یان خۆیانی لێ دوور بخەنەوە، ژیانی خۆیان لەدەست دەدەن، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر ١٣ خولەک جارێک منداڵێک ژیانی لەدەست دەدات.

 

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، لە یەمەن زیاتر لە ٦٢ هەزار حاڵەتی کۆکە، سورێژە و ئیفلیجی منداڵان ڕوویداوە، بەهۆیەوە سەدان کەس گیانیان لەدەست داوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە حاڵەتەکانی ئیفلیجی منداڵان لە ناوچەکانی باکووری ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان ڕوو لە زیادبوون دەکەن، هاوکات لە شارەکانی باشوور کە حکومەتی شەرعی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.

 

ڕاپۆرتەکە دووپاتی کردەوە کە هەر منداڵێک کوتانی بۆ نەکرێت ڕووبەڕووی گرفتی تەندروستی دەبێتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ڤاکسینەکان ژیانی منداڵان ڕزگار دەکەن و ئابووری یەمەن دەپارێزن.

 

یونیسێف داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانی کرد بۆ باشترکردنی دۆخی تەندروستی منداڵان لە یەمەن، کە بە 'کارەساتبار' پێناسە دەکرێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەموو منداڵێک لە یەمەن دەستی بە ڤاکسین بگات لە هەر شوێنێک بێت و ئەمەش پێویستی بە پشتیوانیکردنی سیستەمی چاودێری تەندروستی و دابینکردنی سەرچاوەی پێویست بۆ گەیشتن بە ناوچە دوورەکان هەیە.